بوومەلەرزەیەک سلێمانی هەژاند

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک سلێمانی هەژاند و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان دەڵێ: هێزی بوومەلەرزەکە 3.1 پلە و چەقەکەشی دەڤەری بەرزنجە بووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند، دوا ئەمڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر  2:39:50 چرکە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 3,1  بە پێوەری رێختەر، بە قولی 12 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی تۆمار کرا، کە چەقی بومەلەرزەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بووە لە ناوچەی  پوشێن لە دەڤەری بەرزنجە .

هەروەها دەستەی گشتیی پێشبینی کەشوهەوا و چاودێری بوومەلەرزەی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، بوومەلەرزەیەک بە هێزی 3.1 پلەی ڕێختەر، کاتژمێر 02:40 خولەکی دوا نێوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025، شاری سلێمانی هەژاند.

دەستەکە ئاماژەیداوە، بوومەلەرزەکە بە دووری 15 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی دروست بووە و دانیشتوانی سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری هەستیان پێیکردووە، بەڵام هیچ زەرە و زیانێک تۆمار نەکراوە.

هەروەها شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە هێزی 4.3  پلەی ڕێختەر، کە چەقی بوومەلەرزەکە دەریاچەی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، کاریگەرییەکەی گەیشتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانیشتووانی سۆران هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردبووە.