نوجەبای عێراقی: ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل ڕادەگرین

ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل ڕادەگرین.

ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند “ئێمە پیرۆزبایی لە گەلی فەڵەستین دەکەین، ڕێککەوتننامەی ئاگربەست گرنگە، ئێمە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئەو ئاگربەستەدا ڕادەگرین.”

ئاماژەی بەوەش کرد “پەنجەمان هێشتا لەسەر دوگمەی مووشەکەکانمانە، هەروەها مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان بە تەواوی ئامادەن، ئەگەر بگەڕێنەوە، ئێمەش دەگەڕێینەوە.”

چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە و پرسی ئازادکردنی دیل و بارمتەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

سەرچاوەیەکی فەڵەستینی نزیک لە دانووستانەکانی دەوحە ڕایگەیاند: “بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی هاوڕان لەسەر ڕێککەوتن بۆ ئاگربەست و گۆڕینەوەی دیل و بارمەتەکان لەگەڵ ئیسرائیل.”

ئەو سەرچاوە فەڵەستینییە ئاشکرای کردووە “حەماس و جیهادی ئیسلامی نێوندگرەکانیان ئاگەدار کردووەتەوە لەوەی ڕازین بە ڕەشنووسی کۆتایی بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست و گۆڕینەوەی دیلەکان.”

سەرچاوەکە ڕایدەگەیەنێت: “حەماس لەڕێگەی نێوندگیرەکانەوە نەخشەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە ماوەیەکی دیاریکراودا، وەک قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بە لایەنی بەرانبەر گەیاندووە.”