كارزان گلی – ههولێر
پرسی چارەسەریی كورد لە توركیا، جاری دووەمییەتی بهێنرێتە بەرباس، جاری یەكەم لە ٢٠١٣ بوو، ئەوكاتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكوەزیرانی توركیا بوو، جاری دووەمیش لە ٢٠٢٤ بوو، كە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە و هاوپەیمانیی ئاكەپە، داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بهێنرێتە پەرلەمانی توركیا و وتارێك پێشكەش بكات، بەو مەرجەی داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، تاوەكوو ئێستا بەگەرمی نەهاتوونەتە پێش بۆ ئەو پرسە و هەر بە قسە پشتگیرییان كردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە گەرمترین پرس لە توركیا، هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری كوردە و زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت.
جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، تاوەكوو ئێستا هیچ بەرنامەیەكی ستیراتیژیی بۆ چارەسەری پرسی كورد پێ نەبووە، تەنیا بە قسە و لەكاتی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردندا بۆ راكێشانی دەنگی كورد، باسیان لە مافی كورد كردووە، ئەمەش كاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر دۆزی كورد لە توركیا، چونكە پرسێكی گەورەی لەو شێوەیە، بەبێ ئۆپۆزسیۆن ناچێتە پێشەوە.
ئۆجەلان، كاتێك لەگەڵ شاندی دەم پارتی گفتوگۆی كرد و پەیامێكی بڵاو كردەوە، داوای كرد كە ئۆپۆزسیۆنیش بهێنرێتە ناو ئەو پرسەوە، هەروەها شاندی دەم پارتی كە سەردانی ئیمیڕالیان كردبوو، چوونە لای پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و پەیامی ئەردۆغانیان لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد پێڕاگەیاندن، بەڵام سارد و سڕی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی ئەو پرسە، پێمان دەڵێت، نایانەوێت لەسەر دەستی باخچەلی و ئەردۆغان و دەم پارتی، چارەسەریی پرسی كورد بگاتە ئەنجام.
لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣، كاتێك دەم پارتی كوێرانە پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆنی توركیا كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد، كلیچدارئۆغڵو، بەهیچ شێوەیەك باسی لەوە نەكرد، ئەگەر ببێتە سەركۆماری توركیا چۆن پرسی كورد چارەسەر دەكات، تەنیا دەیگوت، چارەسەریی پرسی كورد، دەبەنە پەرلەمان و لەوێ بڕیاری لەبارەوە دەدەین.
شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیان وابوو، چونكە كلیچدارئۆغڵو، نیازی نییە هەنگاو بۆ چارەسەری پرسی كورد بهاوێت، بۆیە بەرنامەی و ستراتیژییەتی نەبوو، تەنیا بەقسە باسی دەكرد، هەربۆیە كورد لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سزایدا و ئەردۆغان هەڵبژاردنی بردەوە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی ئێستای جەهەپە، خۆی لە كورد نزیك كردوەتەوە، هەروەها لە وتارەكانیدا بەئاشكرا دەڵێت، پێویستە كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت و دانیان پێدا بنرێت، بەڵام كاتێك پرسی چارەسەری كورد هاتووەتەوە بەرباس، ئەو ساردە بەرامبەری و تەنانەت هیچ ئامادەییەكی دەرنەبڕیوە كە پشتگیری لە هەنگاوی تازەی ئیمیڕالی و حكوومەت بكات بۆ بێدەنگكردنی چەكەكان و هەروەها چارەسەركردنی پرسی كورد.
وەكوو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن، ئۆزگوور ئۆزەل، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی كوردەكان مسۆگەر بكات، بۆیە نایەوێت لە پرسی چارەسەریدا باخچەلی و ئەردۆغان سەركەوتوو بن تێیدا، تا پێی بكرێت ئەو پرسە كە لە رێگەی ئەو دوو سەركردەیەوە دەستیپێكردووە، ئەو تێكی بدات، تا بە كوردەكان بڵێت، چارەسەریی پرسی كورد لای جەهەپەیە و ئەوەتا بۆ دووەم جارە ئاكەپە هەڵتاندەخەڵەتێنێت.
باخچەلی، هەستی بەوە كردووە كە ئەگەر ئەمجارەیان پرسی چارەسەریی كورد ئەنجامی نەبێت، بەسوودی جەهەپەیە و ئیدی جەهەپە لە كورد نزیك دەبێتەوە و رەنگە سەركەوتووش بن لەوەی، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی كورد مسۆگەر بكەن، ئەو دەنگەی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ بردنەوەی هەر بەربژێرێكی سەرۆكایەتی.
پارتی ئاییندە، كە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكایەتی دەكات، هەروەها پارتی دەوا كە عەلی باباجان سەرۆكایەتی دەكات، پشتگیری خۆیان بۆ پرسی چارەسەری دەربڕیوە، بەڵام قورسایی ئەوان لەناو پەرلەمانی توركیا كەمە و خاوەنی ١٠ كورسین، بۆیە پشتگیری جەهەپە، دەبێتە هێزێكی گەورە بۆ چارەسەریی پرسی كورد، ئەگەر جەهەپە پشتگیری نەكات، ئەستەمە ئەنجامی هەبێت، بۆیە دەم پارتی، بە گرنگییەوە دەڕوانێتە جەهەپە و دەیەوێت پێیان بڵێت، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، ئەوە دەم پارتی بوو وای كرد، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، بۆیە كاتیەتی لەم پرسەدا، جەهەپە وەڵامی چاكەی كورد بداتەوە.