گەشەسەندنی ڕۆمانی عەرەبی و لە ڕێڕەوی بەجیهانیبوونیدا

ئەدەب وەک شێوازێکی باڵا بۆ دەربڕین و ڕۆمان وەک ژانەرێکی ئەدەبی، شێوازێکی باوی سەردەمی مۆدێرنە بۆ دەربڕینی مرۆڤ، ئێستا باڵادەستییەکی فراوانی بەسەر کایە ئەدەبییەکانی دیکەدا هەیە و بە هۆی بەکارهێنانی شێوازە نوێیەکانی تەکنیک و چنینەوە، هەروەها بەهۆی شێوازی ژیرانەی دەستبردنی بۆ ڕەهەندەکانی ژیان و ڕۆچوون بە قووڵایی هەست و نەستی مرۆڤدا توانیویەتی ژمارەیەکی زۆری خوێنەر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. لەم نێوەندەدا ڕۆمانی عەرەبی لە بیست ساڵی کۆتاییدا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە و چۆنێتی و چەندێتی نووسەران و بەرهەمەکانیان بەردەوام لەبرەودایە.

ئەگەر بە مێژوودا بگەڕێینەوە دواوە تا دەگەینە سەردەمی دەوڵەتی عەباسی، دەزانین لەو سەردەمەدا چیرۆکگەلی گرنگ سەریان هەڵداوە و لە نێو خەڵکدا بڵاو بوونەتەوە، وەک “کلیلە و دیمنە”، کە عەبدوڵڵای کوڕی موقەفەع کردوویەتی بە عەرەبی. هەروەها لە سەدەی سێیەمی کۆچی چیرۆکەکانی شەهرەزاد و هەزار و یەک شەوە لە ڕۆژهەڵات بڵاو بوونەتەوە و کەوتوونەتە سەر زاران؛ پاشان لە ڕۆژئاواش بڵاو بوونەتەوە و میللەتانی ڕۆژئاواییش پێشوازیی باشیان لێ کردووە و بۆ هەموو زمانەکانی سەر گۆی زەوی وەرگێڕدراوە. ڕەنگە کتێبخانەی هیچ قوتابخانەیەک، یان زانکۆیەکی ئەوروپی نەبێت کتێبی “هەزار و یەک شەوە”ی تێدا نەبێت، کە لە عەرەبییەوە بۆ سەر زمانەکانی تر وەرگێڕدراوە؛ ئەمەش بەهۆی چێژبەخشی بابەتەکانی و نزیکی لە هەستی مرۆڤ و جوانی سەبکییەوە و جیاوازی کەشەکەی و چیرۆکە خەیاڵییەکانییەوە بووە. ئەگەر ڕۆمانی “أم حکیم”ی ڕۆماننووسی فەلەستینی موحەمەد کوڕی شێخ تەمیمی هەڵاوێرد بکەین، کە لە سەدەی نۆزدە بڵاو بووەتەوە، دەکرێت زەینەب فواز وەک یەکەمین ڕۆماننووس ئاماژە پێبدەین، کە لەم بوارەدا بە ڕۆمانی “حسن العواقب، أو غادە الزاهرە” دەرکەوت، کە ساڵی ١٨٩٩ بڵاو بوویەوە. دواتر لەبیبە هاشم ڕۆمانی “قلب الرجل”ی لە ساڵی ١٩٠٤ بڵاو کردەوە، هەروەها عەفیفە کەرەم ڕۆمانی “بدیعە وفۆاد” لە ساڵی ١٩٠٦ بڵاو کردەوە.
دەکرێت بەرهەمی ڕۆماننووسانی عەرەب بەگوێرەی چەند قۆناغێکی زەمەنی و بایەخ و کاریگەرییان بەمجۆرە دابەش بکەین:

  1. قۆناغی نەریتی (1800 – 1900)
    ئەم قۆناغە بەوە ناسراوە، کەلەپووری کۆنی نەتەوەیی عەرەب و کەشی مێژوویی زاڵە بەسەر مەتنی گێڕانەوەکاندا. لە نموونەی ئەم قۆناغە ڕۆمانی “حسن العواقب، أو غادە الزاهرە”ی زەینەب فەواز.
  2. قۆناغی بونیادنان (1900 – 1950)
    لەم قۆناغەدا هەوڵەکانی بونیادنانی ڕاستەقینەی ڕۆمانی عەرەبی نوێ دەستی پێکرد، کە دۆخێک بوو لە نێوان پەرش و بڵاوی و پابەندنەبوون بە بنەماکانی ڕۆمانی نوێی دەستپێکی جەنگی جیهانی دووەم لە لایەک و هەوڵدان بۆ پابەندبوون بە بنەما و ڕەگەزەکانی هونەری ڕۆماننووسین لە لایەکی تر. لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەم کۆمەڵێک لە ئەدیبەکان بە نووسەر و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی کاریگەر بوون و ئەو هونەرانەی ئەوان لە کارەکانیاندا ڕەنگی دایەوە. کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەی ڕۆمانی “زینب”ی محەمەد حسێن هەیکەل (١٩١٤) دەسپێکی ڕاستەقینەی ئەم قۆناغەی ڕۆمانی عەرەبی بێت. ئەوەش بەو پێیەی ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە دانانی بەردی بناغەی ئەم قۆناغە.
  3. قۆناغی هەستانەوە (1950 – 1970)
    لەم قۆناغەدا ڕۆماننووسان پێداچوونەوەیان بە ڕەوتی ڕۆمانی عەرەبیدا کرد؛ ئەو ڕەوتەی پێش نسکۆی حوزەیران و شکستە گەورەکەی عەرەب لە ساڵی ١٩٦٧ باڵی بەسەر دنیای ڕۆمانی عەرەبیدا کێشابوو. لەم قۆناغەدا شێوازگەلی نوێی ڕۆمان پەیدا بوون، لە ڕووی چنین و پاڵەوان و تەکنیک و گێڕانەوەی مێژووییەوە هەڵگری مەیلی شۆشگێڕانە بوون بەسەر شێوازە کۆنەکاندا. نەجیب مەحفووز لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە، دواتریش ڕۆمانووسی دیکەی نوێخواز خۆیان لەو ڕوانگە نەریتییەی ڕۆماننووسین دەرباز کرد.
  4. قۆناغی گۆڕان (١٩٧٠ – ١٩٩٠)
    ئەم قۆناغە چەندین جۆر ڕووداو و شکستی بەخۆوە بینی، وەک جەنگی ئۆکتۆبەر، ڕێککەوتنی کامپ دەیڤد، جەنگی ناوخۆیی لوبنان، کوشتارگەکانی سەبرا و شاتێلا، جەنگی عێراق-ئێران، ڕاپەڕینی یەکەمی فەلەستین. هەموو ئەم ڕووداوانە لە ڕووی بابەت و خستنەڕوو و تەکنیکی گێڕانەوەوە، کاریگەری دوورمەودایان بەسەر ڕۆمانە عەرەبییەکانەوە هەبوو. لە نموونەکانی ئەم قۆناغە: “الرجع البعید”ی فوئاد ئەلتەکەرلی لە عێراق و “الخبز الحافی” محەمەد شوکری لە مەغریب.
  5. قۆناغی ئاڵەنگاری (١٩٩٠ – ٢٠١٠)
    لەم قۆناغەدا ڕووداوگەلی گرنگ لە مێژووی نیشتیمانی عەرەبدا ڕوویان دا، گرنگترینیان: جەنگی دووەمی کەنداو، ڕێککەوتنی ئۆسلۆ، ڕاپەڕینی دووەمی فەلەستین، داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە. نموونەی ڕۆمانەکانی ئەم قۆناغە: “الشراع والعاصفە”ی حەننا مینە و سیانە ڕۆمانی “سأهبك مدینە أخری”ی ئەحمەد ئیبراهیم فەقێ.
  6. قۆناغی ئاسۆ نوێیەکان (٢٠١٠ – ٢٠١٥)
    ئەم قۆناغە هەڵگری ئەو ڕووداوانە بوو، کە پێی دەگوترێت (بەهاری عەرەبی)، هەروەها بڵاوبوونەوەی شێوازی دیکەی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەم قۆناغەدا ژمارەیەکی بێشومار ڕۆمان بەرهەم هاتن، چ لە ناوەوەی وڵاتانی عەرەبی، چ لە دەرەوە، کە هەڵگری بابەتگەلی جۆراوجۆر و تەکنیک و گێڕانەوەی جیاوازن.
    بەجیهانیبوونی ڕۆمانی عەرەبی، قۆناغێک نییە تازە و بەمدواییانە دەستی پێکردبێت، بەڵکو ئەم هەوڵە لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەوە هەنگاوی بۆ نراوە، ئەوەش لە دەستپێکدا بە گۆڕینی بابەتەکانیان، کە سەرەتا زۆربەی لە ڕێگەی ژیاننامەوە بەرهەم دەهاتن. لێرەوە ئەم ژانرە ڕێڕەوێکی تر دەگرێتە بەر و لە ڕووی هونەری و ڕەسەنایەتییەوە دەوڵەمەندتر دەبێت. ئەم سەرەتایەش لەسەر دەستی دەستەبژێرێک لە نووسەران بەدی هاتووە، بە ڕۆشنبیری ڕۆژئاوا کاریگەر بوون. لە نموونەکانی ئەم نووسەرانە تەها حسێن، تۆفیق حەکیم، عیسا عوبێد و مەحموود تەیموور …هتد. هەموو هەوڵێکی ئەم نووسەرانە بۆ ئەوە بوو کێشە و ناسۆرییەکانی کۆمەڵگە عەرەبییەکان بۆ دەرەوە بگوازنەوە، کە گیرۆدەی چەوسانەوەی دەستی ئیمپریالیزمێک بوون، ئیستیعمار سەپاندبووی.
    بەشێک لە ڕۆماننووسانی عەرەب ئێستا وەک نووسەری جیهانی ئەژمار دەکرێن. لەوانە: نەجیب مەحفووز، ئەمین مەعلوف، ئاسیا جەبار، یاسەمینا خەزرا، تاهیر بن جەلوون و واسینی ئەلئەعرەج. لە نووسەرانی نەوەی دوای ئەوانیش هەردوو نووسەری عێراقی عەبدولهادی سەعدوون و موحسن ئەلڕەملی لە ئیسپانیا، بەرهەمەکانیان پێش ئەوەی بە عەرەبی بڵاو ببنەوە، بە ئینگلیزی، یان ئیسپانی بڵاو دەبنەوە.
    هەوڵدان بۆ بەجیهانیبوون، لەسەر یەک هێڵ و بە یەک شێواز بەڕێوە ناچێت، بەڵکو هەوڵەکان فرەچەشن و فرەڕەهەندن. ئەمەش مایەی گەشبینییە بۆ داهاتووی ئەم ژانرە. ئێستا ڕۆماننووسانی عەرەب بەوەوە نەوەستاون کاری باشتر و بەرهەمی جوانتر و داهێنەرانە پێشکەش بکەن، بەڵکو ژمارەیەکی بەرچاویان لە ڕێگەی ئامادەکردنی بەرهەمەکانیان بە زمانە ئەورووپییەکان، لەسەر ئەو ڕێگایەن بە نووسەری جیهانی ببن. لە ڕێڕەوی بەجیهانیبووندا، ئەوەی دەمەوێت فۆکسی بخەمە سەر، نووسەر و نیگارکێشی عێراقی محەمەد حەییاوییە، کە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ڕۆمانێکی بە زمانی هۆڵەندی بە ناوی (ألکا. فتاە الریح والماء) لە دووتوێی چوارسەد لاپەڕەدا بڵاو دەکاتەوە و هێشتا نووسەر لە تاوتوێی ئەوەدایە بە زمانی عەرەبیش ژمارەیەکی سنوورداری لێ چاپ بکات. تێمای سەرەکی ڕۆمانەکە باسی کچە ڕۆژهەڵاتناسێکی هۆڵەندی دەکات، لە سەدەی نۆزدە ژیاوە و گەشتێکی سەرکێشانەی بە کەناری ڕووباری نییلدا ئەنجام داوە؛ لە قاهیرەوە درێژەی بە گەشتەکەی داوە، هەتا گەیشتووەتە قووڵاییەکانی ئەفریقیا. ئەلکا کچە ئەرستۆکراتێکی یاخییە لە نەریتەکان و گەڕیدەیەکی هۆڵەندییە، نووسەر لە شێوازێکی ئاوێتە بەخەیاڵدا کەسایەتییە سەرنجڕاکێشەکەی دەخاتە بەرباس. ئەمەش قۆناغێکی نوێ و ئاراستەیەکی دیکەی ڕۆماننووسانی عەرەبە لە ڕێڕەوی بەجیهانیبووندا، کاتێک چیرۆکەکانی کۆمەڵگە عەرەبییەکان و کارەکتەرە بیانییەکان -لە بری زمانی عەرەبی وەک زمانی دایک- بە زمانە ئەورووپییەکان دەخەنە سەر پەڕەی ڕۆمانەکانیان.
    ماوەتەوە بڵێین گەشەسەندنی ئەم ژانرە بەم شێوازە، سەرەڕای ئاڵەنگارییەکانی بەردەمی چەندین هۆکاری لەپشتە، گرنگترینیان، هەوڵدانی فرەچەشن بۆ ئەم ئامانجە، گاهێک لە ڕێگای گەیاندنی ناسۆری کۆمەڵگەکانیان بە تەکنیک و هونەرێکی ئاستبەرز و گاهێک بە وەرگێڕان بۆ زمانی بێگانە و جارێکیش بە نووسینیەوەی خود بە زمانی بێگانە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆماننووسانی عەرەب گێڕانەوەکانیان تەنها لە چوارچێوەی شار و هەرێمە جوگرافییەکەی خۆیاندا قەتیس نابێت، ئەوەتا ڕۆماننووسێکی توونسی وەک حەیات ئەلرایس ڕۆمانێک دەربارەی عێراق و بەغداد لە سەردەمی حوکمی ڕژێمی بەعسدا بە ناوی “بغداد وقد إنتصف اللیل فیها” و شانۆگەرییەک لەسەر عەشتار بە ناوی “عشتار سیدە الأسرار” دەنووسێت. ڕۆماننووسی یەمەنی عەلی ئەلمیقەڕی لە ڕۆمانی “بلاد القائد”دا هەرچەندە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە ناوی وڵات ناکات، بەڵام لە ئاماژەکانیدا نەهامەتییەکانی خەڵکی لیبیا پێش و پاش شۆڕش دەخوێنیتەوە. هەروەها لەم ڕۆمانەی محەمەد حەییاوی، کە ئاماژەمان پێکرد، نووسەرێکی عێراقی چیرۆکی گەڕیدەیەکی هۆڵەندی لە میسر دەگێڕێتەوە.
    *محەمەد حەییاوی ڕۆماننووسێکی دیاری عێراقی لەدایکبووی شاری ناسریەیە و لە هۆڵەندا دەژی. خاوەنی چەند ڕۆمانێکە، گرنگترینیان “خان الشابندر” و “بیت السودان”ـن، کە بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراون. لە پاڵ نووسیندا حەییاوی نیگارکێشە و کارەکانی گرنگییەکی تایبەتیان پێدەدرێت و چەندین کتێبی ڕەخنەیی و تێزی خوێندنی باڵایان لەبارەوە نووسراوە.
ھەواڵی زیاتر