خانەی ئومێدە، خەیاڵ

                                                                 به‌رزان هه‌ستیار 

ڕێ نادەم بەفر ڕەشت کات،…
یان هەتاو، سپی؛…
ئەی خەیاڵی شپرزەم، لێرە مەجووڵێ


بستێک لەولا خۆمەوە، جێی دڵنیایی نییە،
خەیاڵی سەرشێتم؛ بیر لە ڕۆشتن نەکەیتەوە


بەردەوام وێنەی یەک ئەگرین
تۆ بە شۆرتێکی گوڵگوڵیی و
من عەبایەکی ڕەشەوە،
تۆ بە چارشێو و
من بە ڕۆحێکی ڕووتەوە، خەیاڵ


لە تیشک خێراتر نەبوویتایە…
لە مێژ بوو، تۆزیشت نەمابوو، خەیاڵ


جێی سەرم بکەرەوە، خەیاڵی سەرکێشم،…
با پاشەڵم گورگ بیخوات


زۆرترین شەهیدی داوە، خەیاڵ


تابووتێک لە خەیاڵ،
لە هەموو کیشوەرەکان ئاوەدانترە


ئەوەندە خوێن لەبەر خەیاڵەکانم ڕۆیی،…
لیمۆ، سواڵی ڕەنگزەردیی لە من ئەکات


بێتامیی و
بێڕەنگیی و
بێبۆنیی بەخشی بە ئاو؛
لە هەنگوین تام و
لە تاوس ڕەنگ و
لە گوڵەباخیش بۆنی دزیوە، خەیاڵ


چەند شیرینە لام دار و بەردی خەیاڵ؛
ئەی خەیاڵ مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە ؛
بە ئاسمانەوە خەیاڵم دیوە؛
خەیاڵی، خواوەندی جوانیی، ئەی چرای دیوانی شەو
جە بێکەسیی وێم، تۆم کەردەن بەکەس، خەیاڵ


نە، دەستی ئاو پێی ئەگات لە خۆیدا بیسووتێنێ و
نە، پەنجەی ئاگر ئەگاتە دامێنی، تەڕی بکا؛
نە، پاییز پۆشتەی ئەکاتەوە و
نە، زستان شاڵە سپییەکە لە شانی دائەماڵێ، خەیاڵ


تاکە باڵدارە باڵی ناکرێ و
تاکە درەختە میوەی لێنابڕێ و
تاکە ماسییە هیچ تۆڕێک نایخەڵەتێنێ، خەیاڵ


منی ترسنۆك، لە پشت سوپای خەیاڵەوە،
منی جەربەزە، لە سەنگەری پێشێ پێشەوەی خەیاڵ،
منی دەبەنگ، لە ڕیزی دوای دواوەی خەیاڵ،
منی چاپووک، ڕێک لەبەر دەم ماڵی خەیاڵدا…
سنگم لێ دەرپەڕاندووە!

ئاب و ئەیلوولی 2013
ئه‌ڵمانیا

ھەواڵی زیاتر