تۆ بـاوەڕی

قادر ژەوان

تۆ باوەڕی رێی هەواری،
گەرمێن و كوێستانی
شوانكارانی!
هەنگاوان خۆش دەكەی.
زەردەی ئاسۆ و
خۆر هەتاوی …بەر بەیانی!
تاریكی فەرامۆش دەكەی،
سەرەتای بەهاری سەوزی
چرۆی گڵۆفكی دارانی!
راونەری تۆف و زریان و …
سەرماو كڕێوەی زستانی!
تۆ نەورۆزی…
سامی دڵی گۆڕستانی!
تۆ زەنگی كاروان و …
مژدەی سەر قەتاری!
لە دەفەی سینگی نیوە شەودا …
بەرەو گوێچكەی كەسێكی …
شەونخونیكێشا..!
تەپڵی سەركەوتن. لێدەدەی!
ئەتۆ بۆنی …
شەمامۆكەی دەستی،
كیژۆڵەی بێستانەوانی!
خڕو خۆڵی …
خۆشی نێو گۆلم و مستانی!
تۆ قەقنەسی ..!!
لە گڕكۆی دۆزەخدا
گەرا دەنێی!
هەر كەزانیت …
مردن بە دواتا رادەكات
لە بەهەشتا خۆت گڕ دەدەی!!
بە ئەسپایی دەسووتێی و …
چاوی خەواڵوت لێكدەنێی!
كە خۆڵەمێشەكەت …
لە جیهانێكی تازەدا!
زیندو دەبێتەوە …
گیانێكی دی وەبەر دەنێی!