ئەو كەسەی ئەمڕۆ لە هەولێر دوو پۆلیسی بریندار كردبوو دەستگیر كرا

پۆلیسی هەولێر ئەو كەسەی دەستگیر كرد كە ئەمڕۆ دووشەممە تەقەی كردبوو و دوو پۆلیسی بریندار كردبوو.

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: دوای ئەوەی تۆمەتبارێک بە ناوی (ت. ر. ت) کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، دەچێتە ناو فەرمانگەی کارتی نیشتمانی، تیمەکانمان ئاگادار دەکرێنەوە و دەستبەجێ دەگەنە شوێنی مەبەست و تۆمەتبار دەستگیر دەکەن.

راشیگەیاند: دواتر لە گۆڕەپانی بەردەم بنکەی پۆلیس، تۆمەتبارێکی تر بەناوی (ک. ت. ر) کە کوڕی تۆمەتباری سەرەوەیە، تەقە دەکات و لە ئەنجامدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار دەبن.

هەروەها رایگەیاند: ئێستا هەردوو تۆمەتبارەكە دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

پۆلیسی هەولێر جەختیشی كردەوە كە هەر کەسێک هەوڵی نانەوەی پشێوی بدات، لەدەست یاسا دەربازی نابێت و دەستگیر دەکرێت