یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ڕێگریی لە پەڕینەوەی پەنابەرانی ئەفەریقایی لە دەریای سپیی ناوەڕاست و گەیشتن بە ئەورووپا، کردەیەکی نامرۆڤانە لە بیابانی لیبیا جێبەجێ دەکات.
عەزیزو شیخو، لە ڕێکخراوی خێرخوازیی فریاگوزاریی کۆچبەرانی بیابانی، بە ڕۆژنامەی “زە گاردیان”ـی بەریتانی ڕاگەیاندووە “کۆتایی ساڵی ڕابردوو، گەورەترین کۆچی زۆرەملێی کۆچبەران بە ناو بیابانی لیبیادا، لە سەختترین و پڕ ئازارترین بارودۆخدا، بە پشتیوانیی پەنامەکیی یەکێتیی ئەورووپا، جێبەجێ کراوە.”
هەروا ڕێکخراوی نێودوەڵەتیی کۆچ، ڕایگەیاندووە “لەو ماوەیەدا 613 کەس، کە هەموویان هاووڵاتی نەیجەری بوونە، بە کاروانێکی ئۆتۆمبیل، لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا گەیشتوونەتە شاری دیرکۆ، لە بیابانی نەیجەر. ژمارەیەکی بەرچاویان کرێکار بوون، لە لایەن دەسەڵلاتدارانی لیبیاوە دەستگیر کراون و بە زۆرەملێ نیردراونەتەوە نەیجەر.”
ڕێکخراوەکە، هەروا ئاشکرای کردووە “یەکێتیی ئەورووپا بەبێ گوێدانە مافەکانی مرۆڤ، بە ڕێکاری توند و نامرۆڤانە ئەو کۆچبەرانە دەنێرێتەوە وڵاتەکانیان؛ بۆ ئەمەش لایەنی دەرکی بەکار دەهێنێت. ژمارەیەکی زۆر لەو کوچبەرانە، بە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر و بێگوێدانە هەلومەرجی تەندروستییان، بە بیاباندا لە لیبیاوە بۆ نەیجەر دەگەڕێنرێتەوە. ڕێگەی نێوان لیبیا و نەیجەر بە بیانێکی وشک و بێئاو و ترسانکدا تێپەڕ دەبێت، لە شەوانی ساردی زستاندا، کۆچبەران وەک ماسیی سەردین لە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگردا دەپەستێنرێن و تا دەگەنە جێی مەبەست، بە تەواوەتی بڕستیان لێ بڕاوە؛ لە کاتێکدا هەندێکیان لەبەر سەرمای سەختی شەوانەی بیابان، یان لە تینواندا مردوون.”
دەیڤید یامبیو، گوتەبێژی ڕێکخراوی پەنابەرانی لیبیا دەڵێت: “ئەمە سیاسەتی ئاشکرای ئەورووپایە کە بۆ پاراستنی سنوورەکانی هەموو کارێک دەکات، بەبێ ئەوەی گوێ بە ئازار و نەهامەتییەکانی ئەو کۆچبەرانە بدات. ڕێبەرانی جیهان چەپڵە بۆ ئەم هەنگاوە نامرۆڤانەی یەکێتیی ئەورووپا لێ دەدەن. ئەوان دەیانەوێ کێشەی کۆچبەران بشارنەوە ئیتر بە هەر شێوەیەک بێت، بەلایانەوە گرنگ نییە. ئەمە کارێکی چەپەڵ و مایەی شەرمەزارییە.”