نێچيرڤان بارزانى وشاندێكى ئه‌مه‌ريكا دووپات لە چاره‌کردنی کێشه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌پێی ده‌ستوور دەکەنەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک، دووپات لە چارەکردنی کێشه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌پێی ده‌ستوور و یاسا و ڕێککه‌وتنه‌کان دەکەنەوە.

چوارشه‌ممه‌ 15ـی کانوونی دووەمی 2025،  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ ڤيكتۆريا تايلۆر، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سياسيى عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌يان تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى گۆڕانكارييه‌كانى سووريا، نێچیرڤان بارزانی و ڤيكتۆريا تايلۆر بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌پێی ده‌ستوور و یاسا و ڕێککه‌وتنه‌کان، هه‌روەها جه‌ختیان لە پێویستیی پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ و تێوه‌نه‌گلانى عێراق له‌ ئاڵۆزى و پشێوييه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کرده‌وه‌.