لە نوێترین چالاکییاندا ١٥ کتێب چاپ و بڵاو دەکەنەوە

ماڵی کتێب، کە ناوەندێکی ئەدەبی و فەرهەنگیی سەربەخۆیە و لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و بە ئامانجی پەرەپێدانی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگی و هونەرییەکان دامەزراوە و شەممەش نوێترین پڕۆژەی خۆی جێبەجێ دەکات.

ماڵی کتێب کە چەند ساڵێکە دامەزراوە، تا ئێستا توانیویەتی ٣٥ کتێب چاپ و بڵاو بکاتەوە و ڕێزلێنان پێشکەش بە زیاتر لە ١٠٠ ئەدیب و نووسەر بکات و ٦ سیمینار و کەرنەڤاڵی ئەدەبی بەڕێوە بەرێت، ئەمە بەدەر لە چەندین کۆڕ و چاوپێکەوتنی دیکە کە لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێت.
یەکێک لە سەرپەرشتیارانی باسی لەوە کرد کە “ماڵی کتێب”ـە، ماڵی هەموو کەسێکە، ئیتر ئەو کەسە چ ئەدیب یا نووسەر بێت و یا هەر کارێکی دیکە بکات گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەدەبدۆست و کتێب دۆست بێت و هەر ئەمەش وای کردووە کە زۆرینەی خەڵک بێنە نێو ماڵی کتێبەوە و خۆیان وەک ئەندامێکی ئەو ماڵە بزانن و هەر ئەمەش وای کردووە کە ماڵەکە ببێتە گەورەترین ماڵی ئەدەبی و فەرهەنگی کوردستان”.
ئەندامانی ماڵی کتێب خۆبەخشانە کار دەکەن و هاوکاری پڕۆژەکانیان دەکەن، لەم بارەوە “ئازا حەسیب قەرەداغی”ـی شاعیر و نیگارکێش، گوتی: “ئێمە هەر لەسەرەتاوە و لە ئەنجامی بۆشایی فەرهەنگییەوە دروست بووین و بە پێویستمان زانی کە خراپی باری دارایی و هاتنی پەتای کۆڕۆنا نەبێتە هۆکار لە وەستانی بزاوتێکی بەردەوامی ئەدەبی و فەرهەنگی و هەر بۆیەشە هەموو کارەکانمان لە ماڵی کتێب بە شێوەی خۆبەخشانە بووە و تەنانەت لایەنە ئابوورییەکەیشمان لەسەر بنەمای گیرفانی خۆمان پڕ کردووەتەوە، بەوەی کە هەر کەس لە توانایدا هەبێت هاوکار بێت بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە شایەنی چاپن و دەستگرتنی ئەو ئەدیب و نووسەرانەی کە توانای چاپکردنی کتێبەکانیان نییە”.
“ئەسکەندەر زرار”ـی، شاعیر کە یەکێکی دیکەیە لە سەرپەرشتیارانی ماڵی کتێب باسی ئەو رێزلێنانانە کرد کە لە سیمینار و میهرەجانەکاندا دەیبەخشتە ئەدیب و نووسەران و گوتی: “ئێمە وەک ماڵی کتێب تەوەری سەرەکی کارکردنمان ئەدەب و ئەدیبە، واتە کتێب چاپ دەکەین و لەگەڵ نووسەران گفتوگۆ و کۆڕ و سیمینار ئەنجام دەدەین و هەوڵی نەوەستاندنی ئەو ڕەوتە جوانە دەدەین کە نابێت هیچ کۆمەڵگەیەک لێی بێبەش بێت. بۆیە ڕێزگرتن و ڕێزلێنان لە ئەدیب و نووسەران ئەرکی سەرشانی ئێمەیە و بە شانازییەوە هەوڵ دەدەین وەک ڕابردوو تەنیا بیر لە پێشینان و مردووەکانمان نەکەینەوە، بەڵکو ڕێز لەو نووسەرانە بگرین کە هێشتا لەناومانن و شایەنی ئەوەن سوپاسی زەحمەتەکانیان بکرێت”.
“بێکەس حەمەقادر”ـی شاعیر وەک سەرپەرشتیارێکی ماڵی کتێب باسی لەوە کرد کە ماڵەکە ماڵی هەمووانە بێ جیاوازی و هەر ئەمەش وای کردووە زۆرینەی خەڵک ڕووی تێبکەن و نەک تەنیا لە هەولێر بەڵکو لە شار و شارۆچکەکانی دیکەیش خەوازیار و هاوکار و هاوفکرمان بن و “ئێمەیش وەک ماڵی کێب ئەوەمان فەرامۆش نەکردووە و تەنانەت چالاکییەکانیشمان بردووەتە دەرەوەی هەولێر، بۆ نمونە ئێمە لە قەڵادزێ کتێبەکانی خۆمان بڵاو کردووەتەوە و لەگەڵ خەڵک کۆ بووینەتەوە و گفتوگۆ و کۆڕمان ئەنجام داوە کە دەنگدانەوە و کاریگەرییەکی گەورەشی هەبوو، چونکە پەیوەندی و ڕایەڵکە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان دەتوانن هۆکار بن بۆ لێکنزیکبوونەوە و هۆشیارکردنەوەی زیاتر”.
“نیهاد نەجار”ـی وەرگێڕ و سەرپەرشتیارێکی تری ماڵی کتێبە، باسی لەوە کرد کە “ئێمە لە ماڵی کتێب تەنیا کتێب بۆ سەرپەرشتیاران و ئەندامانی ماڵەکە چاپ ناکەین، ڕاستە جار جار بەرهەمی یەکێک لە سەرپەرشتیاران چاپ دەکرێت، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە بڵەین تەنیا کتێبە چاپکراوەکانی هی سەرپەرشتیاران و ئەندامەکانیەتی، بەڵکو لەو چەند زنجیرە کتێبەی کە چاپمان کردوون زۆرینەیان هی ئەو لاو و کەسانە بووە کە تەنانەت تا ئێستا کتێبی چاپکراویشیان نەبووە و ناوێکی دیار نەبوون لە پانتایی کتێب و ئەدەب و فەرهەنگ و ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بەم ماڵە بڕاوە و وەک نەهج و شێوەی کارکردن لەسەری بەردەوام دەبێت.
“باهۆز مستەفا”ـی چیرۆکنووس یەکێکی دیکەیە لە سەرپەرشتیارانی ماڵی کتێب، لەبارەی ڕەگەزی نووسەران لە نێو ماڵی کتێب گوتی: ئێمە وەک ئەندامان و سەرپەرشتیارانی ماڵی کتێب بە هیچ شێوەیەک جیاوازی و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە کار و بەرهەمدا ناکەین و چ دەقێک جوان و بەردەست بێت و بۆمان گرنگ بێت دەیخەینە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانمان و چاپی دەکەین. بۆ نمونمە ٢١%ی ئەو کتێبانەی کە تا ئێستا چاپمان کردوون تایبەت بە خانمان و کچانی لاو بوونە و بەدەر لەمەش و لە فێستیڤاڵێکی گەورەدا کە بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ماڵی کتێب بەڕێوە چوو، کتێبێکمان بە ناوی (ژن ژیان دەنووسێتەوە) بۆ ٨١ ژنە شاعیری کوردستانی لە سەرتاسەری پارچەکانی کوردستان چاپ و بڵاو کردەوە کە هەر یەکەیان بە دەقێکی شیعری تێیدا بەشدار بوو و لە فێستیڤاڵەکەشدا زۆرینەیان ئامادە بوون و شیعرەکانیان خوێندەوە”.
“شۆڕش غەفووری”ـیوەرگێڕ و دیزاینەر و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ماڵی کتێب، باسی دواهەمین پڕۆژەی ماڵەکەی کرد کە کاتژمێر چواری ئێوارە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣/١٠/٢٠٢١ی زایینی لە هۆڵی ڕۆشنبیری هەولێر بەڕێوەدەچێت و گوتی: “بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی چالاکیی وێژەیی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی شەممە حەوتەمین کەڕنەڤاڵی ماڵی کتێب بەڕێوەدەبەین کە تیایدا بێجگە لە خوێندنەوەی شیعر و وتار، ١٥ کتێبی نوێی چاپکراوی ماڵەکەمان دەخەینە ڕوو کە بە سپۆنسەری سەنتەری تەکنەلۆژیا و ڕاهێنانی ئەوڕوپی ـ ETTC چاپ کراون و ڕێزلێنانیش دەبەخشینە چەندین کەناڵی میدیایی کە لە ماوەی ڕابردوو ڕووماڵی چالاکییەکانیان کردووین و بەدەر لەوەش نووسەرانی هەر پانزە کتێبەکە بانگ دەکرێنە ستەیج و کتێبەکانیان پێشکش دەکرێت و دواتر کتێبە چاپکراوەکانمان نمایش دەکرێن و دەفرۆشرێن و خۆشتان دەزانن کە فرۆشی کتێبەکانمان و هاوکارییە خۆبەخشەکانمان هەمووی دووبارە لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی دیکەی فەرهەنگی و ئەدەبی و هونەرییە”.
“زانا خەلیل”ـی شاعیر و وەرگێڕ و سەرپەرشتیاری ماڵی کتێب پێی وایە کە “ئەمە ئەگەر بکرێتە نەریت، چیتر ئەدیب و نووسەران پێویستیان نییە چاویان لە حکومەت و حزب بێت بۆ هاوکاریکردن و چاپی کتێبەکانیان و ئێمە دەبێت خۆمان لەسەر خۆمان بژین و وەک چۆن بەرهەمهێنەرین لە دەق، وەهاش دەبێت دەستگر و هاوکاری یەکتری بین لە دەرکەوتنی ئەو دەقانەی کە شایەنی ئەوەن لە نێو کتێبخانەی کوردیدا هەبن و سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە کتێب چاپ دەکەین هەوڵیشمان داوە کتێبخانە بنیات بنێین بۆ شوێنگەلێک کە پێویستیان بە خوێندنەوە و خۆبنیاتنان و هۆشیارکردنەوە هەیە. بۆ نمونە ئێمە لەم ماوەیە و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی چالاکیی وێژەیی هەولێر زیاتر لە ٤٠٠٠ کتێبمان بە کتێبخانەوە بۆ چاکسازی گەوران لە هەولێر دابین کرد کە ئەمە هەم جێگەی دڵخۆشی خودی ئەو کەسە بەندکراوانە بوو کە لەوێدا و لە چواردیوارییەکی چۆڵ دەمێننەوە و هەمیش هۆکارێکە بۆ دڵگەرمی ئێمە کە کتێب بخەینە بەردەم کەسانێک کە پوێستیان بە چاکسازی ڕۆحی و هۆشیارکردنەوە هەیە تا کەسانێکی بەسوود و گرنگ بن بۆ کۆمەڵگە لە دوای هاتنە دەرەوە لەو چوارچێوە تەسکە”.

ھەواڵی زیاتر