ئارام كۆشكی – سلێمانی
دۆخی کوردبوون و بیرکردنەوەی لێی هەمیشە دۆخێکی دژوارە، هەرکاتێک کتێبێکی مێژوویی دەخوێنمەوە و باس لە کورد و مێژووە خوێناویی و پڕ شکستەکەی دەکات، زیاتر بیر لە کوردبوون دەکەمەوە. نەک وەکو نەفرەتێک، بەڵکو چەشنی جۆرێک لە بوونی تایبەت، بوونگەلێک کە هێمایە بۆ زۆر شکست و هەڵسانەوە و قوربانیدان و کەوتن و دووبارە و سەدبارە ژیانەوە و بەردەوامی.
هەمیشە بۆم گرنگ بووە لە دیدی ئەوانی دیکەوە لە کوردبوون بڕوانم، لەنێو بەرنامەی خوێندنەوەمدا ساڵانە چەند کتێبێک هەیە کە بەشی زۆریان ئەوانە هەڵدەبژێرم کە دیدی رۆژهەڵاتناسەکانن و ئاشنام دەکەن بە دیوێکی کوردبوون کە چاوی ئێمە نایبینێت. دیدی ئەم رۆژهەڵاتناسانە ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە دیدێکە ئەوان وەکو غەریبەیەک لێرە و لەم سەرزەمینە و مرۆڤەکانی نێوی دەڕوانن. نەک وەکو خانەخوێیەک، کە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە سۆزی نەتەوەیی لە خوێنییەوە بتکێتە نێو ئەو وشانەی دەینووسێت.
نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم یەکێکە لە هەستیارترین ئەو قۆناغانەی کە مێژووی کوردی پێدا تێپەڕیوە، مێژوویەکە زۆر لێکەوتی سیاسی و ئابووری و کولتووری بۆ کۆمەڵگەی کوردی پێ بووە، لە ڕووە سیاسییەکەیەوە دابەشکردنی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە، کە برینێکە سەدەیەکە خوێنی لێ دەچۆڕێ و هەر خۆش نابێتەوە. (لێرەدا باسی لێکەوتەکانی دیکە ناکەم) نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم دەتوانم بڵێم تا هەنووکەش کاریگەریی لەسەر ئێستا هەیە و ئەو کاریگەرییانە بۆ ئایندەش درێژ دەبنەوە. یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی بۆ ئەم مێژووە تەرخان کراوە کتێبی “مێژووی کورد لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسیی بریتانیدا (١٩٠٠_١٩٥٠)” کە لە نووسینی “د. سامان حوسێن”ـە و کتێبخانەی رۆمان لە دوتوێی 405 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم کتێبە گەشتێکی گرنگ و بەسوودە بە “ڕۆژهەڵاتناسی” و مێژووی کۆنی کورددا، تا دەگاتە نیوەی یەکەمی سەردەی بیستەم و لە چوار بەش پێکهاتووە، ئەمە بێجگە لەوەی هەر بەشەی بەسەر چەند تەوەرەیەکدا دابەشکراوە. لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسەر ئەوەی خستووەتەڕوو کە “ڕۆژهەڵاتناسى، پڕۆسەیەکی فیکری-مەعریفییە کە تێیدا ڕۆژئاواییەکان هەوڵی ناسینی ڕۆژهەڵات دەدەن و لە سەرجەم لایەنە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەکۆڵنەوە و بەشێکی دانەبڕاویشە لە ململانێ و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.”
لە بەشێکی دیکەی پێشەکییەکەدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە “بەریتانیاش بەو پێیەی کە یەکێک بووە لەو وڵاتە ئەورووپاییانەی هەر لە سەرەتای سەردەمە نوێیەکانەوە پێگە ئابووری و سیاسییەکەی لە بەهێزبووندا بووە و بەرژەوەندییەکانی بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات چوون و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ناوچانەدا لە فراوانبووندا بوون، وای کردووە پێویستی بە ناسینی ڕۆژهەڵات بێت، هەر بۆیە شوێنێکی دیاری لە پڕۆسەی ڕۆژهەڵاتناسیدا هەبووە”.
بێگومان بەشێکی پرۆسەی رۆژهەڵاتناسی پەیوەندی بە تێگەیشتنەوە بووە لەم کولتوور و بیرکردنەوەی ئەو نەتەوانەی کە لە رۆژهەڵاتدا ژیاون، چونکە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە داگیرکراوە و زۆرجار رۆژهەڵاتناسەکان ڕێبەر و چاوساخی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بوون. لەم کتێبەدا ئەم لایەنانە بە وردی ڕوون کراوە و هەوڵ دراوە دیوە ڕاستەقینە و تاڕادەیەکی زۆر مەوزوعیەکەی کارکردنی ڕۆژهەڵاتناسان بخرێتەڕوو.
گرنگی خوێندنەوەی کتێبی لەم شێوەیە کە ڕێی توێژنەوەی وردەوە ئاشنامان دەکات بە دیدی رۆژهەڵاتناسان لەسەر کۆمەڵگەکەی خۆمان گەلێک بایەخدارە بەو پێیەی دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاشنابوونەوەمان بە کوردبوون و ئەو پێگەیەی تێیدا وەستاوین. کتێبەکە بەگشتی زۆر لایەنی مێژوویی گرنگی لە خۆگرتووە، کە لەم نووسینەدا دەرفەتی باسکردنی نابێت، بەڵام لێرەدا تەنها ویستم ئەوە بخەمەڕوو کە خوێندنەوەی ئەم کتێبە پێویستییەکە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێت بە رۆڵی ڕۆژهەڵاتناسە بەریتانییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ئاشنا بن.
دەستخۆشی بۆ د. سامان، کە لە بواری رۆژهەڵاتناسیدا گەلێک هەوڵی گرنگی داوە و هیوادارم لەم هەوڵانەی بەردەوام بێت.