کورد شانسی بەهێزبوونی زۆرە

سەرۆ قادر*
بەشی دووەم
حکوومەتی عێڕاق لەژێر گوشاری توندی ئەمریکا و ئیسڕائیل دایە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی ئابووری و ئەمنی و میلیشیایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ببڕێ هەروەها حەشدی شەعبی، کە کۆپیی سوپای پاسدرانی ئێرانە، هەڵبوەشێندرێ و چەکیان لێ داماڵدرێ. ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە لایەن ئەمریکاوە داوا کراون و لە لیستی تیڕۆر و ڕەشدان. حکوومەتی عێراق لەوە بێ تواناترە بتوانێ بەرامبەر بەو فشارەی ئەمریکا بوەستێت و ئەو هەڕەشانەی، کە ئیسرائیل لێی دەکا هەڕەشەی زۆر جدین، چونکە ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە کاتێک کە هەڕەشە لە وڵاتێک دەکات بەو تەکنۆلۆژیا کاریگەر و نوێی لە ڕووی سەربازییەوە لە دەستیدا هەیە، وەک دەوڵەتێکی بچووک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام شەڕەکەی وەک شەڕی دەوڵەتێکی گەورەی بەتوانایە، کە دەستی بە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگات و لە لوبنان و فەڵەستین و سوریا نیشانی داوە هەر کاتێک بکەوێتە جەنگ توانای لە پەلوپۆخستنی حکوومەتی ناحەزی خۆی هەیە، وەک خۆیان دەڵێن دەیڕوخێنن. هەروەها ئەو گورزانەی ئەم دواییە لە ئێرانی داوە بەشێکی زۆر لە تواناییە سوپاییەکانی لە سیستەمی چەکی پاراستنی ئاسمانییەوە بگرە تاوەکوو دەگاتە ڕۆکێتەکانیان و بەشێکی زۆر لە بنکەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان لە کار کەوتووە بۆیە ئێران ئێستا تواناییەکی زۆری لەبەردەستدا نییە کە بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بێ. هەروەها ئەو هەڕەشە و ناکۆکییانەی لەگەڵ تورکیا دەریبڕیوە نیشانی دەدات زۆر زەحمەتە بتوانێ کاریگەری لە مەیدانی عەمەلیدا هەبێ و دژی ئەم دوو تەرەفەی سەرەوە بکەوێتە کار.
ئەم دواییە ئێران باسی شەڕی چاڵدیران و شەڕی مەزهەبی نێوان سەفەوی و عوسمانی دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش ئازەربایجانییەکانی لای خۆی تاوداوە لە مینبەرەکانی مزگەوت و دەزگەکانی ڕاگەیاندندا هەڕەشە لە کۆماری ئازەربایجان و تورکیا بکەن. وێناچێ توانایی ئێران هێندە بێ، کە ئەگەر تورکیا و کۆماری ئازەربەیجان بیانەوێ کێشەی بۆ دروستبکەن بتوانێت زۆر بەرامبەریان بوەستێت. لە لایەکی دیکەوە هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان(پ. ک .ک) لە سنوورەکانی ئێران و ئەو پەیوەندییە قووڵەی هەیانە، لەوانەیە تاکە چەکێک بێ کە ئێران بیەوێ بەکاریبێنێ بۆ گوشارهێنان بۆ سەر تورکیا. بەڵام پەکەکە خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر گوشار دایە کەوا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پەیەدە بپچڕێنێ و دەستکاری سیاسەتی خۆی بکات بۆ ئەوەی لە حیزبێکی چەکدارییەوە (کە لە لیستی تیرۆر دایە) بگوازێتەوە بۆ حیزبێکی سیاسی و بکەوێتە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە سەرەکییەکە. بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان پەیەدە کە لقی پەکەکە بوو ئێستا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندوە و هێما و دروشم و وێنەکانی پەکەکەی لە ناو کوردستانی ڕۆژئاڤا کۆتایی پێ هێناوە و خۆیان وەک حیزبێکی سەربەخۆ دەنوێنن. هەرچەند لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ئەوان هەر لەسەر ڕێبازی پەکەکە دەڕۆن، چونکە زۆر زەحمەتە حزبێکی ئایدیۆلۆژیی وا بە ئاسانی چاکسازییەکانی ناوخۆی بە کۆتایی بگەیەنێ. بەڵام ئەوەی کەوا دڵنیاییە ئیدی ناتوانن لەو ڕەوتە نوێیە پاشگەز ببنەوە، کە ئێستا ملیان لێ ناوە. بیری چاکسازی زۆر پێویستە و لە بەرژەوەندیی کورد دایە هەروەها لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەورووپاشدایە بۆ کاریگەرییان لەناو سووریا. هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هاوکارییە سوپایی و دارایی و سیاسییەی پێشکەشی دەکەن وای کردووە پەیەدە توانایی بەرگەگرتنی ئەو هەموو گوشارە سەربازی و تیرۆری و سیاسییەی هەبێ.
پەکەکە بۆ خۆشی وردە وردە لە چیاکانی قەندیل و خواکورک دەکەوێتە ژێر گوشاری کوردستانی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی تا گۆڕان لە خۆیدا بکات و بەرەو ئەو پێگەیە بڕوات، کە پێویستە هەیبێت. پەکەکە لەبەر پاڵەپەستۆی گوتارێکی فرە ڕەنگ دایە تا گۆڕانکاری لە خۆیدا بە جدی دەستپێبکات بۆ ئەوەی لەو کێشانە دەربازی ببێ کە لە ئەنجامی توندوتیژیی چەکداری لەگەڵ تورکیا بۆی دروست بوو، واتە دەرچوونی لە لیستی ترۆر و جێگەی ببێتەوە لە ناوەندەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی گوشار بۆ تورکیا زیاتر بێت و قۆناغێکی نوێ بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا دەستپێبکات. ئەمە ئامانجێکی دوور نییە بەڵکوو هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردوە. بەڵام ئایا تورکیا چی دەوێ لەو دروشمانەی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا هەڵیگرتووە؟ وەک دیارە لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوەوە سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی توندڕەوترین حیزبی ناسیۆنالیستی تورکی(باهچەلی) بەناوی خۆشەویستیی نێوان تورک و کورد گوفتارێکی سیاسیی تازەیان دەستپێکردووە.دروشمی بەکارهێنانی توانایی و کاریگەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چارەسەر ردنی کێشەی کوردییان بەرز کردووەتەوە وە داوای ئەوە دەکەن، کە کورد و تورک وەک برا لە ناو دەوڵەتی تورکیدا بژین بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوی کردەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسی کوردی باکور بنێن. ئەو تاکتیکە سییاسییە لە شێوازەکەی کەمال ئاتاتورک دەچیت کە لە ساڵی ١٩٢٣ بەملادا کوردی بە بالۆرەی پاراستنی میراتی عوسمانی دەلاواندەوە و بۆ جەنگی دژی فەرەنسا و بریتانیا(لە قۆناغی کۆلۆنیالی)بەکاریهێنان، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ سەرکردە و ڕێکخراوێکی کوردی قبووڵ بکات. کاتێک جەنگ لە بەرژەوەندی دامەزراندنی تورکیای نوێ کۆتایی هات، ئینجا هەر خۆی کەوتە نکۆڵی کردن لە بوونی کورد و دەستی بە ڕاگواستن و کوشتار کرد.ئەو سیاسەتە سەد ساڵ بەردەوام بوو و کوردی لە بندەستیدا هێشتەوە. بۆیە دەوڵەتی ئێستای تورکیا لە دووپاتکردنەوەی ئەو سیاسەتەدا سەرناکەوێ، چونکە کوردی ئێستا خۆی و کێشەکەی لە ئاستێکی بەرزی پێشکەوتن دایە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە حزب و سەرکردە و سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرە. خیتاب و دکتۆرینە سیاسییەکانی تورکیا نیشان دەدەن ئاگایان لەو گۆڕانکارییە هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات و کورد بێ قازانج لێی دەرناچێت. بۆیە پێشەکی کەوتوەتە ئارام کردنەوە و ختۆکەدانی سۆزی جەماوەری کوردستان لە باکوور. تا ئێستا ئەو سیاسەتە بە هیچ ئامانجێک نەگەیشتووە، بەتایبەتی کە لە ناو ڕۆژاڤای کوردستان ئەو دەوڵەتە دەستتێوەردانی سوپایی دەستپێکردوە و تاک لایەنە کە دەیەوێ ڕێگا لە بوونی کوردی ڕۆژاڤا بگرێت، کارێک کە حکوومەتی نوێی سوریا بە وشەیەکیش تا ئێستا بە زاریدا نەهاتووە. لێرەوە هەست دەکرێ تورکیاش لەژێر گوشار دایە بەڕووی دۆزی کورددا خۆی بکاتەوە و واقیعییانە بکەوێتە سەر مێزی گفتوگۆ. وێناچی بۆ تورکیا بچێتەسەر لە خەونی کوردقڕان کات بەفیڕۆ بدات. ئەم دۆخە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تورکیا و پەکەکەی پێکەوە لە گوشار ناوە تا خۆیان بکەنەوە و بگۆڕدرێن. ئەو چاوەڕوانییە زۆر لەگوینە و لەوانەیە بێتەدی. هەر گۆڕانێکی ئەرێنی لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر دۆزی کورد باسەکە دەبێتە نێودەوڵەتی و بەبێ ئەو زەمانەتە کورد ناتوانێ باوەڕ بە هیچ گفت و پلانێکی شاراوە بکات.
ئیسرائیل دوای لەناوبردنی حیزبەڵا و حەماس و ڕووخاندنی ئەسەد بەو زەبرە عەسکەریانەی وەشاندنی ئینجا بڵاوبوونەوەی لەناو خاکی سووریا بە ئەندازیەکی ئەوتۆیە قودرەتی پەلاماردان لە دەوڵەتی داهاتووی سوریا بەرامبەر بە ئیسرائیل وەر وەربگرێتەوە هەروەها بەو دروشمەی دەستیان داوەتێ ئەوەیە پێکهاتەکانی ناو سوریا یارمەتی دەدەن بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی نوێدا شوێنیان هەبێ و ئیسرائیل لەگەڵیان هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی دۆستایەتی نێوان ئیسرائیل و ئەو پێکەتانە دروست ببێ. ئەمەشیان قۆناغێکی نوێیە و جاری یەکەمە ئیسڕائیل باسی پەیوەندی دروست کردن لەگەڵ کورد و دروز و عەلەوییەکان بکات بۆ ئەوەی هەر یەک لەوانە هەرێمی خۆیان هەبێ وە ئەو هەرێمانە ستراتیژی خۆیان لەنێو دەوڵەتی داهاتووی سوریادا هەبێ وە پەیوەندییەکی بەردەوامیان لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت. بۆیە جێگر بوونی حکوومەتی ئێستای سوریا بەستراوەتەوە بە هەموو ئەو بارودۆخانەی لە ڕووی عەسکەری و سیاسییەوە ئاماژەم پێ کردن.
هەر لە ئێستاوە بینادنانەوەی لوبنان و وەبیرکردنەوە لە بنیادنانەوەی فەلەستین و یەکخستنیان دەستی پێ کردووە. هەموو دونیا عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە و کەنداو و میسر بە پشتیوانی ئەمریکا هەروەها و ئیسرائیل خەریکی ئەوەنە کە دەوڵەتی لوبنان بنیاد بنێنەوە وە دەوڵەتەکە ببێتەوە دەوڵەتی سێ پێکهاتەی ناو لوبنان و دیموکراسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ وڵاتەکە بگێڕدرێتەوە و دەرگای گەشەسەندن و ئاوەدانکردنەوە لەسەر لوبنان بکەنەوە. ئەگەر دەوڵەتی سوریا نەبێتە دەوڵەتێکی سیاسی توندڕۆ دەستدرێژی بکاتە سەر لوبنان لە تاریخی ئەو وڵاتەدا هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ئاسۆی ئەمن و ئەمانی لە پێش نەبووە. لە باشوری لوبناندا شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل هەیە بەڵام ئیسرائیل هەر وەک چۆن هاتووەتە ناو خاکی سوریا بۆ هەمان مەبەستیش چووەتە ناو خاکی لوبنان و ڕایگەیاندوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیانە نەک بۆ شەر لە دژی ئەو وڵاتانە. بۆیە ئیسرائیل هەڕەشەی بەردەوام نابێ بۆ سەر لوبنان و هەر لە ئێستاوە جموجۆڵی بزوتنەوەی سیاسیی لە لوبنان بەرەو باشکردنی بارودۆخەکە بە هاوکاری سعودیە و فەرەنسا و ئەمریکا دەستیپێکردوە. لە هەمان کاتدا باسی پلانی یەکخستنەوەی دوو کەرتی دەسەڵاتی فەلەستین و هاوکارییان دەکەن بۆ خۆبەڕێوەبردن و ئاوەدان کردنەوە. ئەوکات دوور نیە کێشەی فەلەستن دوای ئەو شکستە گەورەیە کە تووشیان بوو ناچاریان بکات واقیعبینتر ببن و کێشەکەیان بەرەو ئەو چارەسەرییە بڕوا کە ئیسرائیل و ئەوروپا و ئەمریکا پێی ڕازی دەبن.
لەم بارودۆخەدا ڕۆژئاڤای کوردستان لە شانسێکی درەخشان و زێڕیندا دەژێت، چونکە حکومەتی ئەسەد ڕوخاوە و حکومەتی نوێی ئەحمەد شەرع توانایی دەستدرێژی بۆ سەر کوردستانی سوریای نییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ڕووخانی ئەسەد شەڕی خۆی لە دژی کوردستانی سوریا دەست پێکردووە. وەک دەبیندرێ ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانییەکی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی زۆر بە ئاشکرای هەیە. ئەو پشتیوانییە بۆ زەمینەیەکی پتەو دەگەرێتەوە کە ئەم پارچەی کوردستان هەیەتی ئەویش شەری دژی تیرۆرە. چونکە هەموو مەکۆکانی تیرۆر لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا جێگەی تایبەتی خۆیان هەیە و هەڕەشەی بەردەوامن بۆ هەموو جیهان. هێزی تێکشکێنەری داعش و ترۆر لە سوریادا کوردستانی ڕۆژاڤایە.لە لایەکی دیکەوە ئەگەرحکومەتی نوێی سوریا( جەبهەی تەحریری شام) بەو ئایدۆلۆژیا دینییە توندڕەویەی کەلە ژیانی ڕۆژانەی سیاسی سەرکردەکانیان و لایەنگرەکانیان دەبینرێ وە ئەو مناقەشانەی کەوا بڵاویان کردووەتەوە لە ئەدلیبەوە بۆ دوای ئەدلیب کە باسی نیزام و قانون دەکەن هەمووی هەر لەسەر بنەمای شەریعەتە نەک لەسەر بنەمای زانستە سیاسییەکان و پێشکەوتنی فکری زانستی. ئەوە کارێکی وای کردوە کە متمانە بە حکوومەتی داهاتووی سوریا نەبێ تا ئەوکاتەی بە چاودێری نێودەوڵەتی سیستەم بە دەستورێکی پەسندکراوی میللەت دادەڕێژنەوە، بۆیە حکومەتێکی بەهێز نابێ و کورد لەوێ پشتیوانی دەکرێ وەک ناوچەیەکی بەرفراوان کە توانای تێکشکانی داعشی هەبوو، بۆ ئێستا توانایی بەرەنگاربوونەوەو بەرزەفتکردنی حکوومەتی داهاتوی سوریای دەبێ. لەو ڕوانگەیەوەیە خەریکن ڕێگە لە تورکیا دەگرن چیتر نەتوانێ لە پەلاماردانی کوردستانی سوریا بەردەوام بێت. ئێستا بە کردەوە دەوڵەتی تورکیا خراوەتە ناو گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ کورد و گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا سەبارەت بە چارەنووس و پێگەی کورد لە سوریای داهاتوودا.

*سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان