نیشتمانی فەلسەفەی د. محەمەد کەمال (چەند سەرنجێک بەبیانووی کتێبی نیشتیمانی فەلسەفەوە)

لە وڵاتێکدا کە هەمیشە بە تەنزەوە باسی فەلسەفە کراوە و وەکو جۆرێک لە قسەی زل و بێمانا لێکدراوەتەوە، کارکردن لەو دونیایەدا و هاوکات نیشتەجێبوون لە نیشتمانی فەلسەفەدا کارێکی ئاسان نییە.

لە وڵاتێکدا کە دوژمنی بیرکردنەوە و پرسیار و نوێگەریی و گومان بێت، نزیکبوون لە فەلسەفە و بیرمەندە گومانگەراکان کارێکی ئاسان نییە، هەرچەندە سەخت بێت، بەڵام کارکردن و نزیکبوون لێوەی ئەستەم نییە.
چل ساڵ زیاترە د. محەمەد کەمال لەنێو نیشتمانی فەلسەفەدا نیشتەجێیە و لەو چل ساڵەدا چەندین بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی لەم بوارەدا پێشکەشی کتیبخانەی کوردی کردووە. ئەمە بێجگە لەو دەیان کۆڕ و سیمینارەی کە لە زانکۆ و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا ڕێکیخستووە. ئەو بۆ دروستکردنی بیرکردنەوەی فەلسەفی و زیندووکردنەوەی فەلسەفە لە کۆمەڵگەیەکی مردوودا دەنووسێت. ئەو بە زمانێک دەنووسێت، کە بیری پێ نەکراوەتەوە و فەلسەفەی پێ نەنووسراوە، تەنها زمانی ئەدەب و شیعر بووە، زمانی فەلسەفە و زانست نەبووە. ئەو دەیەوێت بیکاتە زمانی فەلسەفە و بیرکردنەوە و توێژینەوەی فەلسەفی. ئەم فەلسەفەکارە لەگەڵ لە د. حەمید عەزیز زیادەڕەوی ناکەین، کە بڵێین دوو لە بناغەدانەرانی زمانی نووسینی فەلسەفین بە کوردی. هەردووکیان بە نووسین و وەرگێڕان ساڵ دوای ساڵ پانتایی بیرکردنەوە و زمانی گوزارشتنکردنیان بە کوردی زیاتر و فراوانتر کرد و ئاسۆی نوێیان لەنێو زمانی کوردیدا دۆزییەوە.
کتێبی “نیشتمانی فەلسەفە- گفتوگۆیەک لەگەڵ د. محەمەد کەمال” لە ئامادەکردن و نووسینی مامۆستا هەرێم عوسمان، گەشتێکی خێرا و بەچێژە بە ژیان و کارە هزرییەکانی ئەم فەلسەفەکارە کوردەدا. کتێبەکە لە دوتوێی 338 لاپەڕەدا دەیەوێت هاوکارمان بێت بۆ گەشتێک ئەگەرچی چەند وێستگەیەکی بیۆگرافی د. محەمەد کەمال لە خۆ دەگرێت، بەڵام گەشتێکی فەلسەفییە، بەڵام بە زمانێکی سادە و بە تێگەیشتنی قووڵەوە.
کتێبەکە سەرەتا لەسەر سەرەتاکانی ئاشنابوونی د. محەمەد کەمال دەوەستێت بە فەلسەفە، کە بیدایەت لەنێو گرووپی وجوودییەکاندا بووە و لە چل ساڵ زیاتر لەوەو بەرەوە کە ئاشنای “بوونگەرایی” دەبیت، تا هەنووکەش خاوەنی ئەو دیدە بوونگەراییەیە بۆ زۆرێک لە بابەتە هونەریی و ئەدەبی و فەلسەفییەکان بەکاری دەهێنێتەوە، یان خوێندنەوە و شیتەڵکاری دەکات.
د. محەمەد کەمال سەبارەت بە خۆدۆزینەوەی لەنێو دونیای فەلسەفەدا دەڵێت: “سیحری فەلسەفە ڕایکێشام و هەستمکرد نیشتیمانی بیرکردنەوەی خۆمم دۆزییەوە.” لە ڕاستیدا لە درێژەدا باس لەوەش دەکات، کە خوێندنەوەی فەلسەفە و پەرتووکە فەلسەفییەکان دەروازەیەک بوون بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە.
مرۆڤ لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا زۆری دەوێت تا خۆی دەدۆزێتەوە و پێویستی بە هەوڵ و تەقەللای بێوچان هەیە، بەڵام خوێندنەوە بە گشتی و خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی کۆمەککەرێکی چاک بۆ خۆدۆزینەوە. ئەم فەلسەفەکارە هەر لەسەرەتاوە بە جان پۆڵ سارتەر کاریگەر دەبێت و هاوکات بە مارتن هایدگەریش، ئیدی لەوێوە گەشتی فەلسەفی خۆی دەست پێ دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن و لەگەڵ سۆفیستاییەکان ئاشنا دەبێت. بەڵام هەموو ئاشنابوونەکانی بە بیرمەندانی دیکە لە فەلسەفەی بوونگەرایی داینابڕن و وەکو ئەوەی فەلسەفەی بوونگەرایی هاوتەریک لەگەڵ هزر و بوونی ئەمدا کۆچ بکەن.
ئێمە لە ڕێی ئەم کتێبەوە بە زۆرێک وردەکاریی نیشتمانی فەلسەفەی د. محەمەد کەمال ئاشنا دەبین، نیشتمانێک کە ساڵ دوای ساڵ ڕووبەرەکەی فراوانتر دەبێت و دەروازەی نوێ بەڕووی خوێنەرانیدا دەکاتەوە و پانتایی بیرکردنەوەی کوردی و زمانی نووسینی فەلسەفە بە زمانی کوردی ئاسۆی نوێی لەبەردەمدا دەکرێتەوە و کتێبخانەی کوردیش دەوڵەمەندتر دەبێت.
دەستخۆشی بۆ مامۆستا هەرێم عوسمان و ئەم گەشتە فەلسەفییانە بە نیشتیمانی فەلسەفی ئەم فەلسەفەکارانەدا. بەهیوام پرۆژەکەی درێژەی هەبێت و چەندین ڕێبواری دیکە بۆ گەشتی فەلسەفی بانگهێشت بکات.

ھەواڵی زیاتر