ڕووداوەکانی سووریا و ڕووخانی ڕژێم لەو وڵاتە ترسی لای بەرپرسانی سیاسیی عێراق دروست کردووە بەوەی ڕەنگە ڕەشەبای گۆڕانەکان عێراقیش بگرێتەوە.
لەم باریەوە هاووڵاتیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەڵێن: “هیوادەخوازین حکوومەت چاکسازیی بنەڕەتی دەست پێ بکات، چونکە زۆرینەی گەل لە سیستەمی حوکمی ئێستای عێراق ناڕازین، ئەگەر نا بە پێچەوانەوە گۆڕانەکانی سووریا دەگوازرێنەوە بۆ عێراقیش.”
پێشهاتە سیاسییەکان و گۆڕانەکانی ئەم دواییەی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، کاریگەری لەسەر سەرجەم ناوچەکە دروست کردووە، ئاڵنگاری ئەمنیی، سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشی هێناوەتە ئاراوە.
سیاسییەکانی عێراقیش لای خۆیانەوە هەست بەم ترسە دەکەن و پێشبینی ئەوە دەکەن، گۆڕانەکانی سووریا کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی عێراقیش هەبێت.
هاووڵاتییەکی عێراقی بە کوردستان24 دەڵێت: “دوای گۆڕانەکانی سووریا و ڕووخانی ڕژێم، هیوادارین حکوومەتی عێراق هۆشیارانە ڕەفتار بکات، گوێ لە قسەی شەقام و مەرجەعیەتی باڵا بگرێت. پێویستمان بە چاکسازیی بنەڕەتییە لە عێراقدا”.
هاووڵاتییەکی دیکەش گوتی: “ئەو گۆڕانەی لای دراوسێکەمان ڕووی دا، کاریگەریان لەسەر عێراقیش دەبێت و ڕوو لە عێراقیش دەکات، ئەگەر لۆژیکیانە قسە بکەین زۆرینەی خەڵک ناڕازین و ژیانیان تاڵە، ئەمەش بەهۆی بێ بەڵێنی بەرپرسان و حکوومەتەوە.”
چاودێرانیش دەڵێن: “شکستی پرۆسەی سیاسی و بێ توانایی دەسەڵاتداران بۆ چاکسازی لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لەسەرجەم بوارەکاندا، سەرباری داواکاری و ناڕەزایەتی گەل لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ دەستوەردانی دەرەکی و ڕوودانی گۆڕان لە ڕێگەی گوشاری دەرەکییەوە.”
یاسر عامل، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند “هیوادەخوازین ئەو دۆخەی سووریا بە ئەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر ئێمە هەبێت و حکوومەت چاکسازی دەست پێ بکات، نەک وڵاتانی ناوچەکە پەنا بۆ بەکارهێنانی کودەتا و توندوتیژی ببەن.”
22 ساڵە گۆڕان لە عێراق ڕووی داوە و ڕژێمی پێشوو ڕووخاوە، بەڵام هێشتا شکست و هەرەس بە زۆرینەی کەرتەکانی عێراقەوە دیارە، زۆرێک لە چاودێران لایان وایە دۆخی سیاسی وڵات، وەک لم لەبەردەم ڕەشەبای گۆڕانی ناوچەکەدایە.