ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/1/2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەشێك لە كۆمپانیا ناوخۆییەكان تایبەت بە پرۆژەی ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی نێو شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەر یەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئامادەی بوون، باشتركردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی گەورەوە گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
پرۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی هەولێر، یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر لەگەڵ تۆڕەکانی ناوشاری هەولێر و بۆ مەبەستی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەی گەیاندن و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.