لە لۆس ئەنجلس بەهەڵە نامەی چۆڵکردن بۆ 10 ملیۆن کەس نێردراوە

بەڕێوەبەری ئیدارەی فریاگوزاریی لۆس ئەنجلس، کیڤن ماکگوان ڕایگەیاند، پەیامی چۆڵکردنی شارەکە بۆ ملیۆنان دانیشتووی ناوچەکە نێردراوە، بە هەڵە بووە.

تۆڕی ‘سی بی ئێس نیوز’ لە زاری ماکگوانەوە دەڵێت،  “فەرمانی چۆڵکردن بۆ دانیشتووانی ناوچەی ‘کێنێت’ بە هەڵە بۆ نزیکەی 10 ملیۆن دانیشتووی ناوچەکە نێردراوە، هەروەها پەیامەکە بۆ هەندێک لە دانیشتووانی ناوچە دراوسێکانیشیان نێردراوە.”

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، هۆشدارییەکە تەنها بۆ دانیشتووانی شارەکانی کالاباساس و ئاگۆرا هیڵز و ناوچەی وێست هیڵز لە لۆس ئەنجلس بووە.

بەرپرسانی ناوچەکەش باسیان لەوە کردووە، دەکرێت ئەو هەڵەیە بەهۆی ئەو شوێنەشەوە بووبێت کە مۆبایلەکان لێی تۆمارکراون.

دەیان هەزار دانیشتووی شاری لۆس ئەنجلس لە کالیفۆرنیا، بەهۆی ئەو ئاگرە گەورەیەی چەند ڕۆژە بەردەوامە بە ناچاری شارەکەیان چۆڵکردووە، هەروەها بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی شارەکەش گوتی: “دانی بەوەدانا کە سەرچاوەکانی بەردەستیان تەنها بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەک یان دوو ئاگرکەوتنەوە گەورە دابین کراوە.”

بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، لانیکەم 10 کەس لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا گیانیان سپاردووە، بەگوێرەی فاینانشیاڵ تایمز، بانکی ‘جی پی مۆرگان’ـی ئەمەریکا لە نامەیەکدا کە بۆ کڕیارەکانی ناردووە، ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئاگرەکانی کالیفۆرنیا بە نزیکەی 150 ملیار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە