نوقته سەری دێڕ

هه‌مزه‌ گوڵانی

منیش
بەمنداڵی دز بووم
دایکم گیرفانەکانی دەپشکنیم
پڕ بوون لەباڵەکوتکەی کەڵەشێر
کە ئێواران بەر لە هەڵنیشتن
بە بەر چاوی مەغریبەوە
توانا سیکسیەکانی خۆی نمایش دەکرد.
بەخۆ زویرکردنێک؛
باوکم هەرچی گمەی کۆترە پێی ئاشکرا دەکردم
کە لە بن ساپیتەی خانووە کەمان خۆیات حەشاردابوو
من دەمگوت باوکە گیان؛
بۆیە لە باخەڵمدا هەڵمگرتوون
هەتا مار پێ یانەوە نەدات!
بە منداڵی زۆر لاسار بووم؛
تا نێر و مێیان بناسم
مێرولەکانم سواری یەکتر دەکردن
نازام بۆچی هێندە نهێن پارێزن
لە بەر چاوی من جووت نەدەبوون
ئەگەر یەکێک داوێن پیسی کردبا بەهەموویان
دەنگژانە سەری!
کچێکم خۆش دەویست
کە تیشکی ئاوێنەی تێدەگرتم بە دەزو هەڵم دەبەست و
دەمکر بە ملوانکە.
جا خۆ باوکم زانیبای
بەشەق دەیکردمە دەرەوە
یان بە قۆچی مانگاوە هەڵی دەواسیم!
بەمنداڵی ئاژاوە گێڕ بووم؛
بەدرۆ
دەنگی مەلام بە کولانکە دا دەبردە خوارەوە
پێش بانگ ڕۆژووم بەدایکم دەشکاند و
پاداشتێکی باشم وەر دەگرت..
نوقته سەری دێڕ!

ھەواڵی زیاتر