كاكە مەم بۆتانی!

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس

ئێمە بنچك و ئەو داربەڕوویەكی پڕ و
ئێمە تازە لە باڵەفڕێداین و
كەچی ئەو دەوران دەوری شەقژنی ئەم زەمانەی تەواو كرد!
پیاوێكی ئەسمەری سەر و دڵ سپی…..
ئەڵێی هەرچی بەفری ناو چیرۆكەكانە بەسەریا باریوە!
لەشێكی شەكەت و كەمێك بەخۆ و دەم بەخەندە،
بە دەم وپل و قسە دانار….دانار
زەنگی دەنگێكی هێمنی كاریگەر كە بیرو هۆشت ئەكەوتە ژێر
ڕكێفی قاقای پێكەنینیەوە!
ئاگرێكی بە كڵپە و “بوومەلەرزەی لە گۆمی مەنگدا” ئەخوڵقان!
وەك قەڵبەزەی بەر هەتاو، وەك ڕەنگاڵەی نێوان گوڵان…
دەم و دوویەكی شیرین و تێكەڵ بە نوكتە و پێكەنینێكی بەرز و
لە هەمان كاتدا چاوێكی كامێرایی دەگێڕا بە چواردەورتا…..

ئەو قەڵەمەكەی ئەسپێكی یاڵ ئاگرین بوو…..
لە نووكی قەڵەمەوە “ڕوانگە”ی بینین و ووشەی
ئەڕژایە ناو ڕووباری ئەم زمانەوە……
لە ”درز”ی”خەرەندی مەرگ”ەوە كە ئەینووسی
لە شاری ئەوینی كۆیە دا…..
باران و هەتاو باوەش ئەكەن بە یەكدا…..

لە ئاوا بوونێكەوە بۆ ئاوا بوونێكی تر
مەرگێكی تر لە شەقژندایە…..لە هەواڵی مەرگێكەوە
بۆ مەرگێكی تر دەبێ خۆم بۆ شیعرێكی جوانتر ئامادەكەم!

دەبێ مەرگتان بكەم بە گوڵە سەمەلی ناو چیرۆكەكان….
دەبێ مەرگتان بكەم بە هزری لە بیرنەچوونەوەی هەموو
قەسیدەكانی نیشتمان!
دەبێ ئەم سەفەرەت تێكەڵی پاركی ئازادیی بكەم و
پرێس كۆنفرانسی مەرگێكی پیرۆزتان
بۆ ڕێكبخەم لەگەڵ شێركۆی هەمووان!
ئەوە ئێمە نین كە ئەڵێین بیرناچنەوە
ئەوە هەرچی ڕۆمان و چیرۆك و شیعرە وا ئەڵێن!

مەرگی ئازیزان ئەوەندە زۆر بوون
مەرگی ئەستێرەكان ئەوەندە زۆر بوون
پاییزم كرد بە شیعر و كەچی هێشتا تازە
لە ئەوەڵی خەزاندام!

ھەواڵی زیاتر