هه‌موو ڕووداوێك، په‌یوه‌سته به كات و شوێنێكی دیاریكراوی خۆیەوە. كرده‌ی ڕووداو دوای ڕوودانی ده‌بێته مێژوو، بۆیه‌شه گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ڕووداوه‌كه، واتە گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو، كه تیایدا به شێوه‌یه‌كی كرنۆلۆژییانه و به دوای یه‌كترداهاتنی زنجیره‌ی ڕووداوه‌كان پێكدێنێت.
ده‌كرێ بڵێین هه‌موو ڕووداوێك هه‌ڵگری دوو زه‌مه‌نی جیاوازه، زه‌مه‌ن و ده‌می ئێستای ڕووداوه‌كه و، زه‌مه‌نێكیش كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ڕووداوه‌كه، دوای ساڵانێكی زۆر له ڕوودانی ڕووداوه‌كه، جا هه‌ر ڕووداوێك بێت.
خاسیه‌تێکی هەرە دیاری گێڕانه‌وه‌ی ڕووداو ئه‌وه‌یه، كه بگێڕه‌وه‌ی ڕووداو، چه‌ند توانستی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ڕووداوه‌كه بگێڕێته‌وه كۆنسێكته مێژووییه‌كه و ئه‌و هه‌سته لای بۆ بگێڕه‌ڕه‌وه دروست بكات، كه ئه‌و له‌نێو جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌كه‌دا بووه، با خۆیشی لەوێ نه‌بووبێت. به‌و مانایه‌ی كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ڕووداوێكی مێژوویی، ئیدی بچینه‌وه نێو ئه‌و ساتانه و زه‌مه‌ن بوه‌ستێت، نه‌ك خودی ڕووداوه‌كه، بێته‌وه نێو زه‌مه‌نی ئێستا كه زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌یه.
ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك خوێنه‌رێك تێبینیم كردبێت، له به‌شێك له گێڕانه‌وه ئه‌ده‌بی و بایۆگرافییه‌كان، ئه‌و دوو زه‌مه‌نه له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه هه‌ستی پێ ناكرێت و له یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه. به‌و مانایه‌ی كه ڕووداوێك ده‌گێڕنه‌وه كه له ڕابردوو ڕووی داوه، ئیدی له بری ئه‌وه‌ی بۆ زه‌مه‌نی ڕوودانی ڕووداوه‌كه بگه‌ڕێنه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ڕووداوه‌كه دێنه نێو زه‌مه‌نی ئێستا. بۆیه‌شه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی زه‌قه‌وه، كه خۆشیان هه‌ستی پێ ناكه‌ن.
جارێكییان كتێبێكم دەربارهی كۆچڕه‌وه‌كه ده‌خوێنده‌وه، نووسه‌ره‌كه‌ی نووسیبووی (باران له پێنج ملیۆن مرۆڤی ده‌دا) ئه‌مه له كاتێكدا ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و كات، ڕه‌نگه كه‌متر له دوو ملیۆنیش بووبێت. ئه‌م د‌رك پێنهكردنهی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه و زه‌مه‌نی ڕوودان، دواجار ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. بۆیه كرده‌ی گێڕانه‌وه، هه‌ر ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك نییه، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زه‌مه‌ن، شوێن، هه‌موو ئه‌و پێكهاته سروشتی و مرۆیی و جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌ییانه‌ی ژیانی ئه‌وكات. به‌و مانایه‌ی بۆگێڕه‌ڕه‌وه، له په‌راوێزی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه، زه‌مه‌نی ئێستا جێ دیڵێت و ده‌چێته‌وه نێو ڕابردوو، له‌گه‌ڵ فه‌زای ڕووداوه‌كه ده‌ژیێت.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، كتێبی (كوێت) یه‌كێكه له‌و كتێبانه‌ی، كه خوێنه‌ر له میانه‌ی خوێنه‌وه‌یدا، زه‌مه‌نی ئێستا كه ساتی خوێنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌یه، له بیر ده‌كات و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات، ده‌گه‌ڕێته‌وه سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كه ڕژێمی عێراقی ئه‌وكات، كوێتی داگیر كرد. ئه‌م كتێبه، سه‌رگوزشته‌ی ژیانی سیهربازێكی سوپای عێراق، كه نووسه‌ر كتێبه‌كه خۆیه‌تی ده‌گێڕێته‌وه. تیایدا باس له‌و ساتانه ده‌كات، كه سه‌ربازبووه و له ژینگه‌ی وشك و بڕینگی بیابانی كوێت، به‌ده‌م چاره‌نووسێكی نادیاره‌وه، ، وه‌ك ملیۆنان كه‌سی دیكه‌ی به سهربازیكراو، له چاوه‌ڕوانی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی دۆڕاو بووه دوور له ویست و خواستی خۆیان و ناچار به شێوه ژیانێك كراون، كه دووره له ژیانی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت ژیانی سه‌ربازیش كه وێرای دیسپلینی سه‌ربازی، به‌ڵام ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌و ڕێسا‌و ڕاسپارده مرۆییانه بكرێت، كه له شه‌ڕو جه‌نگه‌كانیشدا، ده‌بێ په‌یڕه‌ویان لێبكرێت. بێگومان هه‌موومان ده‌زانین به درێژایی مێژووی عێراق، سوپای ئه‌و وڵاته هه‌رگیز هه‌ڵگڕی ئاراسته‌یه‌كی نیشتمانی نه‌بووه، به‌ڵكو سوپا، هێزێك بووه به ده‌ست حكومه‌ته‌وه به تایبه‌تیش له سه‌رده‌می به‌عس و سه‌دامدا، ئه‌و سوپایه كه وه‌ك سوپای هه‌ر وڵاتێكی دیكه ده‌بوو ئه‌ركی پاراستنی نیشتمان و دڵنه‌وایی تاكه‌كانی بووایه، ده‌بێته سوپای تاڵان و بڕۆ و ڕوو له هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك بكات، وێراانی ده‌كات. نووسه‌ر باس له هه‌ڵسوكه‌وتی به شێكی زۆری سه‌ربازانی سوپای به‌عس و سه‌دام ده‌كات، كه چۆن ڕۆژانه، شكۆیی كوێتییهكانییان ده‌شكاند و وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر، كه چێژ له سه‌ركوتكردن و له نێوبردنی ئه‌وانیتر وه‌ك هێزێكی فاشی ده‌بینێت.
نووسه‌ر كه خۆی سه‌ربازبووه‌و له نێو ڕێزه‌كانی ئه‌و سوپایه، له سهربازیكردنێكی زۆره‌ملێیانه‌دا بووه، باس له دیوه شاراوه و نهێنییه‌كه‌ی سوپای عێراق له كوێت و له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی دووه‌می كه‌نداو ده‌كات.
دیاره سه‌دام له‌و كاتدا، به‌رده‌وام سوپای عێراقی به به‌رگریكاری ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمانی عه‌ره‌بی ده‌ناساند و زۆرینه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانی به تایبه‌تی كه‌نداو، له‌و سوپا زه‌به‌لاحه تۆقیبوون. به‌ڵام ئه‌مه سوپایه‌ك بووه، له هزر و خه‌یاڵدانی دیكتاتۆری عێراق و هه‌رگیز هاوتای ئه‌و سوپایه نه‌بووه، كه له واقیعه‌كه‌دا هه‌بووه.
نووسه‌ر باس له دۆخی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریی ئه‌و سوپایه ده‌كات و وه‌ك ده‌روونناسێك، شێوزای سهربازیكركردن له‌و سوپایه ده‌خاته ڕوو. نووسه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و سوپایه، له ڕووی بنه‌ماكانی سوپادارییهوه له‌وپه‌ڕی بێ دیسپلینی و نه‌بوونی پێداویستی سه‌ره‌تاییانه‌ی ژیاندا بووه. سه‌دام به ملیۆنان سه‌ربازی له نێو چه‌قی بیابانێكی وشكوبرینگدا، مۆڵ داوه به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوابێت ئه‌و سوپایه تێر و پۆشته بكات.
نووسه‌ر باس له‌وه ده‌كات، كه به سێ ڕۆژ یه‌ك سه‌موون و دواتری مشته ئاردێك ده‌درایه سه‌ربازه‌كان و به‌و دۆخه‌شه‌وه، هێشتا سه‌دام شانازیی به‌و سوپایهوە ده‌كرد و وه‌ك تێكشكێنه‌ری سوپای هاوپه‌یمانانی ده‌بینی. سوپایه‌كی فشۆڵ كه‌وه‌ك لهیبۆكێك به‌ده‌ست دیكتاتۆرێكی خوێنڕێژهوە به‌كار هاتووه‌وه یاریی پێ كراوه.
نووسه‌ر له كتێبه‌كه‌یدا، هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ته مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه باس ده‌كات، كه هه‌ڵومه‌رجی سه‌ختی ژیانی سه‌ربازی و دۆخی ناهه‌مواری ده‌روونی سه‌ربازه‌كان، به ده‌م ئاییندهیكی نادیاره‌وه، مرۆڤ ناچار ده‌كه‌ن بیكات.
ئه‌م هه‌ڵومه‌رجه، ئه‌گه‌ر به‌شێكی زاده‌ی ژیانی سه‌ربازیی و كه‌سی سه‌ربازه‌كان بێت، به‌و پێیه‌ی چه‌ند نۆرمێك هه‌ن و له ژیانی سه‌ربازیی سوپای هه‌موو وڵاتانی دنیا ده‌بینرێن، ئه‌وا به‌شێكی زۆری ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه نه‌ویستراو و به سهربازیكردنهیه، كه ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق، هێناویانه‌ته ئاراوه. چونكه كێ حه‌ز ده‌كات، هه‌زاران كیلۆمه‌تر ببڕێت و بچێت خاكی وڵاتێكی دیكه داگیر بكات، ئه‌گه‌ر به ناچاری و دوور له ویست و خواستی خۆی نه‌بێت. بۆیه ئه‌م بارودۆخه‌ی نووسه‌ر له كتێبه‌كه‌ی باسی ده‌كات، ده‌ره‌نجامی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته دیكتاتۆریی و شهڕهنگێزهیه، كه سه‌دام و دار و ده‌سته‌كه‌ی هه‌یانبوو. له كاتی خوێنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌دا، وام هه‌ست كرد بوومه‌ته سه‌رباز و له ته‌ك كارێزییهوه، به‌ره‌و به‌رزایه‌كانی (متڵاع) و(حفر باتن) ده‌ڕۆم. وام ده‌بینی له بازگه‌ی (سه‌فوان) ڕاده‌گیرێم و داوای ناسنامه سه‌ربازییه‌كه‌م لێ ده‌كه‌ن. وام هه‌ست ده‌كرد، منیش سه‌ربازێكی داماوی ده‌ستی ئه‌و ڕژێمه بوویمه و له بیابانه‌كانی كوێت، به‌ده‌م خواردنی سه‌موونێكی ڕه‌قه‌وه، له ژێر چینكۆیهكی گه‌رمی مانگای ئابدا، سه‌رنج له سه‌رابه‌كانی بیابانی كوێت ده‌ده‌م، له كاتێكدا له هه‌موو ژیانم سه‌ربازیم نه‌كردووه. ئه‌مه چییه وام لێ ده‌كات؟ بێگومان چێژی گێڕانه‌وه‌یه له كتێبه‌كه‌دا.
چێژی گێڕانه‌وه له‌و كتێبه‌دا له ئاستێك دایه، كه خوێنه‌ر بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات ده‌بێته سه‌رباز. كارێزی له میانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، په‌نای وه‌به‌ر زمانێكی هونه‌ریی باڵا‌و په‌خشانی نه‌بردووه، هاوكات وه‌ك زۆرله نووسه‌ره كۆلهوارهكانی دیكه‌ش، بۆ شاردنه‌وه‌ی ناشرینییه‌كانی زمانی گێڕانه‌وه‌یان، دیكۆڕی زمانی نه‌كردووه، ته‌نێ وه‌ك سه‌ربازێك به زمانی سه‌ربازێكی داماو، ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌ك كه چێژێكی جوانی تێدایه و ژیانی ناشرینی به سهرازیكراوی مرۆڤێك، ده‌كاته دیمه‌نێكی هونه‌ریانه‌ی هێنده جوان، وه‌ك ئه‌وه‌ی فلمێكی تراژۆ كۆمیدی ببینێت. کارێری زه‌مه‌نی ئێستا ڕاده‌گرێت و زه‌مه‌نی شه‌ڕی كوێت و نه‌وه‌ده‌كان دێنێته به‌ر دیده‌مان، به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك ساتمه‌ی بردبێت و هه‌ڵه‌ی كردبێت. هیوادارم خوێنه‌ران ئه‌م كتێبه جوانه‌ی كارێزی بخوێننه‌وه.
- په‌راوێز: كتێبی كوێت، بابه‌ت بیره‌وه‌ری، نووسین: تاریق كارێزی، بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندی ئاشتی؛ ساڵی چاپ 2021