ڕاکردن لە ناسنامە

هەرچەند سنوورە دەستکردە سیاسییەکان و مەودا دوورەکان مرۆڤەکان لە یەکتریی دوور بخاتەوە، بەڵام ئەدەب و هونەر ئەو جێگەیەن کە دیسان هەموو مرۆڤەکان لە هەر ڕەنگ و ڕەگەز و نەتەوە و زمانێک بن و لە هەر کوێی ئەم گۆزەویە بن، پێکەوە کۆ دەبنەوە و لەسەر خوانی ئەدەب و هونەر پێکەوە کۆ دەبنەوە.

ئەو پەیوەندییەی سیاسەت و ئابووریی و چاوچنۆکی تێکی دەدات، ئەدەب و هونەر ڕۆی دەنێتەوە، لە خۆڕا نییە خوێنەران بۆ مردنی بۆرخیس لە ئەرجەنتین لە کیشوەری ئەمەریکای باشوور نیگەرانن و هاوسۆزن لەگەڵ جۆزیف کۆنراد و خەمبارن بە خۆکوشتنی یاسۆناری کاواباتا و دڵخوازی رۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی و تۆلسۆی و مەکسیم گۆرکین، ئەگەرچی ئەمانە هەریەکە و بەزمانێک و لە نەتەوە و ڕەنگێکی جیان. ئەوەی ئەم فەزڵەی بەرکەوتووە تەنها ئەدەب و هونەرە کە مرۆڤەکان دەکات دۆست و هاوخەمی یەکتری.
رۆمانی “کچەی قووچەکە لەپەنجە” یەکەم ڕۆمانی میخائیل کویلمایەر-ی نەمساوییە و “کەریم پەڕەنگ” لە ئەڵمانییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە چاپخانەی کارۆ لە شاری سلێمانی بە چاپێکی قەشەنگ لە چاپدراوە. لەم رۆمانەدا چەشنی رۆمانەکانی چارلز دیکنز بەر ژیانی پڕ چەرمەسەری منداڵان و مێرمنداڵان دەکەوین، بەڵام بە خەمی مۆدێرن و لەسەردەمی ئێستادا. لەم ڕۆمانەدا دیمەنی چەند منداڵێکی بێوڵات پیشان دەدا.
چیرۆکی ڕۆمانەکە لە شوێنێک، لە شارێکی گەورەی ئەوروپا دەست پێ دەکات. کاتێک کچێکی بچووک دێتە بازاڕ و برسییەتی تەنگی پێ هەڵچنیوە و تەنها وشەیەکی زمانی ئەو وڵاتە تێناگات. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کاتێ وشەی “پۆلیس” دەبیستێ، دەقیژێنێ. لە ڕۆمانەکەدا شوێنی هاتنی کچەکە و ئامادەبوونی لەو ئێستایەی نێو پانتایی رۆمانەکە دیار نییە. هەتا ناتوانێت بە دروستی ناوی خۆی گۆ بکات و تەنها دەڵێ ناوی (یزا)یە.
چیرۆکی ئەم کچە درێژ دەبێتەوە تا ئەوکاتەی تووشی دوو کوڕ دەبێت، کە هاوشێوەی خۆی بێوڵات و سەرگەردانن. دواتر هەرسێکیان هەمان چارەنووسی تراژیدی کۆیان دەکاتەوە تا دەگاتەوە ئەوەی لە ئۆردوگایەکیان خۆیان دەبیننەوە. بەڵام ژیانی ئەوی ڕازیان ناکات و ئەوان خاوەنی خەونی دیکە و خولیای گەورەترن. پلانی ڕاکردن دادەنێن و هەڵدێن. ژیانی ئەم سێ فیگۆرەی نێو ئەم رۆمانە لەنێوان ڕاگرتن و گرتندا بەردەوام دەبێت وەکو ئەوەی رۆمانووس بیەوێت بڵێن مرۆڤی ئەم سەردەمە بوونەوەرێکە لەنێوان هەڵهاتن و دەستگیرکردنەوەدایە.
بێگومان گێڕانەوەی تەواوی رۆمانەکە چێژی بۆ خوێنەر ناهێڵێت، بەڵام ئەوەی گرنگە لە کۆتایی ئەم ڕانانەدا ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە بێناسانامەیی ئەم کاراکتەرانەی لەم رۆمانەدا، دەشێ هەوڵێک بێت بۆ نووسینەوەی ئەو هەڵهاتن و ڕاکردنەی مرۆڤی مۆدێرن بۆ ڕاکردن لە ناسنامە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام، ئیدی گرنگ نییە ناسنامەکەی چییە؟ چ نەتەوەیەکە؟ بە چ زمانێک دەئاخفێت و چی لەبەر دەکات؟ ئەوەی گرنگە کەرامەتی مرۆیی پارێزراو بێت و وەکو مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت کە بڵێین ئەم رۆمانە لەو رۆمانانەیە کە زۆر لە دۆخی مرۆڤی سەردەم و ئەو کێشانەوە نزیکە لە مرۆڤ لە هەموو جێگەیەکی سەر ئەم زەوییە گیرۆدەیەتی.
دەستخۆشی بۆ وەرگیری رۆمانەکە “کەریم پەرەنگ” هەوڵدان بۆ ناساندنی نووسەرە نەناسراوەکان بە خوێنەرانی کورد، کە کویلمایەر یەکێکە لەوانە.

ھەواڵی زیاتر