زستانی خێزانەکە؛ چیرۆکێکی جیاوازی ژیانەوە

یەکێک لە دیارترین رۆمانووسانی پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس عەلی بەدرە. ئەم رۆمانووسە لەگەڵ هەریەک لە موحسن ئەلڕەملی و زەید عمران و سەعد محەمەد ڕەحیم و چەند ڕۆماننووسێکی دیکە بە نەوەی نوێی ڕۆماننوسانی عێراقی ئەژمار دەکرێن و لە دەنگە کاریگەرەکانی ڕۆمانی عێراقی و عەرەبین. ئەگەرچی بەشێکیان لە دەرەوەی عێراق ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام بەشی هەرە زۆری تێمەی ڕۆمانەکانیان هەر عێراق و عێراقییەکانە، ئەو وڵاتەی بەردەوام شەهید دەکرێت و خوێنی لەبەر دەڕوات. وڵاتێک هەمیشە دەکوژرێت و هەموو جارێک لە خوێنی خۆیدا هەڵدەستێتەوە و لە زام و خوێن و ئازارەوە ڕێ دەکات و بەردەوامە.

ئەم نەوە نوێیەی ڕۆماننوسان ئەم لە زام و خوێن و ئازارە دەنووسنەوە. لەنێو ئەو ڕۆمانووسانەی باسم کرد عەلی بەدەر پڕ بەرهەمترینیانە، ئەو لە ڕۆماننووسە ئەزموونگەرەکانە، بەجۆرێک لە هەر ڕۆمانێکیدا هەوڵ دەدات تەکنیک و شێوازێکی نوێی گێڕانەوە بەکار بهێنێت. خاڵێکی هاوبەشی هەموو رۆمانەکانی ئەم نووسەرە زاڵبوونی ئەو زمانە ڕۆژنامەوانییەیە کە بەسەر زمانی گێڕانەوەی رۆمانەکانیدا زاڵە.
رۆمانی “زستانی خێزانەکە” یەکێکە لە رۆمانەکانی “عەلی بەدر”، ئەم نووسەرە پێشتر بە ڕۆمانی “تووتنەوانەکە و بابا سارتەر” ناوبانگی دەرکردووە، ئەم ڕۆمانەشی “زستانی خێزانەکە” باس لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ڕۆژانەی تاکی عێراقی و جڤاتی عیراقییەکانە، بەڵام حیکایەتگەلێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش لە جیاوازە لەوەی دەبینرێت و بیستراوە. دوو ژن؛ یەکێکیان گەنجترە، لەناو کۆشکێکی دێرینی پاشایەتی بەتەنها نائومیدانە دەژین! ژیانێک تاقەتپڕووکێن و دووبارە و بێزارکەر، تا ڕۆژێکیان گەنجێک بەناوی ناسیاری گوایە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە دەبێتە میوانیان، ئیتر هەردووکیان عاشقی دەبن و کۆشکەکە دەکاتە هەواری ژیان و عیشق!
چیرۆکی ئەم عەشقە زۆر لق و پۆی دیکەی لێدەبێتەوە و بابەتێکی ناوازەیە و دوورە لە داڕشتن و هزری رۆمانەکانی تری عەلی بەدر، ئەم ڕۆمانەی یەکێکە لە جیاوازترین کارەکانی ئەم ڕۆماننووسە و خوێنەر دەتوانێت گەشتێکی چێژبەشخی لەگەڵدا بکات، کە پاش خوێندنەوە تێدەگات زستانی خێزانەکە بووە بە بەهاری خێزانەکە.
گەشتی خوێنەر لەگەڵ ئەم رۆمانەدا لەنێو دۆزەخی نائومێدییەوە لە وڵاتێکی نائومێدەوە دەست پێ دەکات و بەرەو جیهانێک دەڕوات کە ژیانەوە و گەشانەوەیە. لەوێوە بە لەدایکبوونی عەشقێک سەرتاپای ژیانێک ئاوەدان دەبێتەوە و ژیان فۆڕم و شێوازێکی نوێ وەردەگرێت. چیرۆکی رۆمانەکە دەمانگێڕێتەوە بۆ ساڵانی شەست و حەفتاکانی بەغداد و ئەو چینە ئەرستۆکراتەی کە لە ژیانێکی شاهانەدا دەژیان، بەڵام ژیانێک دوور لە عەشق هەرگیز شاهانە نییە، بەدر لەم رۆمانەدا دەیەوێت ئەمە بڵێت، کە هەرگیز بەبێ عەشق و خۆشەویستی ژیانێکی خۆشبەخت بەدەست نایەت. هەرچەندە کۆشک و تەلارەکەت شاهانەیی و بڵند و ناوازەبێت بەبێ عەشق مەحاڵە بگەیتە ئارامی و بەختەوەریت چنگ بکەوێت.
رۆمانەکە لە وەرگێڕانی شێرزاد هەینییە، کە پێشتر نزیکەی 10 ڕۆمانی دیکەی ئەم نووسەرەی کردووە بە کوردی و لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە و ئەم هەفتەیە چاپی دووەمی رۆمانەکە بڵاوکرایەوە.

ئارام كۆشكی – سلێمان