بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ئێستادا لە چوارچێوەی بەدووسایدکردنی سەرجەم رێگا سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان، سێ پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردندان.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ئێستادا سێ پڕۆژەی گرنگی رێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردندان، کە ئەوانیش پڕۆژەی رێگای باعەدرێ بۆ ئیتیتێ و پڕۆژەی بەردەڕەش بۆ کەڵەک و پڕۆژەی ھەولێر بۆ کۆیە، کە ئەو سێ رێگایە دەکرێنە دووساید و سێ پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین لە ھەرێمی کوردستان و کارکردن تێیاندا بەردەوامە و بەشێکن لە تۆڕی شادەماری رێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان، کە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ھاتوچۆ و گواستنەوەی کاڵا بەکار دەھێندرێن و ھەم بەشەکانی ھەرێمی کوردستانیش پێکەوە دەبەستنەوە و ھەمیش ھەرێمی کوردستان بە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەبەستنەوە.
عەبدوڵڵا گوتیشی، ئەوەی دەکرێت ھەنگاونانە بۆ ئەوەی سەرجەم رێگا سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنە دووساید، چونکە لە پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە ھەموو رێگا سەرەکییەکان، کە بە شادەماری رێگاوبان ناسراون، بکرێنە دووساید، ئەمەش ھەمووی بەیەکەوە زەحمەتە، بۆیە بە قۆناغ دەستمان بەو کارە کردووە، چونکە بودجەیەکی زەبەلاحی پێویستە و ئێستا بەو شێوەیە دەستی پێکردووە و ئەو سێ پڕۆژەیەش لە چوارچێوەی پلانەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەو سێ پڕۆژەیە بە تایبەتمەندییەکی بەرز دروست دەکرێن و سێ لێن ھاتن و سێ لێن رۆیشتنیان ھەیە و کۆمەڵێک بەرزەپردیشیان لێ دروست دەکرێن بەبێی تایبەتمەندیی بەرزی ئەندازیاری، کە بودجەی ھەر سێ پڕۆژەکەش نزیکەی ٨٠٠ ملیار دینارە