سەرۆک کۆماری تورکیا دەچێتە دیاربەکر و شاندێکی دەم پارتیش سەردانی سەڵاحەددین دەمیرتاش دەکات.
ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24 لە دیاربەکر، ڕایگەیاند “ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی دیاربەکر دەکات.”
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد “ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆغان، بەشدارییە لە کۆنگرەی لقی دیاربەکری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی).”
وا بڕیارە ئەردۆغان لە کۆنگرەکەدا گوتارێک پێشکەش بکات و لە بەشێکیدا باس لە پرۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان بکات.
هاوکات، بڕیارە شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی زیندانی ئیدەرنە بکات و لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کۆ ببێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لە دیدارەکەدا، ئەنجامی سەردانەکەی ڕۆژی شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024ـی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، تاوتوێ بکرێت.
لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند “من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.”