محمد لادێ – ههولێر
ساڵانە چەندین پێشبڕکێی جیاواز لە بواری تەکنەلۆجیادا لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت، یەکێک لەوانەش پێشبڕکێی کۆمپانیایی هەواوی چینییە بە ناوی هەواوی ICT.
کۆمپانیای هەواوی کە بە گەورەترین کۆمپانیای چینی دادەنرێت بۆ دروستکردنی ئامێرەکانی پەیوەندی و ئامێرە کارەباییەکان و بەرهەمەکانی لە ١٧٠ وڵاتی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، ساڵانە پێشبڕکێیەک بە ناوی پێشبڕکێی هەواوی ICT ساز دەکات کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ لە سەرانسەری جیهاندا بەشداری تێدا دەکەن.
ئەمساڵیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان چوار قوتابی و لەسەر ئاستی عێراقیش نۆ قوتابی بەشدارییان لەو پێشبڕکێیەدا کردووە.
بۆ بەشداریکردن لەو پێشبڕکێیە لە تەواوی عێراقدا ١٠٠ زانکۆ خۆیان تۆمار کردووە کە هەریەکەیان کۆمەڵە قوتابییەکیان هەبووە بەڵام دوای تاقیکردنەوەکان، لەکۆی ئەو ١٠٠ زانکۆیە تەنیا ٩ خوێندکار توانیویانە بگەنە ئاستی بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەکە و لەو نۆ خوێنکارەش لەسەر ئاستی عێراق تەنیا چوار خۆێندکار گەیشتونەتە ئاستی کۆتایی کە هەرچوارەکەیان کوردن.
ئەو چوار قوتابیە کوردەی بەشدارییان لەو پێشبڕکێەکەدا کردووە، خوێندکاری بەشی تەکنۆلۆژیای زانیارین لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی؛ محەمەد عەبدوڵا، ئەرین ئومێد، عەبدوڵا تەها و ڕەوەز مەنسور، توانیویانە پلەی یەکەم لە لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنن، هاوکات ئەم خوێندکارانە توانیویانە لە پێشبڕکێکەدا ئاستێکی باش لەنێو چەندین زانکۆی نێودەوڵەتی کە لە تەواوی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو بەدەست بهێنن، بەم بۆنەیەشەوە کۆمپانیای هەواوی ئەم گەنجە کوردانەی بە ڕەسمی بانگهێشتی وڵاتی سعوودیە کردووە و لە ئیڤێنتێکی تایبەتدا خەڵاتیان پێ دەبەخشێت.
هاوکات مامۆستا ئومێد حەسەن، سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ئاماژەی بەوە کرد کە خەونی ئەو خوێندکارانە دوای ئەو سەرکەوتنە، گەیشتنیانە بە کێبڕکێیەکی جیهانی کە بڕیارە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لە وڵاتی چین بەڕێوە بچێت، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ نیشاندانی توانا و بەهرەی گەنجانی کورد لەسەر ئاستی جیهان.
مامۆستا ئومێد باسی لەوەش کرد کە ئەمە دووەم جارە زانکۆکەیان لەو پێشبڕکێیە بەشداری دەکات، ساڵی پاریش بەهەمان شێوە زانکۆکەیان بەشداری لە پێشبڕکێکەدا کردووە و تاکە زانکۆ بوون لەسەر ئاستی عێراق کە توانیویانە بگەنە قۆناغی کۆتایی پێشبڕکێکە و دوو خوێندکاریان توانیویانە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەستبهێنن و ئێستاکە لە کۆمپانیای هەواوی دامەزراون.
ئامانجی کۆمپانیایی هەواویش لە ڕێکخستنی ئەم جۆرە پێشبڕکێیانە ئەوەیە کە کەسە توانا و لێهاتووەکان لە سەرتاسەری جیهان دەستنیشان بکەن و، لای خۆیان دایانبمەزرێننەوە و سودیان لێ وەربگرن.