ئەگەرچی بە بیانووی جیاوازجیاواز، هەرێمی کوردستان و بە تایبەت شاری هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا ببوونە ئامانجی گرووپی میلیشیایی و هێرشی ترسنۆکانەی دەکرایە سەر لە ڕێگای دڕۆن و موشەکی بالیستی، بەڵام ئەوانە هەرگیز ئامانجی ناحەزانیان بەدی نەهێنا و ئارامی هەولێری پایتەختیان تێک نەدا، بەڵام لە شەوی ١٣ی مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٤ هەولێر شاهێدی ڕووداوێکی ناخهەژێن بوو دوای ئەوەی لە هێرشێکی مووشەکیدا ماڵی پێشڕەو دزەیی بازرگان کرایە ئامانج و لەو هێرشەدا خۆی و ژینای کچی کە تەمنی بچوکتر بوو لە ساڵێک شەهید بوون و تێکڕای خێزانەکەی بریندار بوون.
لە دوای هێرشەکە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیارێتی بەئەستۆ گرت و پاساوەکەشی ئەوە بوو ئەو شوێنەی هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ستراتیجی ئیسرائیل بووە، بەڵام پاساوەکەی سوپای پاسداران ئەوەندە دوور بوو لە ڕاستیەوە نەیتوانی لە نێوخۆی وڵاتەکەشی ڕای گشتی ڕازی بکات و هەر زوو سەرجەم پڕوپاگەندەکان پوچەڵ بوونەوە و ڕاستییەکە دەرکەوت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە لینژەیەکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی شوێنی بۆردومانەکەی کرد کە ماڵی بازرگان پێشڕەو دزەیی بوو دوای لێکۆڵینەوەی لیژنەکە دەرکەوت ماڵەکە تەنیا شوێنی نیشتەجێ بوونی خێزانی بووە و عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند؛ ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە”. ڕاشیگەیاند، “ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. ئەگەر بەڕاست بنکەیەکی سیخوڕی هەر وڵاتێک لەنێو هەرێمی کوردستان هەبووبێت؛ ئێران دەیتوانی لە رێگەی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە گفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەربکات، نەک هێرشی مووشکەی بکاتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیل”.
هاوکات، رێبەر ئەحمەد جەختیکردەوە، ئەو شوێنەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج “شوێنێکی سڤیلە و خانووی سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو و بەڕێزی شاری هەولێرە. ماوەی چەندین ساڵ بوو خێزانەکەی تێیدا دەژیان و، هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەبووە. هەموو ئەو بیانوویانەی باسدەکرێن، بێ بنەمان”.
دوای ڕووداوە ناخ هەژێنەکە ژینای تەمەن یەک ساڵ بووە ڕەمزێکی دیکەی لەبیر نەکراوی قوربانیدانی گەلی کورد و لە میدیا جیهانییەکانیش هەواڵی شەهیدبوونی بووە جێی نیگەرانی و لە هەولێری پایتەختیش چەندین ڕێوڕەسم بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانیانی هێرشەکە بەڕێوەچوو.
دوای هێرشەکەش لە سەلاحەدیین مەسعود بارزانی پێشوازی لە خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی کرد.
لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە خانەوادەی شەهید پێشڕەو ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو تاوانە زوڵمێکی گەورە بوو بەرانبەر خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی و خەڵکی کوردستان کرا.
هەر لەو دیدارەدا کەسایەتی و پێشمەرگەی دێرینی کوردستان موحسین دزەیی سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەو کارەساتەی بە خەمی خۆی زانیوە و هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی مەسعود بارزانی لە مەڕاسیمی بە خاکسپاردنی شەهیدانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە کرد. هەر لەو دیدارەدا عەبدوڵلا مەجید دزەیی بەناوی خۆی و خانەوادە و هەر سێ برای شەهید پێشڕەو پێزانینی بۆ هاوسۆزیی مەسعود بارزانی نیشان دا و بەڵێنی ئەوەشی دا کە هەموویان لەسەر ڕێچکەی شەهید پێشڕەو دزەیی بۆ ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبن.
ساڵێک بەسەر ئەو هێرشەدا تێپەڕیووە و هەرێمی کوردستان لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا پەیامی ئاشتی ئاراستەی ئێران و وڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد و هەرگیز ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان دەست لە سیاسەتی ئاشتیانەی خۆی هەڵگرێت و سوورتر و ڕشتانەتر کاری بۆ ئەوە کرد کێشە و لێکتێنەگەیشتنەکان بە گفتوگۆ و سەردانی دیبلۆماسی چارە بکات.
گەلی کوردستان، بە درێژایی قۆناخەکانی خەباتی ڕووبەڕووی چەوسانەوە بووەتەوە و دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستانیش ناحەزانی دەستیان هەڵنەگرتووە لە دژایەتیکردن و پەلاماردانی، لە ماوەیەکی کەمدا هەرێمی کوردستان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە تایبەتی شاری هەولێر، کە ئیستا وەک ناوەندێکی جیهانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕۆڵی هەیە و بە بڕوای چاودێرانی سیاسیش، هەر کاتێک هەرێمی کوردستان بووبێتە چەقی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و رۆڵی هەولێر لە سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی زیاتر بەرجەستە بووبێت، ئەوا زیاتر بووەتە ئامانجی هێرشەکان. بەشێک لەو هێرشانە کەس خۆی لێ نەکردووەتە خاوەن و بەشێکی تر لە لایەن گرووپە میلیشیا بەکرێگیراوەکان ئەنجام دراون، بەشێکی تریش کە دەرفەتی خۆدزینەوە نەبووە بە پاساوی ساختە و بێ بنەما بەرپرسیارێتی بە ئەستۆ گیراوە.
جگە لە پەلاماردانە ئیقلیمییەکان، گەلی کورد لە عێراق، هێشتا کێشەی شوناس و نەتەوە و مافە دەستورییەکانی هەیە و حکوومەتی فیدراڵی لە ئاست ئەو زوڵم و کارەساتانەی لە ڕابردوودا بەسەر گەلی کورددا هاتووە بێ ئاگایە و خۆی نەبان دەکات و لە ئیستاشدا هەوڵەکانی بەو ئاراستەیە مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکات و بە ڕەوای نابینێت گەلی کورد لە ئارامی و ئاوەدانیدا بژین و بە بیانووی جۆراوجۆر شایستە داراییەکانی بڕیوە و چاویشی لەوەیە دەست بەسەر خێر و بێری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشدا بگرێت.
سەرباری هێرشی هاوشێوەی هێرشەکەی سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، لە رابرووشدا سەرهەڵدانی داعش و هێرشە تیرۆریستییەکان، سزای دارایی هەرێم، داخرانی دەروازە نێودەوڵەتییەکان، بەسترانی ئاسمانی هەولێر، پرسی کەرکووک و داگیرکرانی ناوچە کوردستانییەکان وەک کۆمەڵێک پیلان لە لایەن نەیاران لە دژی هەرێمی کوردستان تاقی کراوەتەوە، بەڵام هەولێر هاوشێوەی قەڵاکەی هەر لەسەر پێی خۆی وەستاوە لە گەشە و پێشکەوتن بەردەوام بووە و هەر ئەمەش وایکردووە چاوی نەیاران بەو گەشەیە هەڵنەیەت و هەوڵی لەباربردنی ئەزموونەکە و تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان بدرێت کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید بەدی هاتووە و هێرش و پەلاماردان و هەڵویستی نەیارانە هیچ کاتێک کاری تێ ناکات.