پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ. چەند وەزیرێک ڕاسپێردران بۆ ئەوەی داواکاریی و پەیامەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە حکوومەتی فیدراڵ.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لەلایەن وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان پەنجە خرایە سەر هەموو وردەکارییەکان و گرفتەکان، هەروەها سەرجەم وەزیرەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشە و گرفتەکانیان لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی فیدراڵ پێیانی نەداوە.
گوتیشی: “هاوکات باسی ئەوەش کراوە کە ئەرکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق چییە؟ چەند لە ئەرکەکانمان جێبەجێ کردووە و چەندیشیمان جێبەجێ نەکردووە.”
گوتەبێژی حکوومەت ڕاشیگەیاند “سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، داوایان لە وەزیرەکان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کرد بە یەکەوە پەنجە بخەنە سەر وردەکارییەکان، ئەگەر ڕەخنەیەک یان کەموکوڕییەک هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پرۆژە و پێشنیازیان لەم بارەوە بخەنە ڕوو.
کۆبوونەوەکە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند و بڕیاریشی تێدا درا، بۆ ئەمەش چەند وەزیرێک کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕاسپێردران لە بەغدا پەیامەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە حکوومەتی عێراق، ڕوونی بکەنەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ ئەم داواکارییانەی هەیە:
یەکەم: دەبێت زامنی مووچەی ئەم ساڵ (2025)ی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و بە هیچ شێوەیەک دوا کەوتن یان گرفت دروست نەکرێت، وەک ئەوەی لە خشتەی بودجەی دیاری کراوە بنێردرێت، جگە لەمە هیچ مشتومڕێکی دیکە لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکەین.
دووەم: لەو هەموارەی لە بودجەی گشتی دەکرێت، لەو ماددانەی پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دەبێت هەرێمی کوردستان قسەی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
گوتیشی: پێشێلکاری مافەکان زۆرن، هەر لە کەرتی تەندروستی، هاوکاری پێشمەرگە، بودجەی وەربەرهێنان. تەنانەت حکوومەتی فیدراڵ لە بانکە نێودەوڵەتییەکان قەرز دەکات، لە قەرزەکە بەشی هەرێمی کوردستان نادات، کەچی بۆ دانەوەی قەرزەکان بەشێک لە بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت بە پاساوی ئەوەی بودجەی سیادییە، هەربۆیە هیچ مافێکی دانپێدانراوی دەستووری هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، ئەوەیشی تاوەکوو ئیستا نێردراوە کەمترە لە %7، هەربۆیە دەبێت لە ساڵی 2026 بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: “لە جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکان، قسەی ئامادەبوونی کۆبوونەوەکە ئەوە بووە، ڕەنگە بڕیارێک بدرێت خزمەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەکات، کاریگەریشی هەبێت بەسەر سەقامگیریی ناوچەکە؛ چونکە تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان هەموو نەرمییەکی نواندووە تەنیا بۆ ئەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی عێراق تێک نەچێت، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکرێت، ئەوە بڕیاری کشانەوە بێت لە پرۆسەی سیاسییە عێراق یان هەر بڕیارێکی دیکە، دەمێنێتەوە بۆ بڕیاری لایەنە سیاسییەکان.”
هەروا گوتی: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم دەستپێکەی ئەمڕۆ، کار دەکەین بۆ ئەوەی لەم پرسەدا یەک دەنگ، یەکڕیز و یەکهەڵوێست بین، چونکە پرسەکە حزبی نییە و پەیوەندیی بە تەواوی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هەموو لایەک لەم بابەتەدا زیانمەند بوون، ئەوەی بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان گرنگ بووبێت بەرانبەر بە عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، بەڵام لە بەرانبەردا هیچمان لە حکوومەتی عێراقی بەدی نەکردووە.”