ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی پرسی مووچە دەکات

کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن، لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

کاتژمێر 10ـی بەیانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی1ی2025 لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێت.

لە کۆبوونەوەکەی ئه‌مڕۆ کشانەوە لە بەغدا یەکێک دەبێت لە بژاردەکان کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی.

ڕۆژی چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و جەختی کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوەش درا، چاوەڕوانن حکوومەتی فیدراڵ تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، کە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێسته‌ لە مانگی 1ـی ساڵی2025ـداین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12ـیان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە. لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارە کردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەشی بە تەواوی و بەبێ کەموکووڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە.