بەكر كەریم حەسەن
(ئەسكەندەری مەقدۆنی) گەورە پادشای مەقدۆنی كە بە ئەسكەندەری گەورە ناسراوە دەڵێ “قەرزاری دایك و باوكمم كە ژیانیان بۆ دەستەبەر كردم، بەڵام قەرزاری مامۆستاكەمم كە ژیانێكی نوێی بۆ دەستەبەر كردم”.
مامۆستایەتی و پیشەی مامۆستا هەر تەنها ناوەستێتە سەر فێركردنی قوتابی، بەڵكو مامۆستایەتی پیشەیەكە زۆرترین و فراوانترین مانای هەیە و هەر بە نەمری دەمێنێتەوە و لەیاد ناكرێت تا مێژووی مرۆڤایەتی بمێنێت. هەر یەكێك لە ئێمە هەموو ئەوانەی فێرە خوێندن و نووسین بووین و یانیش قۆناغەكانی خوێندنمان بڕیوە دەیان مامۆستا و بگرە زیاترمان ناسیوە و هەریەك لەو مامۆستا بەڕێزانە كە لە ژیانی فێركردن لە قوتابخانە ناسیومانن كۆمەڵێ شتی باش و بە سوودیان فێركردین، چەندەها گۆشە نیگا و سەرنجی جۆراوجۆریان لە ئەنجامی ئەزموونیان بە ئێمە بەخشی و هەر تەنها زانیاری و زانستی بابەتەكانیان فێر نەكردووین، بەڵكو فێریان كردووین چۆن ڕاستی لە چەوتی جیا بكەینەوە و باش لە خراپە فێریان كردووین چۆن ڕێگای راست و دروست هەڵبژێرین، چونكە بە ڕاستی مامۆستا سەركردەیە بۆ ناساندنی ژیان و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی گەورە و قورس. مامۆستا خاوەن چاكەی هەرە گەورەیە لەسەر قوتابیەكان و لەسەر كۆمەڵگا بە گشتی. هەموومان قەرزاری مامۆستاكانی خۆمانین، هەر مامۆستایەك بەشێكە لە ژیانی قوتابیەكان بۆیە پیشەی مامۆستایەتی پیشەیەكی پیرۆزە و لە هەموو پیشەكانی تر بەنرخترە، چونكە سەرجەم پیشەكانی تر لە نێو دەستی مامۆستا دروست دەبن و مامۆستا كۆمەڵگە بنیات دەنێت.
دەگێڕنەوە (مامۆستایەك یەكێك لە قوتابیەكانی بانگ دەكات بۆ ژوورەكەی خۆی پێ دەڵێت تۆ تەنیا قوتابی پۆڵیت كە دەرنەچوویت لە تاقیكردنەوەكان تەنها (9) نمرەت هێناوە قوتابیەكەش بە خەجاڵەتێكەوە بە مامۆستاكەی گوت “مامۆستا دەكرێت یەك نمرەم پێ بدەیت؟ مامۆستاكەش بە شێوەیەكی دایكانە گوتی ببورە كوڕم ناكرێت نمرەت پێ بدەم بە ئەندازەی ئەوەی لە كاغەزەكە نووسیوتە نمرەم پێ داویت، بەڵام نیگەران مەبە لەبەر ئەوەی نمرەی كەمت هێناوە من سەركۆنەت ناكەم، بەڵام پێویستە لە تاقیكردنەوەی داهاتوو هەوڵی زیاتر بدەیت و نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت، قوتابیەكەش گوتی ئاخر دایكم لێم تووڕە دەبێت. مامۆستاكە کە ئارەزووی دایكان و باوكانی درك دەكرد كە دەیانەوێت منداڵەكانیان نمرەیەكی باشتر بەدەست بهێنن و سەركەوتوو بن، بەڵام دەشیزانی لێدان و تووڕەیی لە منداڵەكان هیچ هاوكارییەكی منداڵەكانیان ناكەن، ڕەنگە كاریگەری خراپ و نەرێنیشی هەبێت لە سەریان، مامۆستاكە بە قوتابیەكەی گوت من تەنها دەتوانم لەم كاغەزەی تاقیكردنەوەكەت یەك نمرە زیاد بكەم، بەڵام لە تاقیكردنەوەی داهاتوو تۆ دەبێت دوو نمرە بەمن بدەیتەوە ڕازیت؟
قوتابیەكە بە دڵخۆشیەوە سوپاسی مامۆستاكەی كرد و بە پێشنیارەكەی ڕازی بوو قوتابیەكە بۆ ئەوەی لە تاقیكردنەوەكەدا نمرەیەكی باش بەدەست بهێنێت هەوڵێكی زۆری دا بەڵێ لە تاقیكردنەوەكەدا نمرەی زۆر باشی بەدەست هێنا لەلایەن قوتابخانەكەیەوە خەڵاتی پێ بەخشرا ئەو هەمیشە ئەم چیرۆكە بۆ دۆست و هاوڵەكانی دەگێڕێتەوە ئەو نمرەی مامۆستاكەی بە قەرز پێی دا چارەنووسی ژیانی گۆڕی، ئەو قوتابیە منداڵە ئێستا یەكێكە لە (20) بیست دەوڵەمەندەكەی جیهان؛ (لی كاشی نگ) سەرۆكی گەورەترین كۆمپانیای خستنەڕووی بەرهەمی تەندروستی و جوانكارییە.
ئامانج لەم چیرۆكە. مامۆستای بەڕێز شێواز و هەڵسوكەوتی تۆ كاریگەری لە سەر قوتابی بەجێ دەهێلێت ئەگەر وەكو مامۆستاكەی لی كاشی نگ ڕەفتار بكەن كاریگەری ئیجابیتان دەبێت لە سەر داهاتووی قوتابیەكان وە بە پێچەوانەشەوە. دایكان و باوكانی بەڕێز لێدان لە منداڵ لە سەر دەرنەچوون هیچ سوودێكی پێ ناگەیەنێ جگە لە تێكدانی دەروونی ئەو منداڵە. قوتابیانی بەڕێز! هیچ كات نائومێد مەبن، دەكرێت داهاتووی ئەم كۆمەڵگایە لەسەر دەستی ئێوە بنیات بنرێتەوە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە