چلەی ماتەمینی نووسەر و هونەرمەندی دیاری هەولێر و کوردستان “زاهیر عەبدوڵڵا” بەڕێوەچوو

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.1.9، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2 و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16 و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەر و هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و ژمارەیەکی دیکە لە هونەرمەندان و هونەردۆستان و هاوڕێ و هەڤاڵانى و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر مەراسیمی چلەی ماتەمینی هونەرمەند و نووسەر ( زاهیر عەبدوڵڵا ) بەڕێوەچوو، کە لەلایەن لقى هەولێرى سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەهەماهەنگی پارێزگای هەولێر و ناوەندی هـونەری زەنێ ڕێکخرابوو.

لە مەراسیمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندى کۆچکردووی لە نێوەندی هونەرى شانۆ و دراماى کوردی بەرز نرخاند، هەروەها ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى پێشکەشى کرد بە شانازیی بۆ گەلەکەمان و شارى هەولێر لە قەڵەمیدا، کۆچى دوایى زاهیر عەبدوڵڵاشى وەک هونەرمەندێکی قەدرگران و ناوداری شاری هەولێر و کوردستان بەگشتی بەخەسارەتێکى گەورە لە نێوەندى هونەر و ڕۆشنبیرى کوردى وەسفکرد.

جێگەى باسە، خوالێخووشبوو”زاهیر عەبدوڵڵا خدر” لە ساڵی 1958 لە گەڕەکى تەیراوەى شارى هەولێر لە دایک بووە و زیاتر لە 50 ساڵ سەرقاڵی كاری شانۆیی و دراما بوو، دوای تووشبوونى بە نەخۆشی شێرپەنجە لە سەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە 2024.6.27 ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا، بەڵام بەداخەوە بەهۆى سەختى نەخۆشیەکەى لە 2024.11.23 و لە تەمەنی 66 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی لە گۆڕستانی كەسنەزان لە دەوروبەری هەولێر بەخاكسپێردرا.