مینێرڤا؛ پڕۆژە و خەونێکی کلتووریی

مینێرڤا؛ بڵاوکراوەیەکی نوێی پلاتفۆڕمی مینێرڤا، کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ژمارەی یەکەمی لە دووتوێی 213 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە.

وەک سەرپەرشتیارانی ئەم پلاتفۆڕمە ڕایدەگەیەنن پلاتفۆرمی مینێرڤا پلاتفۆرمێکی بیری ڕادیکاڵە، لە لایەن کۆمەڵێک گەنجی دانیشتووی هەرێمی کوردستان و تاراوگەوە دروست کراوە و گرنگیی بە چاپکردنی هزری پێشکەوتوخواز لە بوارەکانی سیاسەت، هونەر، کلتوور، ئەدەب، فیمینیزم، ئابووریی و بەرهەمهێنانی پەیوەندیی نێوان جوانیناسیی و سیاسەت دەدات. پشت بە توانای بەرهەمهێنانی هونەریی و کلتووریی و سیاسیی تاکە پێشکەوتوخوازەکان دەبەستێت.
یەکێک لە پڕۆژەکانی بەشی چاپەمەنی مینێرڤا، چاپکردنی گۆڤارە وەرزانەکەیەتی کە لەگەڵ هەر ژمارەیەکدا تەرخان دەکرێت بۆ ڕەوت و ئایدیا و تێزێکی دیاریکراوی فیکریی، هونەریی و کلتووریی، لە ژمارەیەی یەکەمدا، گۆڤاری مینێرڤا تەرخان کراوە بۆ ڕەوتە هونەریی، سیاسیی، کلتوورییەکانی بزووتنەوەی ئاڤان-گارد و چەندین وتاری نووسراو و وەرگێڕدراو لەوبارەیەوە لەنێو گۆڤارەکەدا دەخوێننەوە.
ئەم هەوڵەی گۆڤاری مینێرڤا بۆ ناساندنی ئەو بزووتنەوە هونەریی و کولتوورییە یەکەمین جارە لە ڕۆشنبیریی کوردیی و بە زمانی کوردیی هەوڵێکی لەوشێوەیە دەبینێرێت، کە ئامانج لەم هەوڵەش بیریتییە لە ناساندنی خوێنەری کورد بە دیدگای نوێ و هەروەها جۆرێک لە کارکردنی نوێشە لەنێو ڕۆشنبیریی کوردیی کە پێشتر کاری لەو شێوەیە نەکراوە.
سەرپەرشتیاری تەوەری ژمارەی یەکەم “شادیار شۆڕش”ـە و کە 10 نووسەر و وەرگێڕ بابەتەکانیان تێدا بڵاوکردووە تەوە و بریاریش هەر ژمارەیەکی ئەم بڵاوکراوەیە تەرخان بکرێت بۆ ڕەوتێکی هونەریی و کلتووری و فیکریی.
وەک لە ژمارەی یەکەمدت دەردەکەوێت دەشێت مینێرڤا ببێتە پرۆژەیەک بۆ دروستکردنی جوڵە لەنێو پانتایی رۆشنبیریی کوردیدا، یان دەکرێت خەونێکی کلتووریی بێت بۆ دروستکردنی بزاوتێکی نوێی مرۆڤی بیرکەرەوە لە دونیای کوردیدا. بیرکەرەوەیەک کە سەنگین و پڕ مەعریفە بن، نەک بوونەوەری زۆربڵێی بێ مەعریفە

ھەواڵی زیاتر