داستان بەرزان: شانۆ و شیعر بەشدارن لە دروستکردنی کیانمدا و ئەوان نەبوونایە بە ئێستا نەدەگەیشتم

شانۆکار و شاعیر داستان بەرزان لەم دیدارە کورتەدا باس لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ژانرە ئەدەبییەکاندا دەکات و ئەو بە ڕاشکاوانە ئەوە دەخاتەڕوو کە ماڵی هەمیشەیی ئەو لە هیچ کام لەو ژانراوەدا نییە و ئەو گەڕیدەیەکی بێ ماڵە کە هەر جارەی لای یەکێک لە ژانرەکان ئارام دەگرێت. سەبارەت بە کاریگەرترین ژانریش لەسەری ئەو دەڵێت: “شانۆ و شیعر بەشدارن لە دروستکردنی کیانمدا و ئەوان نەبوونایە بە ئێستا نەدەگەیشتم”. سەبارەت بە پەیوەندی خۆیشی بە نووسینەوە دەڵێت: “نووسین ئێمەیەکی دیکەین، ئێمەیەکی فەرامۆش، ئێمەیەکی پەنهان، بەڵام مەرج نییە ئەو ئێمەیە هەمان ئەوە بێت کە لەسەر گۆڕەپانی ژیان هەین”.

*سێکس بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان و ئەمەش ئاساییە بێتە نێو ئەدەبەوە، بەڵام لەم کتێبە نوێیەتدا، هەست بە جۆرێک لە پۆڕن دەکەم نەک تەوزیفی سێکسی، ئەمە پەیوەندی بە دونیاکەوە هەیە، کە بەرەو ئەوە ملدەنێ، یان ویستی کارکردنی خۆت وەهایە؟

  • سێکس لەم سەردەمەدا ئەوەندەی کردەیەکی پۆڕنە ئەوەندە ئیرۆتیک نییە، واتە سروشتی سەردەمەکە وەهایە، بەوپێیەی تیرۆتیک پەیوەستە بە ئیرۆسەوە و ئەم سەردەمەش کەمترین بواری بۆ ئیرۆس هێشتۆتەوە، ئەوەشی وەک پۆڕن دێتە پێشچاو لە نووسینی مندا بە ئەنقەست نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو زمانەوە هەیە کە من پێموایە دەبێت ئازا و ئازادانە کاری پێبکرێت، نەک ترسنۆک و لەرزۆک و درۆزن و فریودەر، من بڕوام بە زمان هەیە لە ئەوجی ڕووتی و قوڵایی خۆییدا، هەرگیز تاقەتی ئارایشتی زمانم نییە، تەنانەت ئەگەر بمزانییایە نووسین لە بواری ئەدەبدا ئەوەندە سنووردارە کە بوار نادات زمان وەها بێپەردە و پەتی کار بکات، ئەوا پێگومن نەمدەنووسی، من مرۆڤێکم گیانم بڕیەتی لە شتی شاراوە و خەفەکراو، بۆیە بۆ من زەحمەتە لە نووسینیشدا هەمان ئیش لەگەڵ خۆمدا بکەم.
    نووسین ئێمەیەکی دیکەین، ئێمەیەکی فەرامۆش، ئێمەیەکی پەنهان، بەڵام مەرج نییە ئەو ئێمەیە هەمان ئەوە بێت کە لەسەر گۆڕەپانی ژیان هەین، ئەوانەشی من بناسن، زۆرجار دەڵێن: تۆ و نووسینەکانت نێوانتان زۆر هەیە، هەروەکچۆن هەشیانە دەڵێن: هەمان مرۆڤی ناو نووسینەکانتی، بەڵام هیچیان شتێک لە من ناگۆڕن، چونکە من هەر ئەوەم کە هەم.
    *بە شیعر دەستت پێکرد لەوێوە بۆ چیرۆک و یادداشتە رۆمان و لەوێشەوە بۆ ڕۆمان، ئەمە بێجگە لەوەی خۆشت دەرهێنەر و شانۆکاریت. بەڵام لاموایە ماڵی ڕاستەقینەی تۆ لەنێو شیعردایە نەک ژانرەکانی دیکە، من زیاتر دەنگی تۆ لەوێدا دەبیستم و لەوێدا دەنگت کاریگەرترە؟
  • پێمخۆشە شیعری من کاریگەریی هەیە لەسەرت، بەڵام ڕاستت دەوێت ماڵی ڕاستەقینەی من لە هیچ کوێ نییە! من لەم ژیانەدا خۆم وەک بوونەوەرێک دەبینم ڕێگای وێڵ کردبێت، یان گەڕیدەیەکی هەمیشەیی کە هەر جارەی گیانی بە شتێکەوە ئۆقرە دەگڕیت و هێندە نابات دەستبەرداری ئەو شتە دەبێت و دەکەوێتەوە گەڕان، لە ئاکامدا بۆ من چێژی نووسین لەو گەڕانە بەردەوامەدایە، نەک یەکلاییبوونەوە بۆ بوارێک، هەموو ئەو بوارانەی ناوتهێناون بۆ من گرنگن و بەهای مانەوە لە ژیاندا بە من دەبەخشن، هیچیان لای من شتێکی سادە و سەرپێی نین، بە تایبەت شانۆ و شیعر بەشدارن لە دروستکردنی کیانمدا و ئەوان نەبوونایە من تاکو ئێرەم نەدەهێنا، هەروەکچۆن ژانرەکانی دیکەش دەستگیرۆیی گەورەی منیان کردووە بۆ ئەوەی هەندێک لەوەی لە دەنگەکەی دیکەی ناوەوەم دەردەچێت -زۆرجار هەست دەکەم مرۆڤێکی دیکەیە و زۆرجاریش خودی خۆم- بێتە دەرەوە.
    گەڕانی من لە زۆر بواردایە، من بڕوام وایە مرۆڤ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، پێویستە بەردەوام بگەڕێت. گەڕانێکی پڕ لە سەرکێشی، چونکە ئەوەی مانایەک بە مرۆڤ دەدات سەرکێشییەکانییەتی، نەک ئەو ساتانەی جەستە و مێشکی خەواندووە و وەک مەڕێکی نەخۆش لۆژەی دێت.
    ئەوانەی لەو بوارانەدا نووسیوومن وەک شانۆ ئەنجامم داون، هیچیان لە خۆوە و بەبێ هۆکار نەبوون، هەروەک چۆن هیچیان بەبێ ئاگایی و تێگەیشتن لێیان کارم تێدا نەکردوون، خاڵی کۆتایی ئەوەش خوێنەر و بینەر یەکلایی دەکاتەوە کە کامیان لای ئەو پەسەندن، بەڵام بە خۆم بێت حەزەکەم تابلۆش بکێشم، تابلۆی سەگێک بە چۆلەکە بچێت، پەیکەریش بەڵام بە لمی ڕۆخی دەریا، ئارەزوو دەکەم گۆرانیش بڵێم بەڵام گۆرانییەکی جیاواز، ئومێدەکەم سەماش بکەم، بەڵام سەمایەکی بێپەروا ئازاد، جارجارەش ئەگەر ڕۆڵێکی شیاو بە خۆم هەبوو بیگێڕم، نێوانی خۆمان بێت هەندێکجار ئەوانەش دەکەم…
ھەواڵی زیاتر