بیركردنە‌وە‌ی سیاسیانە‌ لە‌ كۆمە‌ڵناسیدا و گرنگییە‌كەی

دانا لە‌تیف

تاوە‌كو ئێستا نە‌ لە‌ كوردستان و نە‌ لە‌ خۆرئاوا بە‌ ڕوونی و بە‌ وردی باس لە‌ كۆمە‌ڵناسیی سیاسیی دۆركایم نە‌كراوە‌، بە‌ڵكو ئە‌وە‌ی باسیش كراوە‌ تە‌نیا چە‌ند وتار و بابە‌تێكی لابەلایە‌ كە‌ بە‌ وردی نە‌وە‌ستاوە‌تە‌ سە‌ر كۆی دید و بۆچوونە‌كانی دۆركایم لە‌ بارە‌ی سیاسە‌ت و كایە‌ی سیاسیی، سە‌رە‌كیترین هۆكاریش بۆ ئە‌م كە‌متە‌رخە‌مییە‌ لە‌ ڕاستیدا بۆ ئە‌وە‌ دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ كە‌ بە‌ ڕوونی دۆركایم بۆچوونە‌كانی خۆی لە‌م بارە‌یە‌وە‌ نە‌خستۆتە‌ ڕوو، تە‌نیا لە‌ كتێبی وانە‌ كۆمە‌ڵناسییە‌كان نە‌بێت كە‌ ئە‌ویش بە‌م دواییە‌ و لە‌ دە‌یە‌ی پە‌نجاكان وە‌رگێڕدرایە‌ سە‌ر زمانی ئینگلیزی، كە‌ دواتر هە‌وڵ دە‌دە‌ین بە ‌وردی لە‌سە‌ر ئە‌و بە‌رهە‌مە‌ بوە‌ستین و شە‌نوكە‌وی بكە‌ین، چونكە‌ لە‌و كتێبە‌ دۆركایم هە‌وڵی داوە‌ بە‌دیاریكراوی باس لە‌و پە‌یوە‌ندییە‌ بكات كە‌ لە‌ نێوان دە‌وڵە‌ت، كۆمە‌ڵگا، دیموكراسیی و ئە‌خلاقی پیشە‌ییدا هە‌یە‌، سیستە‌ماتیكترین هە‌وڵی كۆمە‌ڵناسانە‌ش بۆ شیكردنە‌وە‌ی كۆمە‌ڵناسیی سیاسیی دۆركایم بە‌شێكی كتێبی سیاسە‌ت، كۆمە‌ڵناسیی و تیۆری كۆمە‌ڵایە‌تیی ئە‌نتۆنی گیدنزە‌ كە‌ لە‌لایە‌ن نووسە‌ری ئە‌م توێژینە‌وە‌‌یە‌ وە‌رگێڕدراوە‌تە‌ سە‌ر زمانی كوردی.

ئە‌نتۆنی گیدنز لە‌ كتێبی ناوبراوی سە‌رە‌وە‌ پێی وایە‌ كە‌ تیۆری سیاسەت و دەوڵەتی دۆركایم، پتر لە هەموو بەرهەمەكانی ئەو سەبارەت بە تیۆری كۆمەڵایەتی لەپێش چاو نەگیراوە. ئەمەش دوو هۆی هەیە: یەكەم/ ئەوەی كە هەندێ لە ڕوونكردنەوە ستاندارەكانی بەرهەمەكانی ئەو (بەتایبەت بنیادی كردەی كۆمەڵایەتیی پارسۆنز.) لە پێش بڵاوكردنەوەی ئەو وتارانەی كە دۆركایم تێیاندا ڕاستەوخۆ پەرژاوەتە سەر پرسەكانی لێكدانەوەی سیاسی، نوسرا بوو. فاكتەری دووەم بە هۆی ئەو قۆناغەیە كە ڕاڤە سانەوییەكانی بەرهەمەكانی دۆركایم تەی كردووە. بە شێوەیەكی گشتی دۆركایم لەساتی ژیانییدا و كەمێك لە دوای مردنیشیدا، بە بەدیەێنەری شێوەی ڕادیكاڵی «واقیعگەرایی سۆسیۆلۆژی» لە پێش چاو دەگیردرێت، كە تاك بە پاشكۆی «زیەنی گروپی» بەرجەستەكراو دەزانێ و بیركردنەوەی سیاسی ئەویش بە شێوەیەك لە ناسیۆنالیزمی عیرفانی دادەنرا. لە گوزارشتەكانی دواتردا، هەڵسەنگاندنێكی كامڵتر و وردتر لە سۆسیۆلۆژیای گشتی دۆركایم خرایە ڕوو. بەڵام تەواوی ئەو هەوڵدانانە لە ڕووی لادانی بایەخی گشتی لە ناوەرۆكی سیاسی نووسینەكانی دۆركایم ئەنجام دەدرا و تەنها لایەنەكانی دیكەی بەرهەمەكانی ئەو دەخرێتە بەر جەختكردنەوەی واقیعی.
راڤەی پارسۆنز لە نووسینەكانی دۆركایم، ئەمرۆكەش لە پڕنفوزترین ڕاڤەكانی بەرهەمەكانی ئەوە. بە پێی ئەم ڕوانگەیە، بیركردنەوەی دۆركایم بە درێژایی ژیانی تووشی گۆڕانی قوڵ بووە: ئەو كە لە سەرەتادا لە هەڵویستێكی «پۆزەتیڤیستگەرایانە»ـەوە دەستی كرد بوو بە جوڵان (بەو چەشنەی كە لە بنەرەتدا لە كتێبی دابەشكردنی كار لە كۆمەڵگە و ڕێسای میتۆدی سۆسیۆلۆژی ئاشكرا و بەرچاوە) سەرئەنجام هەڵوێستێكی وەرگرت كە خەسڵەتێكی «ئایدیالیستانە»ی هەبوو. كاریگەری ئەم ڕاڤەیە، بە شێوەیەكی بنجبڕ، بێ بایەخی دەركەوتنی دابەشكردنی كارە لە نووسینەكانی دۆركایمدا. لەبەرئەوەی پێویستە شەنوكەوكردنی فیكرە سیاسییەكانی دۆركایم بە گوێرەی تیۆرێك بێ كە تێیدا بەرهەمەكە ڕوون بكرێتەوە، دەتوانین ئەنجامگیری بكەین كە ئەمەش مەیلی بۆ تەڵخكردن و لێڵكردنی وابەستەییەكانی سۆسیۆلۆژیای گشتی دۆركایم هەیە بە پرسە سیاسییەكان و چییەتی دەوڵەتی مۆدێرن. مەیلێكی وهها بە پێداگری پتری نیسبێت توندتر بوو كە ئەرگومێنتی ئەكرد دۆركایم لە نووسینەكانی دواتری خۆیدا، گرنگترین ئەو تیۆرانەی كە لە كتێبی دابەشكردنی كاردا بونیادنرابوو خستە پەراوێزەوە.
وە‌ك ئە‌وە‌ی پێشتریش ڕامانگە‌یاند كە‌ دۆركایم دیدو بۆچوونە‌كانی لە‌بارە‌ی سیاسە‌ت و دە‌وڵە‌ت بە‌شێوە‌یە‌كی ڕوون لە‌ هیچ بە‌رهە‌مێكیدا نە‌خستۆتە‌ ڕوو، بە‌ڵكو پتر لە‌ ڕێگە‌ی ئە‌و چە‌مك و دیدگا و ئاراستە‌ فیكرییانە‌وە‌ بۆی دە‌گە‌ڕایە‌وە‌ كە‌ ئە‌و بە‌ درێژایی ژیانی كاتە‌كانی خۆی بۆ تە‌رخان كردبوو، بۆنموونە‌ دۆركایم لە‌ ئاست هە‌موو تێز و ئایدیایانە‌ پە‌یوە‌ستبوو كە‌ لە‌ كتێبی دابە‌شكردنی كاری كۆمە‌ڵایە‌تی باسی لێوە‌كردبوو، بە‌ تایبە‌ت ئە‌و پلە‌بە‌ندییە‌ی نێوان یە‌كانگیری ئۆرگانیكی و یە‌كانگیری میكانیكی، تە‌نانە‌ت باسكردنی ئایینیش لە‌ كتێبی فۆرمە‌ بە‌راییە‌كانی ژیانی ئایینی، كە‌ لە‌ پێشتردا باسمان لێیكرد، بە‌جۆرێ لە‌ جۆرە‌كانە‌ گە‌رانە‌وە‌یە‌ بۆ یە‌كانگیری میكانیكی. هە‌روهها دە‌كرێ بڵیین قسە‌كردنە‌كانی لە‌بارە‌ی سۆسیالیزمیش بهەە‌مان شـێوە‌ قسە‌كردنە‌ لە‌و گۆڕانە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌ خێرایە‌ی سە‌ردە‌می ئە‌و كە‌ سۆسیالیزم بە‌رپرس بوو لە‌ دروستبوونی.
تێگە‌یشتنی دۆركایم بۆ دە‌وڵە‌ت بە‌ ڕوونی لە‌ كتێبی وانە‌كانی كۆمە‌ڵناسی: فیزیك و ئە‌خلاقیات و ماف و دابە‌شكردنی كاری كۆمە‌ڵایە‌تی خراوە‌تە‌ ڕوو. هە‌روهها ئە‌و دە‌وڵە‌ت و گرووپە‌ سیاسییە‌كان یان كۆمە‌ڵگای سیاسیی بە‌ یە‌كدە‌چوێنێت و پێی وایە‌ كە‌ ئە‌و توخمە‌ سە‌رە‌كییە‌ی كە‌ لە‌ هزری هە‌ر گرووپێكی سیاسیدا هە‌یە‌ بریتییە‌ لە‌ ململانێی حكوومە‌تبە‌سە‌ركراو و حكوومە‌تكە‌ر. ئە‌گە‌رە‌ زۆر بهەێزە‌ش بوونی هە‌یە‌ كە‌ ئە‌م جیاكارییە‌ لە‌ بنە‌ڕە‌تدا وە‌رچە‌رخانی كۆمە‌ڵایە‌تیی بوونی نە‌بووە‌؛ ئە‌م گریمانە‌یە‌ لە‌و ڕووە‌وە‌ شایە‌نی بایە‌خپێدانە‌ كە‌ چە‌ندان كۆمە‌ڵگامان هە‌یە‌ بە‌زە‌حمە‌ت ئە‌م جیاوازیە‌ ڕە‌نگی داوە‌تە‌وە‌، بە‌ڵام بهەە‌رحاڵ، ناكرێ ئە‌و كۆمە‌ڵگایانە‌ی ئە‌م جیاوازییە‌یان هە‌یە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌و كۆمە‌ڵگایانە‌ی كە‌ هاوشێوە‌ن بە‌یە‌ك شێوە‌ تە‌ماشای بكە‌ین، تە‌نانە‌ت ئە‌م جۆرە‌ لە‌ دە‌سە‌ڵات لە‌ شوێنێكی تری جگە‌ لە‌ كۆمە‌ڵگا سیاسییە‌كان دە‌دۆزرێتە‌وە‌ كە‌ ئە‌ویش خێزانە‌ و بە‌رپرسی خێزان هە‌موو دە‌سە‌ڵاتە‌كانی خێزانە‌كە‌ی بە‌دە‌ستە‌ و بە‌ جۆرێك لە‌ جۆرە‌كان خێزانی باوكسالاریی ڕۆمیی لە‌گە‌ڵ دە‌وڵە‌تێكی بچووك هاوشێوە‌یە‌.
شیكردنە‌وە‌ی دۆركایم بۆ دە‌وڵە‌تی مۆدێرن لە‌ دە‌قی دابە‌شكردنی كاریی ئە‌ودا بە‌ ڕوونی بوونی هە‌یە‌. لە‌ ڕوانگە‌ی دۆركایم دە‌ركە‌وتنی هە‌رچی زیاتری دە‌وڵە‌ت وە‌ك دامە‌زاروە‌یە‌كی جیاواز لە‌ دامە‌زراوە‌كانی كۆمە‌ڵگای مە‌دە‌نی، بە‌ هۆی گە‌شە‌سە‌ندنی دابە‌شكردنی كارە‌وە‌یە‌ و ڕە‌وتێك لە‌ ئارادا نییە‌ كە‌ كە‌ بكرێ پێچە‌وانە‌ بكرێتە‌وە‌. لە‌و كۆمە‌ڵگایانە‌ی كە‌ یە‌كانگیریی میكانیكی بوونی هە‌یە‌، دە‌وڵە‌ت بەهیچ شێوە‌یە‌ك بوونی نییە‌. دە‌وڵە‌ت تە‌نیا بهەۆی هە‌بوونی یە‌كانگیری ئۆرگانیكە‌وە‌ دێتە‌ كایە‌وە‌وە‌. هاوشێوە‌ی تێزی دابە‌شكردنی كار، پە‌رە‌سە‌رە‌ندنی كۆمە‌ڵگا بە‌رە‌و جیاكاری ناوە‌كیی دە‌بێتە‌ هۆی ڕزگاربوونی تاكە‌كان لە‌ دە‌سە‌ڵاتی ویژدانی دە‌ستە‌جە‌معی و سە‌ربە‌خۆیییان. وادە‌ردە‌كە‌وێت ئە‌م تێزە‌ پێكدژە‌، لە‌بە‌رئە‌وە‌ی دابە‌شكردنی كار لە‌ لایە‌ك هۆكاری زۆربوونی ئازادیی تاكە‌كانە‌ و لە‌ لایە‌كی تر هۆكاری فراوانبوونی دە‌سە‌ڵاتی دە‌وڵە‌تە‌. دۆركایم لە‌م بارە‌یە‌وە‌ پێی وایە‌ كە‌ هیچ پێكدژی و دژایە‌تییە‌ك لە‌ ئارادا نییە‌. لە‌ فۆرمی مۆدێرن و ئەمڕۆی كۆمە‌ڵگای لێوانلێو بە‌ یە‌كانگیری ئۆرگانیك، دە‌وڵە‌ت سە‌رە‌كییترین دامە‌زراوە‌ی جێبە‌جێكردن و زۆربوونی مافە‌كانی تاكە‌. بە‌م شێوە‌یە‌، دۆركایم بە‌گوێرە‌ی بە‌ڵگە‌ ئە‌زموونییە‌كان لە‌بارە‌ی پە‌یوە‌ندییە‌ دوولایە‌نییە‌كانی دە‌وڵە‌ت و هاووڵاتیان، لە‌ لایە‌ك ڕێگاچارە‌ی تاكگە‌رایانە‌ی سپنسە‌ر و ئابووریزانانی كلاسیك و هە‌روەها كانت، ڕۆسۆ و ڕۆحباوە‌ڕان (spiritualists) و لە‌ لایە‌كی تر ڕێگاچارە‌ عاریفانە‌ (Mystic)ەکەی هێگڵ ڕە‌ت دە‌كاتە‌وە‌. لە‌ دیدی تاكگە‌رایان ئامانج و مە‌بە‌ستی كۆمە‌ڵگا تاكە‌ و ڕۆڵی دە‌وڵە‌ت پێشگرتن و درووستكردنی بە‌ربە‌ستە‌ لە‌بە‌ردە‌م ئاكامە‌ خراپە‌كانی كۆمە‌ڵگا بۆ تاك و بە‌رێوە‌بردن و جێبە‌جێكردنی دادپە‌روە‌ری بە ‌شێوە‌یە‌كی تە‌واو نە‌رێیانە‌. دۆركایم ئە‌م دیدە‌ بە‌ دژە‌ واقع لە‌قە‌ڵە‌م دە‌دات. ئە‌و ئە‌وە‌ش دە‌خاتە‌ ڕوو كە‌ هە‌ر چە‌ندە‌ لە‌ مێژوودا بە‌رە‌و پێش برۆین، زۆربوونی ئە‌ركە‌كانی دە‌وڵە‌تیش زیاتر دە‌بێت و بە‌رچاومان دە‌كە‌وێت.
نابێ باسی ئە‌وە‌ش نە‌كە‌ین كە‌ دۆركایم بە‌رادە‌یە‌كی زۆر كاریگە‌ر بوو بە‌ سۆسیالیستە‌ ڕیفۆرمخوازە‌كان یان سۆسیالیستە‌ ئە‌كادیمییە‌كان، وە‌ك ئە‌وە‌ی ئە‌نتۆنی گیدنزیش لە‌ كتێبە‌كە‌ی بە‌ناوی (سیاسە‌ت، كۆمە‌ڵناسی و تیۆری كۆمە‌ڵایە‌تی) باسی لێوە‌ دە‌كات. هە‌ر بە‌م هۆیە‌ بوو بە‌شێك لە‌ وانە‌ و وتارە‌كانی لە‌ ساڵنامە‌ی كۆمە‌ڵناسی پە‌یوە‌ست كرد بە‌م باسە‌وە‌.
لێرە‌ بە‌دواوە‌ هە‌وڵ ئە‌دە‌ین لە‌ چە‌ند چە‌مكێك تێبگە‌ین لای دۆركایم، ئە‌ویش بە‌ گە‌ڕانە‌وە‌ بۆ كتێبی وانە‌ كۆمە‌ڵناسییە‌كان، بە‌تایبە‌ت چە‌مكە‌كانی كۆمە‌ڵگای سیاسی، دە‌وڵە‌ت و دیموكراسیەت. كۆمە‌ڵگای سیاسیی تا رادە‌یە‌كی زۆر پێكهاتە‌ی كۆمە‌ڵناسیی سیاسیی دۆركایم پێك دەهێنیت كە‌ بریتییە‌ لە‌ كۆبوونە‌وە‌ی ژمارە‌یە‌ك خە‌ڵك لە‌ گرووپە‌ پانە‌وییە‌كان كە‌ دوای تاكە‌ دە‌سە‌ڵاتێك دە‌كە‌ون و خۆیشیان لە‌ سنووری هیچ دە‌سە‌ڵاتێكدا باڵاتر نین. بۆیە‌ ئە‌و كۆمە‌ڵگای سە‌رە‌تاییە‌ی كە‌ هە‌ڵگری دە‌سە‌ڵاتێكی جێگیر نییە‌ بە‌ كۆمە‌ڵگای سیاسی لەقە‌ڵە‌م دە‌درێت. بە‌ مانایە‌كی تر، كۆمە‌ڵگای سیاسی بریتییە‌ لە‌ حكوومە‌ت و حكوومە‌تبە‌سە‌رداكراو.
بۆیە‌ ئە‌وە‌ی گرنگە‌ لێی تێبگە‌ین كە‌ كۆمە‌ڵگای سیاسی لە‌ دیدی دۆركایم واتە‌ ئە‌و پە‌یوە‌ندییە‌ی لە‌ نێوان حكوومە‌ت و ئە‌و كە‌سانە‌ی كە‌ فە‌رمانڕە‌وایە‌تییان بە‌سە‌ردا دە‌كرێت، ئە‌م پە‌یوە‌ندییە‌ وە‌ستاوە‌تە‌ سە‌ر چە‌ند ڕێسایە‌كی سیاسیی سیستە‌ماتیكانە‌.
بێجگە‌ لە‌وە‌ش دۆركایم لە‌ كتێبی وانە‌ كۆمە‌ڵناسییە‌كان هە‌وڵە‌كانی دە‌خاتە‌گە‌ڕ بۆ ئە‌وە‌ی بە‌ وردی پێناسە‌ی دە‌وڵە‌ت بكات و پێی وایە‌ دە‌وڵە‌ت پێكهاتە‌ی باڵادە‌ستیی كۆمە‌ڵگای سیاسییە‌. لای ئە‌و، دە‌وڵە‌ت هیچ شتێك جێبە‌جێ ناكات و ناكرێ دە‌وڵە‌ت لە‌گە‌ڵ دە‌سە‌ڵات یان هێزی جێبە‌جێكردن تێكە‌ڵ بكرێت. دە‌وڵە‌ت پێكهاتنی بیركردنە‌وە‌ی كۆمە‌ڵایە‌تییە‌: بیركردنە‌وە‌ بۆ ڕێبە‌رایە‌تیكردنی ڕە‌فتاری بە‌كۆمە‌ڵ.
شایە‌نی باسە‌ چە‌مكی دیموكراسی پانتاییە‌كی بە‌رفراوان لە‌ كۆمە‌ڵناسیی سیاسیی دۆركایم پێك دەهێنیت كە‌ ناكرێ لە‌بیر بكرێت. بە‌شێوە‌یە‌كی گشتیی دۆركایم پێی وایە‌ كە‌ ئە‌و دیدە‌ی دە‌یە‌وێ دیموكراسیەت لە‌ ژمارە‌ و بە‌شداری چە‌ند كە‌سێك لە‌ حكوومە‌ت بە‌ پرۆسە‌یە‌كی دیموكراسییانە‌ كورت بكاتە‌وە‌، ئە‌و دیدە‌ بۆچوونێكی هە‌ڵە‌یە‌ و پێویستی بە‌ ڕاستكردنە‌وە‌یە‌، چونكە‌ لە‌ كۆمە‌ڵگای مۆدێرن بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی خە‌ڵك بە‌شداریی لە‌ پرۆسە‌ی حكوومە‌ت و هە‌ڵبژاردنیدا دە‌كە‌ن. بۆیە‌ دۆركایم هە‌وڵ دە‌دات پێودانگێك بۆ لە‌بە‌ریە‌كهە‌ڵوە‌شانە‌وە‌ی فۆرمە‌ هە‌مە‌چە‌شنە‌كانی دە‌وڵە‌ت و دیموكراسیەت بخاتە‌ ڕوو كە‌ لە‌گە‌ڵ پێناسە‌كە‌ی بۆ دە‌وڵە‌ت تە‌با و ه‌ماهە‌نگە‌. ئە‌و دە‌وڵە‌تە‌ی هە‌م بنە‌مای بیركردنە‌وە‌ی كۆمە‌ڵگا و هە‌م ڕە‌نگدانە‌وە‌یە‌كی سادە‌ و ساكار نییە‌ لە‌ ویژدانی دە‌ستە‌جە‌معی. بە‌م چە‌شنە‌ دۆركایم لە‌ پێناسە‌ی دیموكراسیەت پێی وایە‌: پە‌رە‌سە‌ندنی هە‌رچی زیاتری ویژدانی حكوومە‌ت و لە‌ ئاكامدا بڕیاری پە‌یوە‌ست بە‌ كۆمە‌ڵگایە‌. بۆیە‌ دیموكراسیەت تە‌باترین سیستە‌می سیاسییە‌ كە‌ توانای تێگە‌یشتن لە‌ تاكی هە‌یە‌، یە‌كێك لە‌ باشییە‌كانی دیموكراسیەت لە‌مە‌دایە‌ كە‌ ڕێگە‌ بە‌ هاونیشتمانان دە‌دات یاساكانی وڵاتە‌كە‌یان بە‌ وریایی و وشیارییە‌وە‌ قەبووڵ بكە‌ن.

ھەواڵی زیاتر