گەر خوا ئاومان لێ بگرێتەوە، كێیە دەیبەخشێت؟!

عومەر چنگیانی
پشتیوان بە خوای بێهاوتا و تاكوتەنیا، بە گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان، كە ژمارە چوارسەدودووەمین و، یەكەم خەلەكی گوڵخەرمانی 2025مانە، بەو هیوایەی ساڵی نوێیش هێندەی تەمەن هەبێ و توانا هەبێ و ڕێمان پێ بدرێت، بەردەوام بین لە خزمەتتاندا بۆ لێكدانەوەی ئایەتەكانی قورئانی پڕ لە بەخشش.
بە ئەركی سەرشانیشی دەزانم لە نوسینی ئەمڕۆم و، لەم كاتەدا كە كوردستان و ناوچەكە لە بێبارانیدا دەژین، لێكدانەوەی چەند ئایەتێكی سوورەتی مولك بكەمە توێشووی نووسینەكەمان؛ لە ئایەتی 29دا دەفەرمێت: “ئەو خوایەی كە هەموو شتەكانی بە دەستە، ئەو خوایەسە كە میهرەبانییەكانی بێسنوورە و ئێمە بڕوامان پێ هێناوە، پشتمان هەر بەوەوە داوە و هەر ئەویشمان كردۆتە پشت و پەنای خۆمان، خۆ ئەگەر هێشتا ئێوە لە گومان دان، لەمەولا تێدەگەن و پێدەزانن و لەوە تێدەگەن كێییە كە لە گومڕایی و سەرلێشواویدایە!”
لە بەشە”بەدیع”ـە كەی نێو زانستی ڕەوانبێژی “بلاغە”ی زمانی عەرەبیدا، وردەكارییەك هەیە پێی دەگوترێت”لەفونەشری مورەتەب، یان موشەوەش” و لە زمانی كوردییشدا هەیە، كە كۆمەڵێك “ئیسم” پاشان “سیفەتەكان”یان بەرانبەری یەك لە دوای یەك، یان بە شێوێنراوی دێت، لە ئایەتی پێشوودا كە باسی لە پێنەزانینی بێبڕوایان كرد، لێرەدا باس لە بڕوادارن دەكات، وەكچۆن بە وردەكارییەكی پڕ لە جوانكاری زمانەوانییەوە جارێك فیعلەكە دێنی”آ‌منا” و پاشان مەفعولەكە ”به” دێنێ، جارێكیش مەفعولەكە “علیه” پێش دەخات و پاشان فیعلەكە ”توكلنا” دێنێ! بۆ بە بەڵگەی تایبەتمەندیكردن و تایبەتكردنی سیفەتەكە بەخوا و بەس.
“كۆتاییهێنان بە سوورەتی مولك بە پرسیارێك كۆتایی پێ دێنێ كە بە ڕواڵەت ئاسانە و خواگیان فەرمان دەدات بە پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر و، پێی دەفەرمێت:
“لێیان بپرسە، باشە بێتو هەرچی بیر و ئاوتانە، ڕۆ بچێ، كێ ئاوی سازگارتان پێ دەدات؟”
“غەور” ڕۆچوون بە ناخی زەویدا؛ لە نێو شاری مەككەی پڕ لە فەڕدا، عەرەب لەو چاخ و سەردەمەدا بۆ دابینكردنی ئاوی سازگار، پشتیان بە دوو سەرچاوە بەستبوو، “بیرەکەی مەیموونی كوڕی حەزرەمی”. و “بیری زەمزەم” ئەوەی كە خوا بەخشیە هاجەرەخانی دایكی ئیسماعیل (س)، تا ئێستایش بەردەوامە.
ئاوەكان هەردووكیان ئاسان “مەعین” بوون. “غائیر” بە ناخا ڕۆچوو بە شێوەیەكی وەها كە چەند پەتی دۆڵچەكانتان درێژ بكەن نەگاتە ئاو.
جا بەبێ ئەوەی وەڵامەكە بداتەوە، تا تۆ بزانێ یەك وەڵام هەیە و بەس ئەویش ئەوەیە كە بڵێی “اللە”یە كە هەرگیز بێ ئاومان ناكات ”1 و2”.

پەراوێز:
(١) لە لێكدانەوەی ئەم دوو ئایەتەدا سوودێكی زۆرم كرد لە زانای گەورە “یاسین ڕوشدی 1932 ـ 2010” كە وەك لە ویكیپیدیایشدا هاتووە یەكێك بووە لە گەورە زانایانی میسر.
(٢) کاتی خۆی ئەم بەشەی كۆتايی لێكدانەوەمان بۆ سورەتی “مولك“ لە لاپەڕە “19”ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2516 سێشەممە 27ـی ديسەمبەری 2016 بڵاو كراوەتەوە.