فه‌نابوون

دڵزار حه‌سه‌ن

لەو گڵاسی فەنابوونە،
باوەشێک لەشەرابی غەریبیم بۆ تێکە،
پڕمکە لە مەستبوون،
لێوان لێومکە لەفڕین،
دامچۆڕێنە و ھەستەکانم بسپێرە بەخەیاڵ
جەستەم بەتاڵکەوە لەمەراق.
بمبەرەوە بەردەم ماڵی پەپولە،
بەدیار سکێچی حوزنەوە،
پەرتمکە و
لەنێو ئاوێنەی خەونەکانت ھەڵمواسە.
سەرخۆشمکە بە ئاوازی ئارەزوو،
بۆم تێکە،
هەرچی لەو یه‌ئسەی عیشق ماوە،
بڕژێنە سەر تەریقەتی چاوەنواڕیم،
لێگەڕێ با بەلادابێم.

ھەواڵی زیاتر