ئەمەریکا چارەنووسی پلاتفۆڕمی ‘تیکتۆک’ـی لە وڵاتەکە یەکلایی کردەوە

دادگا باڵای ئەمەریکا پەسەندی یاسایەکی کرد کە بەکارهێنانی پلاتفۆڕمی تیکتۆک لە وڵاتەکە قەدەغە دەکات.

ئەمڕۆ هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، دادگای باڵای ئەمەریکا، پەسەندی یاسایەکی کرد، کە بەکارهێنانی پلاتفۆڕمی تیکتۆک لە وڵاتەکە قەدەغە دەکات و  یەکشەممەی داهاتوو بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

170 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا تیکتۆک بەکار دەهێنن و بەهۆی بڕیارەکەی دادگاوە ئیدی وەشانی نوێیان بۆ پلاتفۆڕمەکە پێ ناگات، ئەمەش ناچاریان دەکات پلاتفۆڕمەکە بەکارنەهێنن و لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانیان بیسڕنەوە.

پارێزەری تیک تۆک، دەڵێت: کۆمپانیای ‘بایت دانس’ـی چینی کە خاوەندارێتی تیکتۆک دەکات، هەفتەی ڕابردوو لە دانیشتنێکی دادگادا ڕایگەیاندووە، تیک تۆک ڕۆژی یەکشەممە کارکردنی ڕادەگرێت، مەگەر دادگا ڕێگە بە مانەوەی کاتی نەدات یان یاساکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئیدارەی بایدن، تیکتۆکی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا پێناسە کردووە، بەڵام ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو مایک واڵتز، ڕاوێژکاری دەستنیشانکراوی ئاسایشی نیشتمانی لە حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ترەمپ بیر لە بژاردەی هێشتنەوەی تیکتۆک بکاتەوە.