هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نامە ئاویەكانی ئاری ئاغۆك گەیشتن

قەهار شێخانی

كتێبی شیعری (نامەكانی ئاو) ی شاعیر ئاری ئاغۆك لەبەرێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە سپاردنی 217 ی پێدراوە و بەتیراژی پێنج سەد دانە لەسەر ئەركی شاعیر چاپكراوە .

“دەقە شیعرییەكانی كتێبی نامەكانی ئاو هەڵگری پەیامی هەمەچەشنن هەڵگری پەیامی جوانی شیعری و پەیامی مرۆڤدۆستین،شاعیر لەڕێگەی ئەو نامانەوە كاری لەسەر لایەنەكانی ژیاری كردووە”

ئاری ئاغۆك شاعیرێكی بەسەلیقەیە و ناوێكی دیارە لەنێو بواری شیعر نوسیندا، ئەم كتێبەی شاعیر پەنجا نامەی لەشێوەی فۆڕمی شیعری تێدایە هەمووی لەسەر چەمكی ئاو نوسراوە، دەتوانم بڵێم ئەم كتێبەی ئاری ئاغۆك لەرووی فۆڕمی شیعری و دنیابینی شاعیر جیاوازترە لەهەموو كتێبەكانی پێشوتری .
ئاری ئاغۆك، لەم كتێبەدا كاری لەسەر ناوەڕۆك و فۆڕمێكی جیاوازی شیعری كردووە ئەویش باس كردنە لەچەمكی ئاو، شاعیر لەڕێی ئاوەوە چەندین پەیامی مرۆڤدۆستی ناردووە كەخوێنەر ئەو شیعرانە دەخوێنێتەوە هەست بەچێژی رووحی و بەجیاوازی ئەو (ئاری) یە دەكات لەئارییەكەی پێشوتر، چونكە هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین ئاو گرنگی خۆی هەیە و پەیوەستە بەژیانی ڕۆژانەی هەموو تاكێك، ئەو تەوزیف كردنەی ئاری لەشیعردا بۆ ئاوی كردووە هەنگاوێكی ترە لەدەركەوتنی شاعیر لەبواری شیعر نوسیندا . ئاری لەم كتێبەدا بەزمانی شیعری لەهەموو ڕووێكەوە باس لەئاو دەكات .
شاعیر لەنامەی یەكەمەوە باس لەوە دەكات دوای ئەوەی شەڕی مرۆڤەكان دڵی زەوی دەیەشێنێ‌، زەوی بێزاری خۆی بەنزا كردن لەمرۆڤەكان دەردەبڕێت, بۆیە نزا دەكات هەر چوار وەرزی ساڵ باران ببارێت بەڵكو لافاو هەڵبستێت و مرۆڤە شەڕانگێزەكانی سەر زەوی ڕابماڵێ‌ بۆ ئەوەی چیتر دانیشتوانی گۆی زەوی گیرۆدەی دەستی مرۆڤە شەڕانگێزەكان نەبن .
دوای ئەوەی شەڕی مرۆڤەكان
دڵی ماندوو كرد
زەوی هەمیشە دوعای باران بارینی دەكرد
لەهەر چوار وەرزی ساڵ
چاوەڕوانی گریانی هەور بوو
تاوەكو بەنەرمە بارانێك دڵی زەوی بهێتە پێكەنین
كەچی لەیەكەم نامەوە
پەیامێك هاتەخوار و بوو بەلافاو
لافاوی توڕەیی
لافاوی پەشیمانی
لافاوی مەرگ و ماڵوێرانی
نامەی یەكەم ل3
وەك چۆن لەژیاندا مرۆڤی گوماناوی هەن لەهەمان كات ووشە و دەستەواژەی گوماناویش هەیە, بۆیە شاعیر لەشیعری دووەمی ئەم كتێبەدا ووشە گوماناویەكان دەخاتە نێو مەنجەڵێكی ئاوی گەرم لەو كاتەدا لەڕووی فیزیكییەوە بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی ئاوەكە بەشێك لەووشەكانی نێو شیعرەكە لەبەر یەك هەڵدەوەشێنەوەو خاڵی دەبنەوە لەمانا و لەناو دەچن ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ووشە خۆڕسك و راستگۆكانن، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت مرۆڤ لەم رۆژگارەدا نابێت بڕوا بەووشەكانیش بكات نەك مرۆڤەكان، چونكە رۆژگارێكی هێندە پڕ لەكێشە و ئاریشە و گوماناوییە، خەڵكی ئەم زەمەنە هەمووی بەدەمامكەوە دەژین تاكو ئەو دەمامكانە لانەبەی رووی راستەقینەی مرۆڤەكانت بۆ دەرناكەوێ‌, بۆیە هەركاتێك بتەوێت ڕووی راستەقینەی شتەكانت بۆ دەربكەوێت دەبێت زۆربەیان تاقی بكەیتەوە .
لەنامەی دووەمەوە
ووشە گوماناویەكانم
خستە ناو مەنجەڵێكی ئاوی گەرم
دوای كوڵان
بەشێك لەووشەكان هەڵوەشانەوە و
چوونەوە خانەی پیتە خۆڕسكەكان
بەشێكیان بوون بەڕستەیەكی بێ‌ مانا
بەشێكیان بوون بەهەڵمی غەریبی و
گەڕانەوە ئاسمان .
نامەی دووەم ل4
متمانە بەخۆبوون و ئارام گرتن دوو سیفاتی جوانی مرۆڤن، پەلە كردن و بڕیاردانی خێرا هەمیشە زەرەرمەندی بەدواوەیە، بۆیە زۆر گرنگە مرۆڤ لەكاتی تەنگژەكاندا سەبر و ئارامی هەبێت بۆ ئەوەی نەبادا بەو بریارە هەڵەیە خۆی و دەوروبەریشی گیرۆدەی نەهامەتی بكات، ئاری لەم شیعرەدا پێمان دەڵێت، گرنگە مرۆڤ وەك ئاو ئارام بێت بۆ ئەوەی بتوانێ دڵۆپ دڵۆپ بڕژێتە سەر ڕەقیەتی بەرد، دڵنیابن بەتێپەڕ بوونی ڕۆژگار بەهۆی ئارامی و نەرمی ئەو دڵۆپانەوە بەردی پڕ لە ڕەقی پارچە پارچە دەبێت و لەناو دەچێ‌ .
بەرد بەدڵە ڕەقەكەی
ویستی ململانێی مردن لەگەڵ ئاو بكات
ئاو بێ‌ منەت بوو
گوتی: بادەست پێ‌ بكەین
بەرد بە بوغز و لەخۆبایی
(ئاو) یش بەنەرمی
دلۆپ, دڵۆپ دەڕژایە سەر بەرد و
پارچە پارچەی كرد .
نامەی دوانزە ل14
سوڕی ژیانی ئاو پڕە لەنهێنی, نهێنی بوونە هەڵم و چوونەوە بۆ باوەشی هەورەكان و نهێنی جارێكی تر دابارین، نهێنی رۆیشتن بەنێو كون و كەلەبەرەكانی زەوی و نهێنی پاككردنەوەی پیسیەكان و نهێنی ڕامالین و چەندین نهێنی تر، مرۆڤ ناتوانێ‌ وەك پێویست لەو نهێنیانەی تێ‌ بگات، ئەوە نهێنی تێنەگەیشتنی مرۆڤەكانە لەئاو, ئاو كاتێ‌ لەبەیانیاندا خەونی ڕەنگاورەنگ دەبینێ‌ و لەخۆر ئاوابوونیشدا ڕووناكی مانگەشەومان نیشان دەدا،ژیانی مرۆڤیش بەهەمان شێوە هەر مرۆڤێك بەشێك لەنهێنی ژیانی یان لای خۆیەتی یان لای كەسانی ترە كە ئەویش هەر خۆیەتی، لێرەوە دەردەكەوێت هیچ یەكێكمان ناتوانین وەك خۆی پەی بەو هەموو نهێنینەی ژیانی ئاو ببەین .
ئەی ئاو
تا ئێستا لەنهێنیت نەگەیشتووم
بەیانیان
خەونی حەوت ڕەنگت لێ‌ دەخوێنمەوە و
لەخۆ ئاوابوونیش
ڕووناكی مانگەشەو
نامەی 26 ل28
ژیان پڕە لەهەوراز و نشێو, پڕە لەسەختی و ساردی و گەرمی, بۆ نموونە ئەنجامی شەڕ و فیتنە ڕژانی خوێنە, شەڕی مرۆڤەكان و شەڕی گیانەوەرەكان هەمووی بەڕژانی خوێن كۆتایی دێت، شەڕ هەمیشە ماڵوێرانی بەدواوەیە، بۆیە شەڕ لەهەر مەملەكەتێك ڕوووبدات ئەوێ‌ چێژی ژیانی تێدا نامێنێ‌، تاكە ڕژان كە ئاسودەیی و خۆشبەختی بۆ تەواوی مەخلوقەكانی سەر زەوی بهێنێ‌ ئەویش ڕژانی ئاوە بەمانای بارینی بارانە, چونكە بارانی ڕەحمەت هەمیشە ئارامی و ئاسودەیی دەبەخشێتە رووحی گیانلەبەران و نیشانەی بەردەوام بوونی ژیانە، بۆیە ئاری بەووردی بیری لەمەسەلەی ڕژان كردۆتەوە بەلای ئەوەوە جگە لەڕژانی ئاو هەموو ڕژانەكانی دیكە هەر نەهامەتی بەدوای خۆیاندا جێدێڵن .
هەموو ڕژانەكان
پڕن لەژان
تەنها ڕژانی ئاو نەبێت
نیشانەیە
بۆ بەردەوام بوونی ژیان .

نامەی 40 ل42
هەموو كارێك لەژیاندا ئەگەر بەنیەت پاكی بكرێت تا كۆتایش هەر بەپاكی دەمێنێتەوە و دەبێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵك, بۆیە پێویستە مرۆڤ هەردەم پشتگیری كارە پاك و باشەكان بكات، لێگەڕێن ئەو مرۆڤانەی نیاز پاكن با كاری خۆیان بكەن و بەربەستیان بۆ دروست مەكەن، لێگەڕێن با هەموو سنورەكان ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە هەر جێیەك ئەوێ‌ پڕ بێت لەخێر و بەرەكەتی ئەو نیاز پاكییە، بۆیە شاعیر لەدوانامەیەدا پێمان دەلێت:
لێگەڕێن با ئاو بێتە گۆ
لێ‌ گەڕێن
با ئاو بڕوات
چونكە هەر ئاوە
هەموو سنورە دەستكردەكان
بەبێ‌ پەساپۆرت دەبڕێ‌ .
نامەی 50 ل52
دەقە شیعرییەكانی كتێبی نامەكانی ئاو هەڵگری پەیامی هەمەچەشنن هەڵگری پەیامی جوانی شیعری و پەیامی مرۆڤدۆستین،شاعیر لەڕێگەی ئەو نامانەوە كاری لەسەر لایەنەكانی ژیاری كردووە و لەبەرامبەر زۆربەی چەمكەكانی ژیان بەڕاشكاوی ڕای خۆی دەربڕیوە، وەك چەمكی خۆشەویستی و نیشتمان پەروەری و گریان و پێكەنین و مردن و بەرائەت و چاوەڕوانی و وەفاداری و ڕق و شەڕ و چەندانی تر، ئەم كتێبەی شاعیر ئاری ئاغۆك لەزۆر ڕووەوە قسە و باس هەڵدەگرێ‌ و دەكرێت زیاتری لەسەر بنوسرێت و لەگۆشە نیگای دیكەوە قسە لەسەر دنیابینی پەیامە مرۆڤدۆستیەكانی نێو ئەم كتێبەی شاعیر بكرێت .