شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

ئاوازدانەرێک کە بۆ نزیکەی 60 گۆرانیبێژی کورد ئاوازی داناوە لە کەمپێکی یۆنانە

ئاوازدانەرێکی کورد کە بۆ نزیکەی 60 گۆرانیبێژی کورد ئاوازی داناوە، ئێستا لە کەمپێکی یۆنان دەژی و چیرۆکی ژیانی بووەتە ئاوازێکی غەمگین. ئەو دەڵێت، دوای نزیکەی 50 ساڵ خزمەتی میوزیکی کوردی پێمباشترە لە غەریبی بمرم نەک لە شارەکەی خۆم و لە نێو کەسوکارم ریسوابم. ئیبراهیم محەمەد غەریب فارس ناسراو بە ئیبراهیم غەریب ساڵی (1965) لەسلێمانی لەدایکبووە. ئەو لە بەرنامەی دیاسپۆرا بەمشێوەیە خۆی ناساند. “من کوڕی وەستا غەریبی نانەوام، لەساڵی 1979ـەوە دەستم بە کاری میوزیک ژەنین و تۆمارکردن کردووە، بەڵام لەساڵی 1974ـەوە وەکو فێرخوازێک کاری میوزیکم دەستپێکردووە. من کاتی خۆی پێیان دەگوتم جۆکەر نەک ئیبراهیم غەریب، چونکە هەموو ئامێرەکانم دەژەند.لە سەرەتای هەشتاکانەوە کارم لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژەکان وەک کۆچکردوو عەتا چاوشین، کامەران عومەر، زاهیر جەلال، نەجمەدین غوڵامی و نزیکەی 56 هونەرمەند کردووە”.  گۆرانیبێژ رەوا جەمال گۆرانییەکی هەیە کە دەڵێت (سەت خۆزگە ئەی یار ئێستا لام ئەبووی)، یان گۆرانییەکی دیکە هەیە دەڵێ (دڵنیابە بە مەرگیش بێ، ئەم نیگارە جێناهێڵم).. ئەوانە و زۆر ئاوازی دیکە هی ئیبراهیم غەریبن. ئەو ئێستا لە رێگەی کۆچبەریدا لە کەمپێکی پشتگوێخراوە لە یۆنان. رۆژانە بە گیتارەکەی دەچێتە نێو خەڵک و خەمەکانی بە ژێکانی گیتارەکەی دەردەبڕێ.  ئەو هونەرمەندە باس لەوە دەکات کە یەکەمین ئاوازەکانی کە دایناوە ئاوازێک بووە بەناوی “بێ مەیلی” کە بۆ کەسێک بەناوی جەبار تۆماری کردووە. دوای ئەوە ئاوازێکی بۆ حەمەجەزا زەنگەنە داناوە کە دەکاتە خەزوورم بەناوی “لەباخی ئاوات” و لەساڵی 1984 بۆم تۆمارکرد و ئەوکاتە بڵاوکرایەوە و ئیتر ئەوانە بوون بە سەرەتایەک و لەساڵی 1983 و 84ـەوە دەستی بە ئاواز دانان کردووە. ئیبراهیم غەریب کە لە ئاکادیمی هونەرە جوانەکانی بەغدا دەیخوێند، لەو کاتەدا روودەکاتە شاخ. لەبارەی هۆکارەکەیەوە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی نەچووەتە سەربازیی، هەڵاتووە و بووەتە “سەربازی فیراری”. دەڵێت چیرۆکێکی زۆر خۆشی هەیە ئەو سەردەمە و ئاوا باسی دەکات. “گوندێک هەیە بەناوی تیلەکۆ لە پشتی قەرەداخ ماوەیەک لەوێ خۆم شاردبووەوە. گیتارەکە و کەمانچەکەم پێبوو و شەوانە راهێنانم دەکرد. هەزار رەحمەت لە گۆڕی مامە ریشە و کاک ئازاد هەورامی و کۆمەڵێک لە مەفرەزەکان هاتبوون بۆ گوندەکەی ئێمە. خەڵکی گوندەکە کۆبوونەوە و گوتیان مامۆستا “گێتەرەکە بێنە”، کە دەستم بە ژەنین دەکرد لەوکاتەدا دەیانگوت مامۆستا توخوا هەڵیگێرەوە و دەبوایە منیش گیتارەکەم هەڵگەڕایەتەوە و تەپڵم پێ لێدایە و ئەوان چەپڵەیان لێدەدا. ئەوە یادەوەرییەکی زۆر خۆشە لە ژیانمدا ماوە”.