جیابوونەوە وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی

کۆمەڵناسەکان بەشێوەیەکی ورد لە بابەتی جیابوونەوە دەکۆڵنەوە و وەک بابەتێکی سەرەکیی بوارەکەیان تەماشای دەکەن. لەم ڕاپۆرتە شیکارییە بە وردی هۆکارەکانی جیابوونەوە شی دەکەینەوە. ئەگەر هاوسەرگیری پرۆسەیەکی بەستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی بێت لە نێوان دوو کەس بەگوێرەی ئەو شتانەی ئەو دوو لایەنە بڕوایان پێی هەیە. ئەوا جیابوونەوە بەمانای ڕزگاربوون و وازهێنانە لەو پەیمانەی کۆمەڵایەتییەی کە لە نێوان ئەو دوو کەس هەبووە و لەم نێوانەدا خێزان ئەرکەکانی خۆی لە دەست دەدات و هەر یەک لە هاوسەرەکان بەگوێرەی ئەوەی خۆیان پێیان خۆشە ڕەفتار دەکەن و هیچ شتێک بەیەکەوەیان نابەستێتەوە.

پرسی جیابوونەوە یان تەڵاق لە رووی مرۆییەوە کۆمەڵێ لایەن و ڕەهەندی هەیە، لە لایەم دیاردەیەکی یاساییە کە لە رووی مافەوە تاوتوێ دەکرێت و شی دەکرێتەوە، لە لایەکی دیکە دیاردەیەکی ئابوورییە، ئەمە بەو مانایەیە کە خێزان وەک یەکەیەکی ئابووری لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبێت و رێژە و ئاستی داهاتی خێزان دەبێتە شتێکی گرنگن و بایەخی زۆری هەیە.
بەڵام لە لایەکی دیکە، جیابوونەوە دیاردەیەکی دەروونییە، لەبەرئەوەی کاریگەریی زۆر لەسەر دەروون و لایەنی سایکۆلۆژیی منداڵ و خێزان دادەنێت. هەروەها جیابوونەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییشە، چونکە هۆکار و زەمینە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگەش لە رێگەی خێزانەوە بینا دەکرێت و لە رێگەی جیابوونەوەش ئەو بیناکردنەوە لەرزۆک و شێواو دەبێت.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە زۆر بەرزبونەتەوە و تاڕادەیەک نزیک بووەتەوە دوو بەرابەری ساڵانی رابردوو، ئەمەش، رێژەیەکی یەکجار زۆرە بۆ هەرێمی کوردستان و لە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە بەتایبەت لە بەراورد بە رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیریی.
ئەو گوێرەی ئەو داتایە بێت، رێژە‌ی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی (30% تا 40%) بەرز بۆتەوە، کۆمەڵناسەکان هۆکاری زۆربوونی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێ هۆکار دەگەڕێننەوە.
دانا عەلی پێیوایە هۆکارەکان لە ئێستا پەیوەندیی بە قەیرانی ئابوورییەوە هەیە، چونکە تا قەیرانی ئابووریی زیاتر بێت کاریگەری لەسەر داهاتی خێزان دەبێت و ئەگەرەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان زیاتر دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتیی و دەروونیی هاوسەرەکان و منداڵەکانیان دەبێت. هەروەها کاروان محەمەد یەکێکە لە پارێزەرە خێزانییەکان پێیواییە هۆکاری جیابوونەوە لە ئێستادا بەهۆی، خیانەتی هاوسەرییە، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەرفەتی هەڵخەڵەتاندن و فێڵلێکردن و خیانەتپێکردن زیاتر دەکات. ئەو پارێزەرە پێیوایە کە ئەو کەیسانەی لە ئێستادا لە سەروبەندی جیابوونەوەدان زۆربەیان بەهۆی خیانەتکردن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووە.
جگە لەوانەش، تێکەڵاوبوونی کولتووری بێگانەش یەکێکە لە هۆکارە کارتێکەرەکان چوونکە ئەو کولتوورە تازانە تووشی بەرکەوتن دەبنەوە لەگەڵ کولتووری گشتیی کۆمەڵگە، هەر بۆیە زۆربەی کات کاریگەری لە هێنانەکایەوەی کولتووری دیکە دادەنێت.
کاریگەرییەکانی جیابوونەوەی هاوسەران هەمەلایەنەیە، لە لایەک کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی تاکی کۆمەڵگە دروست دەکات و منداڵی ئەو کەسانەی لەیەک جیادەبنەوە دەکرێ لە رووی کەسایەتییەوە تووشی ناڕێکی و پەشێوی ببنەوە، هەروەها کاریگەریی لەسەر بینای کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەش هەیە، چونکە خێزان یەکێکە لە یەکە کۆمەڵایەتییە هەرە گرنگەکان، جگە لەوەش، بە زیادبوونی جیابوونەوە، ئاسایشی کۆمەڵایەتیش دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، بۆیە کۆمەڵناسەکان پێیانوایە پێویستە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان، هەتا زووە رێگەچارەی گونجاو و ئەقڵانی بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی ریژەی جیابوونەوە.

دانا لەتیف

ھەواڵی زیاتر