ڕائیب جادر – هەولێر
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەرێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ٨٦ ھەزار و ٢٣٩ ھەزار ھاوبەشی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ھەن. دەشڵێ: لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ کارەبای تەواوی گەڕەکەکانی ناو شاری سۆران دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، دواتر پڕۆژەکە فراوانتر دەکرێت دەوروبەر و قەزاکانی دیکەش دەگرێتەوە.
کارەبا دەبێتە ٢٤ کاتژمێری
بەرێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، ئاشکرای کرد: لیژنەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بڕیاریان داوە لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ کارەبای تەواوی گەڕەکەکانی سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران بکەنە ٢٤ کاتژمێری، ئەوەش بۆ ئیدارەی سۆران زۆر گرنگە و مووەلیدەی ئەھلی نامێنن، خەڵکیش پێشوازیان لەو بڕیارە کردووە و خۆشحاڵن بەوەی کارەباکەیان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، ھەر بۆ ئەو مەبەستە لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران ھەموو ئامادەکاریەک کراوە، ھەر کاتێک لیژنەکە سەردانی ئێمەی کرد ئامادەینە و ھیچ کێشەیەکمان نییە، نەک تەنیا لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران دەتوانین کارەبا بکەینە ٢٤ کاتژمێری، بەڵکو لە ھەندێک شوێنی دەوروبەریش دەتوانین ئەو کارە بکەین، واتە لە ھەر شوێنێک پێوەری زیرەک بەسترا بێت کێشەمان نییە، تەنیا لە ھەر دوو قەزای مێرگەسۆر و چۆمان نەبێت، ئەویش بەھۆی ئەوەی کە تا ئێستا پێوەری زیرەک لەو دوو شوێنە نەبەستراوە، بەڵام ئەمساڵ لەو دوو شوێنەش پێوەری زیرەک دەبەستین و ھیچ کێشەیەکمان نابێت.
دۆخی کارەبا
ساڵ بە ساڵ خواست لەسەر کارەبا لەلایەن ھاووڵاتییانەوە زۆرتر دەبێت، بەو ھۆیەشەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبا ناچار بوون پێوەری زیرەکی کارەبا دابنێن کە بە تۆڕی زیرەک ناو دەبردرێت، لەگەڵ ئەوەش لە ھەوڵدان کێشەی کەمیی پێدانی کارەبا باشتر بکەن و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاتر بکەن، کە بە دانانی پێوەری زیرەک کۆنتڕۆڵی بە فیڕۆدانی کارەبا کراوە. بەرێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، گوتیشی: لە ئیدارەی سۆران لە دوو کاتی جیاوازدا کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە ھاووڵاتییان، ئەوەش لەبەر ئەوەیە گوندەکانی دەوروبەر مووەلیدەیان نییە، ناچارین بە شەو کارەبا بۆ ئەو شوێنانە دابین بکەین، واتە ئەو شوێنانە ھەشت کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان ھەیە، لە شوێنەکانی دیکەش وەکو سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران ٨ کاتژمێری دیکە کارەبایان ھەیە، نەک تەنیا لە ئیدارە سۆران، بەڵکو لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبوونەتەوە، ھۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر کارەبا زیاتر دەبێت، ئەوەش وا دەکات ھاووڵاتییان زیاتر کارەبا بەکاربھێنن، ئەگەر کارەباکە ٢٤ کاتژمێر بێت پێویستمان بە ٧ ھەزار مێگاواتە، ئێستا تەنیا ٣٥٠٠ مێگاوات کارەبا لەبەر دەستە، پێشبینی دەکەین لە داھاتوودا ئەو خواستە زیاتریش ببێت، چونکە ھاووڵاتییان کارەبا وەکو بەدیلێکی تەواوی سووتەمەنی بەکاردەھێنن.
ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەکانی سەر کارەبا
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەرێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، ڕوونیشیکردەوە: لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران و شوێنەکانی دیکە چەند لیژنەیەکمان پێکھێناوە بەردەوام سەردانی ھاوبەشانی کارەبا دەکەن، ھەر کەسێک زێدەڕۆی کردبێتە سەر کارەبا، کارەباکەی دەبڕدرێت و سزا دەدرێت، خۆشبەختانە زێدەڕۆییەکان لە سەنتەری شاری سۆران نەماون، بۆ دەوروبەریش ڕۆژانە تیمەکانی ئێمە دەگەڕێن ھەر شوێنێک ببینن زێدەڕۆی کرابێتە سەر کارەبا، کارەباکەی دەبڕن و خاوەنی ماڵەکەش سزا دەدەن، لەو شوێنانەشی کە پێوەری زیرەک نەبەستراوە، زیاتر زێدەڕۆی دەکرێتە سەر کارەبا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر توانیومانە ئەو دیاردەیە نەھێڵین.
پێوەری زیرەک
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەرێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، زیاتر گوتی: لە کابینەی نۆیەم باشترین بڕیار کە درابێت، بەستنی پێوەری زیرەک بوو، چونکە ئەگەر پێوەری زیرەک نەبوایە، فیدەرەکان ھەموو ئۆڤەرلۆد دەبوون، ئەوەش لەبەر ئەوەیە زەختێکی زۆریان لەسەرە، بەڵام پێوەری زیرەک ڕێگری کردووە لە سووتانی محاویلەکان، لە ھەمان کاتدا پێوەری زیرەک بۆ کۆکردنەوەی پارە زۆر باشە، جاران ئێمە لە دوای ھاووڵاتییان دەچووین، ئێستا ھاووڵاتییان بەخۆیان سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا دەکەن و پارەی خۆیان دەدەن، ھەر لە سەنتەر دەتوانین کارەبای ئەو شوێنانە ببڕین کە زێدەڕۆی دەکەنە سەر کارەبا، یان پارەی خۆیان نادەن، دوای بڕینی کارەبا ھاووڵاتییەکە خۆی سەردانی ئێمە دەکات و پارەی خۆی دەدات، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێوەری زیرەک کارئاسانییەکی زۆری بۆ ئێمە و ھاووڵاتییان کردووە، لە ھەمان کاتدا پێوەری زیرەک کۆنتڕۆڵی بە فیڕۆدانی کارەبای کردووە.
ھاوبەشانی کارەبا ٧٨ ملیار دینار قەرزدارن
بەرێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، گوتیشی: ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ٨٦ ھەزار و ٢٣٩ ھاوبەش دەبن، ئەمەش بەسەر پێنج پۆل دابەش دەبن، لەوانە ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، میری و کشتوکاڵی، لە ساڵی ڕابردوو ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار لەو ھاوبەشانە وەرگیراوە، شێوازی وەرگرتنی پارەی کارەباش بەتایبەت لە پۆلی بازرگانی، بە قیستە و بە چوار قیست لێیان وەردەگیرێت، ھاوکات پۆلی ماڵانیش پارەی مانگانە دەدەن و بەشێکیش لەو قەرزەی لەسەریان کەڵەکە بووە، ئەویش دەدەن، ھەوڵەکانی ئێمە بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو قەرزەش نەھێڵین کە ئێستا ھەموو ھاوبەشانی کارەبا لە ئیدارەی سۆران ٧٨ ملیار دینار قەزردارن، بەڵام وەکو گوتم مانگانە ئەو قەرزە کەم دەبێتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی، پێویستە ھاووڵاتییان قەرزەکانیان بدەنەوە تەنانەت ئەگەر بە قیستیش بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی پڕۆژەی ڕووناکی پاڵەپەستۆیان بۆ دروست نەبێت.
چەند پڕۆژەیەکی کارەبا جێبەجێ دەکرێن
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەرێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، لە کۆتاییدا ڕاگەیاند، لە ئیدارەی سۆران شوێن نەماوە کە بە کارەبای نیشتمانی ڕووناک نەکرابێتەوە، پڕۆژەیەکی ١٠٠ مێگاواتی وەبەرھێنان بۆ ئیدارەی سۆران دەرچووە، لە بەرنامەدایە کە لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت، پڕۆژەی گەیاندنی کارەبای بەرەدوام بۆ پڕۆژەی ئاوی مێرگەسۆر، ھەروەھا گەیاندنی کارەبا بۆ ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان، ئێستا کاری تێدا دەکرێت و ئەو پڕۆژانە بە کارەبای نیشتمانی دەبەسترێنەوە.