(گەشتێک بە نیشتمانی فەلسەفەی فەلسەفەکارانی کورددا)

ئارام كۆشكی – سلێمانی

د. حەمید عەزیز، یەکێکە لە فەلسەفەکارە پڕ بەرهەمەکانی دونیای بیرکردنەوەی کوردی. ئەو لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستدا یەکەم بەرهەمی خۆی سەبارەت بە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانی کون بڵاو کردەوە. ئەو کتێبەی تا ئێستاش دەنگدانەوە و خوێنەری بەردەوامی خۆی هەیە و دەتوانین بڵێین یەکێکە لەو کتێبە سەرەتاییانەی کە کتێبی فەلسەفین و لەو قۆناغەدا بە زمانی کوردی نووسراون.

ئەم فەلسەفەکارە لەوکاتەوە تا هەنووکە بەردەوامە لە توێژینەوەی فەلسەفەی و گەشتە فەلسەفییەکەی هەر بەردەوامی هەیە. لە چەند رۆژی ڕابردوودا یەکێک لەو کتێبانەم خوێندنەوە کە تایبەتە بە ژیان و ئەزموونی ئەم فەلسەفەکارە و ئەویش کتێبی “نیشتیمانی فەلسەفە؛ د. حەمید عەزیز”، ئەم کتێبە مامۆستا هەرێم عوسمان ئامادەی کردووە و گەشتێکی چڕوپڕە لە ژیانی ئەم نووسەرەی بواری فەلسەفە و هاوکات لە چەند وێستگەیەکیشدا دەتوانین بڵێین گەشتێکی فەلسەفییە.
مامۆستا هەرێم لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژە بۆ زۆر لایەنی ژیانی ئەم فەلسەفەکارە و پرسی پرسیارکردن و وروژاندنی پرسیار دەکات هاوکات دەنووسێت: “ئەم بەرهەمەی بەردەستت گەشتێكی دوورودرێژە لەگەڵ فەلسەفەكارێكی بە ئەزموونی كورددا، گەشتی پرسیارە نەك وەڵام. د.حەمید عەزیز؛ یەكێكە لەو فەلسەفەكارانەی ماوەی زیاتر لە چل ساڵە لەبواری فەلسەفەدا دەنووسێت، دەشتوانین بڵێین یەكەم كوردە كە پلەی پرۆفیسۆری لە فەلسەفەدا هەیە. چاوبڕین لەم ئەزموونە فراوانە و بەردەوامبوونی ئەم ئەزموونە زیاتر منی ئامادەكاری تینو كردووە، لەبەرئەوە ئەم بەرهەمە تەواونەكراوە. ئەمە دەستپێكی گەشتەكەیە، سەرەتایە نەك كۆتایی. ئەم بەرهەمە ئاشنابوونێكی سەرەتایە بە ئایدیاو جیهانبینی و كەسێتی فەلسەفەكار.”
وەک دەبینین ئامادەکاری ئەم پەرتووکە لافی ئەوە لێ نادات کە ئەم گەشتە فەلسەفییە لەگەڵ ئەم فەلسەفەکارە بە کۆتا گەیشتووە، بەڵکو ئەو دەڵێت ئەمە سەرەتایە و دەکرێت گەشتەکە بەردەوامی هەبێت. دواتر و هەر لە پێشەکییەکەدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە “لەم بەرهەمەدا زۆر هەوڵمدا لە ڕێگەی نامەو دەستنووس و وێنە و كەسێتییەكانی نزیك لەم فەلسەفەكارە زیاتر خوێنەر ئاشنا بكەم بە كەسێتی و ژیانی، بەڵام بەهۆی دووریمان لەیەكدی و هاوكات بێ ماڵی ئەوان و پەرتبوونی بەرهەم و وێنە و نامەكانییەوە بۆ ئەم گەشتە تەنیا ئەوە كراوە، كە لێرەدا تۆی خوێنەر دەیبینیت. ئومێد دەكەم لە گەشتەكانی دیكەدا بتوانم زیاتر لەسەر ئەم كەسێتییە و دنیابینی و ژیانی كەرەسە كۆبكەمەوە.
کتێبەکە تەنها بەوە نەوەستاوە کە بۆچوونی د. حەمید عەزیز لە ڕێی پرسیار و وەڵامەوە بخاتەڕوو، یان دەتوانین بڵێین لەو بوارەدا کتێبەکە بەو شێوەی کلاسیکییە نەکراوە، بەڵکو بەشێوەیەکی نوێ کراوە و هاوکات بۆچوونی گەلێک لە کەسە نزیک و هاوڕێکانی د. حەمید عەزیز خراوەتەڕوو کە ئەمەش بەشێک لە لایەنە پەنهانەکانی ژیانی ئەم نووسەرە بۆ خوێنەر ئاشکرا دەکات. کتێبەکە 244 لاپەڕەیە و بە خوێنەوەی خوێنەر ئاشنا دەبێت بە ژیانی ئەم فەلسەفەکارە کە زیاتر لە 30 کتێبی لە ماوەی ئەو چل ساڵە تەمەنەی بۆ فەلسەفەی تەرخان کردووە بە نووسین و وەرگێڕان پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.
د. حەمید عەزیز؛ لەو فەلسەفەکارە کەمدوو و نەبینراوانەی کوردە کە تا ئێستا لە شێوەیەکی باش ئاوڕ لە بەرهەمەکانی و ژیانی نەدراوەتەوە و ئەم هەوڵەی مامۆستا هەرێم عوسمان جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە و هیوادارم مامۆستا هەرێم بتوانێت گەشتە فەلسەفەییەکانی لەگەڵ نیشتیمانی فەلسەفی گەلێک فەلسەفەکاری دیکەی کورددا درێژە پێ بدات و وەکو چۆن گەشتی یەکەمی تەرخان کرد بۆ د. محەمەد کەمال، ئێمەی خوێنەر چاوەڕوانی گەشتی سێیەم و چوارەمی بۆ نیشتیمانی فەلسەفەکارانی کورد.

ھەواڵی زیاتر