دادگای تاوانەکان سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی باجدا سەپاند

سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی باجدا سەپاند.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە “بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی باج، سزای 10 ساڵی بەسەرا سەپێندرا.” ئاماژەی بەوەش دا “سزادراوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆمەتبارانی دیکە، چەکێکیان لە بەرژەوەندیی یەکێک لە کۆمپانیاکان نووسیوە و بەهۆیەوە دەستیان بەسەر ئەو بڕە پارەی باجدا گرتووە کە لە بانکی ڕافیدەین دانراون.”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەو بڕیارە، بەپێی بڕگەکانی ماددەی 316/بەشی یەکەمی یاسای سزادانی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو و ماددەکانی 47 و 48 و 49ـی بەڵگەی بەشداریی لە گەندەڵی، دراوە.”