ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەزار و 754 کەسی لە سێدارە داوە.
سێشەمە 7ی کانوونی دووەمی 2025، ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی “ساڵی ڕابردوو، ئێران 901 کەسی لەسێدارە داوە، کە 31یان ئافرەت بوونە.”
ڤۆلکەر تورک ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو 31 ئافرەتەی بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکانیان لە سێدارە دراون، چونکە کە بەزۆر بە شوو درابوون.”
کۆمسیاری باڵای ڕێكخراوەی مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەش کرد، “زۆربەی سزادراوەکانی دیکە بە تاوانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی 2022 لە سێدارە دراون.”
تورک ئاماژەی بەوەش داوە، “لە ساڵی 2023، ئێران 853 کەسی لەسێدارە داوە، هەروەها بەرزترین ژمارەی لە سێدارە دانیش بۆ ساڵی 2015 دەگەرێتەوە کە 972 بوون”.