كتێبی منداڵەكانمان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان

سدیق سەعید ڕواندزی

گرفتێكی گەورەی خێزانی و كۆمەڵایەتی، كە ئێستا ڕووی لە كۆمەڵگە و خێزانی كوردی كردووە و بۆتە سەرچاوەی ئاریشەیەكی گەورە، دیاردەی ئاڵوودەبوونی منداڵەكانە بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە گشتی و ئەو یاری و بەرنامانەی لە دنیای تەكنەلۆژیادا، دەبینرێن و دادەبەزینرێن.

ئەم ئاڵوودەبوونە لە نێوان منداڵاندا بە ڕادەیەكە، كە وەك كارێكی ڕۆژانە و بەسەربردنی كاتێكی هەمیشەیی و خۆش دەیبینن، بە تایبەتیش یاریەكی وەكو پۆبچی. بێگومان ئەم پەیوەندییەی منداڵ و دنیای تەكنەلۆژییا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لەوە دەرچووە سانسۆر بكرێت یاخود نەهێڵدرێت، بەڵكو دەبێ بزانین، كە چۆن ڕێنوێنی منداڵەكان بكەین، بە شێوەیەك سوود لەو دنیا پێشكەوتووە زانستییەی نێو شاشەكان ببینن، كە بۆ سوود و پێگەیاندنی هزری و پەروەردەی و ئاكاری ئەوان تەواو بێت. بە تایبەتیش كە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، پەروەردەكردنی منداڵ، ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكی هەستیارە و خێزان ئەگەر بە ڕۆل و ئەركی پەروەردەییانەی خۆی هەڵسێت، چۆنی بوێت، دەتوانێت بەو شێوەیە منداڵ لە نێو خێزان پەروەردە بكات و هاوكات لە دەرەوەش چاودێری ژیانی تایبەتی و ژینگە كۆمەڵایەتییەكەی بكات.
بێگومان ئێستا، ئەمە گرفتێكی گەورەی خێزانە وەك یەكەم ئۆرگانی پەروەردەكردن، بە تایبەتیش لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا، كە چۆن بتوانن منداڵەكانییان، لەو مەترسییە شاراوەیە، كە وەك بۆمبێكی چێنراو وایە، بپارێزن. كتێبی (منداڵەكانمان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان) لەو ڕێنوێنی و ڕێنماییانە دەدوێت، كە دەكرێت خێزان، وەك ڕێسایەك بۆ سانسۆركردن و گۆڕینی ئەو پەیوەندییەی منداڵ بەو جیهانەوە، بە ئاراستەیەكی زانستی و داهێنەرانە و پەروەردەیی جوانەوە، پەیڕەوی بكات.
لە سەرەتای كتێبەكەیدا، نووسەر باس لەوە دەكات كە هەڵەیە پێمان وا بێت ئەم تۆڕانە، سەرچاوەی هەموو ئاریشە و و ترازانێكی كۆمەڵایەتی و خێزانین، بە پێچەوانەوە، ئەمە سرووشتی مرۆڤەكانە لە چۆنییەتی بە كارهێنانی دنیای تەكنەلۆژیادا، ئەوە دیاری دەكات كە چۆن بە زیان یان بە سوودی بەكارهێنەرانی بشكێتەوە. بۆیە ئەوە مرۆڤە ناتوانێ سوود لەو دنیا زانستییەی نێو شاشە ببینێ و بە داخەوە لە بوارێكی خراپ بەكاری دەهێنن.
بە بڕوای نووسەر، گەورەترین هەڵەی مرۆڤەكان لەو پەیوەندییەدا لەوەدایە، كە پێیان وایە تەكنەلۆژیا هەموو ژیانییانە، لە كاتێكدا دەبێ بەشێكی ژیانییان بێت. سەرەتای ئەو ئاڵوودەبوونە، لێرەوە دەست پێ دەكات. كاتێ مرۆڤ هەموو كاتێ خۆی بۆ ئەو تۆڕانە تەرخان دەكات، ئیدی خووێكی كۆمەڵایەتی و دەروونی خراپ دەگرێت، بە تایبەتیش لەنێو توێژی گەنجان و منداڵان. بە پێی ئامارێك كە نووسەری كتێبەكە ئاماژەی پێ داوە، بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان 89% ئەوانەن كە تەمەنییان لە نێوان 18- 29 ساڵاندایە. ئەمەش دەریدەخات كە زۆرترین توێژ لە ڕووی تەمەن و پێگەی كۆمەڵایەتی و كەسییەوە، گەنجان و لاوانن، كە ئەوانیش هێشتا لە سەرەتای پێگەیاندنی كەسایەتی و هزریدان. ئەمانە، بە دیاریكراوی ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك بۆ ئەو تۆڕانە تەرخان دەكەن. ئەم دیاردەیە زەقتر و گشتگیرترە لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكانی جیهانی سێیەم، بە هۆی نەبوونی هەلی كار و بێكاری و گرفتە سیاسی و نێوخۆیەكان. بە بڕوای نووسەر، ئەمەش دەرهاویشتەیەكی دنیای سەرمایەداری و قازانجە، كە چۆن تەنها بیر لە بەرهەمهێنانی ئامێرە تەكنەلۆژیی و پێشكەوتنە زانستییەكان دەكەنەوە، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی سرووشتی گەشەی كۆمەڵگاكان بكرێت. كە بە داخەوە دواجار هەر ئەو وڵاتە هەژارانە دەبنە قوربانی. نووسەر لە بابەتێكدا، تیشك دەخاتە سەر ئەو گرفتانەی بە هۆی ئەو تۆڕانەوە ڕووبەڕووی پەروەردەكردنی منداڵ دەبنەوە. ئاماژە بەوە دەدات تەكنەلۆژیا، چونكە دەتوانیت بە گەڕانێك هەرچییەك مەبەستت بێت دایبەزێنیت و بیبینیت، ئیدی زۆرجار ئەمە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی منداڵان بە شێوەیەكی نادروست سوود لەو پێشكەوتنە ببینن.
بۆیە ئەركی دایكان و باوكانە لە چوارچێوەی خێزاندا، زۆر بە وردی ئاگاداری چۆنیەتی بەكارهێنانی دنیای ئەنتەرنێت و تۆڕەكان لای منداڵەكانییان ببن. بۆ ئەم مەبەستەش، نووسەر چەند ڕێنمایەك بە پێویست دەزانێت كە هەرە دیارترینییان ئەوەیە، خێزان نابێ بە شێوەیەكی بێ چاودێری ڕێگە بدات منداڵ ئەو ئامێرانە بەكاربێنێت، بەڵكو دەبێ كاتێكی دیاركراو و سانسۆركراوی بۆ دابنێت. بۆ نموونە: دەبێ منداڵ بە زمانێكی گفتوگۆ و هێمنانە تێبگەیێنرێت كە شەو بۆ خەوتن و پشوودانی هزری و جەستەییە و بۆ ئەوە نییە بە یارییە ئەلكترۆنییەكان و چات و وەڵامدانەوە تەرخانی بكەیت.
هاوكات دەبێ فێری ئەوەی بكات، كە نابێ لە سەر هەژماری خوێندن و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و گەڕان و گفتوگۆی خێزانی، بەردەوام خەریكی یاریكردن و سناپ و داونلۆد و دەیان شتی تربێت. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، كە لە شەواندا كاتێكی دیاریكرا و هەبێت بۆ كوژاندنەوەی هێڵەكانی ئەنتەرنێت. وێرای ئەمەش، نابێ پاسوۆرد و وشەی نهێنی، لای منداڵ ئاشكرا و ڕوون بێت، بەڵكو دەبێ وەكو كلیلێكی پارێزراو و نهێنی لای خێزان خۆی بێت، بۆ ئەوەی فەزایەكی كراوە لە بەردەم منداڵدا نەبێت هەر كاتێك مەبەستی بوو، ئەنتەرنێت بە كار بێنێت. بەڵام ئەم ڕێنماییانە چۆن جێی خۆیان دەگرن؟ بێگومان ئەو كاتانەی گەورەكان و ئەندامانی خێزان خۆیان، بە پێی پلانێك سوود لەو تۆڕانە و كاتەكانی وەربگرن. بە بڕوای نووسەر، هەڵەی هەر دیار لەم ڕووەوە ئەوەیە، كە ئەگەر دایكان و باوكان، یاخود گەورەكان، خۆیان بە بەردەوامی سەرقاڵی دنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بن و بوارێكیان بۆ گفتوگۆ و ژیانی خێزانی نەهێشتبێتەوە، ئیدی چۆن دەتوانن داوا لە منداڵەكانییان بكەن بە شێوەیەكی سنووردار یاریە ئەلكترۆنییەكان بە نموونە بكەن؟ بۆیە یەكێك لە خەسڵەتەكانی منداڵان ئەوەیە، كە حەز دەكەن لاسایی گەورەكان بكەنەوە و ئارەزووی جیهانێكی سەربەست دەكەن و كاتێكیش دركیان بەوە كرد كە دەتوانن زۆر بە ئاسانی ئەو سەربەستییە وەدی بێنن، ئیدی سڵ لەوە ناكەنەوە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە تووشی لادان دەبن یاخود نا.
هەر بە پێی ئامارێك كە نووسەر خستوویەتە ڕوو، ئەوە دەردەخات كە 70% ئافرەتان، مۆبایلەكانییان پێ لە هاوسەرەكان گرنگترە. واتا ئەوەندە متووی مۆبایل و بەكارهێنانین، تەنانەت هەیانە لەسەر مێزی نان خواردن و لە تەكسی و پاس و بگرە گەرماویش، چاوی لەسەر شاشەی مۆبایلەكەیەتی. ئەگەر دایكێك ئەوەندە كات بۆ ئامێرێكی وەك مۆبایل تەرخان بكات و هاوكات هێندە بە پەراوێزی و بە بێنرخیشەوە بڕوانێتە ژیانی هاوسەری و هاوسەرەكەیدا، ئایا دەتوانێت منداڵێكی تەندروست، ژیر، ئاكاربەرز و داهێنەر، پەروەردە بكات؟ بێگومان ئەستەمە؛ پێشینان گوتویانە گەورە ئاو دەڕژێنی، گچكە پێ لێ دەخشینی!

  • ناوی كتێب: منداڵەكانمان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، نووسینی: د-عەبدولكەریم بەكار، وەرگێڕانی: بەهجەت جەمیل حامد، بڵاوكراوەی: ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا_ 2019.
ھەواڵی زیاتر