بەهیچ شتێ ڕانەگەیشتم

ئاری ئاغۆک

*رۆژەکانی هەفتە شەڕیان بوو
بۆ گەیشتن بەوەرزی پێنجەم
هەنگاوەکان خێراتر بوون
بۆ گەیشتن بە ترۆپکی خەونەکان
کەچی لە وەرزی یەکەمەوە
ڕەشەبایەک هەڵیکرد
ڕەشماڵی حەسانەوەی لێ ونکردم
نەیهێشت بەهیچ خۆزگەیێ ڕابگەم!

*کاتێ دەمەوێ ئاوڕێکی نەرم
لە تابڵۆی یادەوەری بدەمەوە
لەنێوهاڕمۆنیای ڕەنگەکان
ڕەنگێکی تووڕە
نیگاکانم لێ دەشێوێنێ و
نایەڵێ بەهیچ ڕەنگ و تابڵۆیێ ڕابگەم !

*وێڕاناگەم
نەچیرۆکی خاوبوونەوەی زاکیرەی باوکم بنووسمەوە
نە شرۆڤەی جەستەی بکەم؟!

*لە چەقێکدا وەستاوم
سەیری گرتە جێماوەکان دەکەم
جگە لەپەرتبوونی کاغەز و
تێکشکانی رۆح
هیچ شتێ نابینم !

*بارم زۆرقورسە
باولێک پڕ لەقسەی نەگوتراو و
جۆڕکێک وشەی تازەم لایە
پێ ڕاناگەم ڕستەیەکی تەواو بنووسمەوە!

*لەسەر کورسی خولاوی منداڵی دانیشتووم
بەچاوی حەسرەت و دڵەی تینوەوە
بەخێرایی دەخولێمەوە
لەکورتترین چرکەدا
تەماشای درێژترین فیلمی مەراق دەکەم!

*کاتژمێری خەونم
لە زیندەگیم خێراتر بوو
نەیهێشت بەهیچ شتێ ڕابگەم
لەحەژمەتان خەوم لێ کەوت!

*حەزم دەکرد
هەموو پەنجەکان لەنێو پەنجەی یەکتر و
دەستەکانیش تا ئەبەد دۆست بن
کەچی لەبەر ململانێی براکان
بەهیچ چەپڵەیەک ڕانەگەیشتم !

*لەبەر بۆنی مەرگی ئازیزان
وێرانەگەیشتم
بۆنی مەست بوون لەخۆدەم !

*ویستم هەموو میوەکانی وەرز
بکەمە شەربەتی شیرینی تەمەن
کەچی شروب و دەرزی و حەبی ئێکسپایەر
نەیانهێشت تامی شەربەتی (ئۆخەی) بکەم !

*هێندە بۆ منداڵەکانمان
غارغارێنمان کرد
وێرانەگەیشتین
من و هاوسەرەکەم
نەرمە پیاسەیەکی بەرباران بکەین!

*دواجار……..
بەهەناسەیەکی قوڵ
لەسەر دیواری نوستالیژیا دەنووسم
کەسەرێکی گەورە لەسەر دڵم بەجێماو
بەهیچ شتێ ڕانەگەیشتم !

ھەواڵی زیاتر