ترپەی پێی باران

خدر گوڵانی

کە سەر بەسەری
دێڕە شیعرێکی دڵشکاودەکەم
دەروونم پڕدەبێت لەعەتف و،
گەرووم مۆلەق دەبێ لە هەنسک
کەدەستیشم دەنێمە ژێرچەناگەی
داڵغەیەکی خووگرتووم،
لەناو تارمایی مەرگی بێنازی
دیوانێکی تۆز لێنیشتوودا
ون دەبم!
کاتێک تامەزرۆیی وشکەساڵیی
پێدەشتی شەقار شەقار بووی رۆحم
چاوەڕوانی داکردنی
ڕێژنەیەکی دوا ئومێدە
لەبەهارێکی نیوەچڵدا
ئیدی مەپرسە لە کڵۆڵیم
مەگەر هەرخۆم بزانم
لەکوێی ئەم سەڕابەی
ژیاندا دەکەومە ژێر پێخوستی
نەمان و فەرامۆشی!
من ئولفەتم بە ترپەی پێی
بارانەوە گرتووە
دەمەوێ دڵۆپ، دڵۆپ
ئەو قەسیدەیە بنووسمەوە
کەلەناو چەخماخەی هەوردا
لەژێر بارگە هەوای دوو شەپۆلدا
دەڕژێتە ناو خەیاڵی شیعرمەوە
تابتوانم تانو پۆی تەونی ئومێدێک
ڕایەڵ کەمەوە بۆ نیشتمان
وەلێ ئەفسووس
ئێرە مەملەکەتی دڵشکانە، دڵشکان
کێ دەتوانێ ئەو هەموو
تێکشکانە کۆکاتەوە ؟
کێ دەتوانێ ئەو هەموو
ترازانە لەنیشتمان گرێداتەوە؟

ھەواڵی زیاتر