پێنووسێکی پاراو بۆ زمانێکی غەدرلێکراو

هۆمەر نۆریاوی
(فەتاح ئەمیری لە یادگەی مندا)
ئەو بزاوتەی دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران (1979ی زایینی) بۆ نووسین بە زمانی دایک دەکەوێتە ڕێ، ئەمجارە لە چاو ڕابردوو بە شێوازێکی بەرفرەوانتر و زۆر خێراتر هەر هەموو شار و شارۆچکە و گوند و لادێیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە و گۆمە مەنگەکە دە هێندە دەشڵەقێنێت. هەوڵەکان وەک هەمیشە سەرەتا ڕووی لە تاکی خەمخۆری چاند و زمانی کوردی دەبێت و پێشڕەوکان دێنە نێو مەیدانەکە و گوڕوتینێکی تایبەت بە بزاوتەکە دەبەخشن.
یەک لەو سیما و کەسایەتییە ناوئاشنا و زمانپاراوانەیش “فەتاح ئەمیری”یە کە لە ڕێی دنیای بەرینی ڕۆمانەوە پێ دەنێتە نێو مەیدانەکە و پێنووسەکەی دەخاتە خزمەت بڵاوکردنەوە، گەشەبەخشین و پێشخستنی زمانی دەوڵەمەندی کوردی. سەرەتا ساڵی 1990 ڕۆمانی “هاوارەبەرە” وەک نۆبەرە، لە لایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەیوبی لە ورمێ بڵاو دەکاتەوە کە زۆر زوو جێی خۆی لە دڵاندا دەکاتەوە و خوێنەرێکی فرە دەدۆزێتەوە. نووسەر ئەوەندە بە کوردییەکی سادە و ساکار و پاراو و زەنگین دەنووسێت کە بە هەزاران وشە و دەستەواژەی نوێی سەرزاران دەخاتە خزمەت زمانی نووسین.
لە لای فەتاح ئەمیری، زمانی گوند (شێوەئاخاوتنی گوندییانە) ئەوەندە پاراوە کە ڕۆمانەکانی دەستپێک بەو شێوازە دەنووسێت.
فەتاح ئەمیری لە وتووێژێک دەگەڵ گۆڤاری سروە هەر سەبارەت بەم پرسە گرینگە دەڵێ: “بۆ لاوەکانیش، من پێم وایە دەبێ زمانی ڕەسەن لە گوندەکاندا بدۆزنەوە و لە وشەداتاشین خۆ بپارێزن”. (گۆڤاری سروە، مارف ئاغایی، ل23) ئەم پرسە یادەوەرییەکی هەرە شیرینی سەردەمی دامەزرانی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغا (1970)م لە لا زیندوو دەکاتەوە کە بڕیار دەدرێت بۆ کۆکردنەوەی خەرمانەیەک وشە و دەستەواژەی پاراو و ڕەسەنی کوردی، دەستە و گرووپێکی تایبەت ڕەوانەی گوند و لادێیەکانی کوردستان بکرێت و بەری ئەو گەڕانەیش دواتر لە بەرگێکی زانستییانەدا بخرێتەوە خزمەت زمانی نووسین. لێرەوە پەی بە دەوڵەمەندبوونی ئەم شێوەئاخاوتنە دەبەین کە گەر بکەوێتە دەست لێزان، خەمخۆر و دڵسۆزی خۆی، دەتوانێت و دەزانێت چلۆن زمانی کوردی سەد هێندە پێ زەنگینتر بکات کە پڕ ڕوونە ئەم گرینگەیش لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە و فەتاح ئەمیرییەکانی گەرەکە تا پێنووسەکە بەدەستەوە بگرن. هەر لەم ڕێگەیەوە فەتاح ئەمیری هەزاران وشە و دەستەواژە و ئیدیۆم بۆ نێو ڕۆمانەکانی دەگوێزێتەوە کە دواتر دەبنە فەرهەنگۆکێکی دەوڵەمەند بۆ زمانی کوردی. توانا و دەستەڵاتە باڵاکەی ئەم ڕۆماننووسە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم شارا زەنگینە لە وشەی گوندییانە دەخاتە خزمەت زمانی نووسین.
خاڵێکی باڵکێشی دی سەبارەت بە فەتاح ئەمیری ئەوەیە کە ئەم ڕۆماننووسە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤاری سروە کە ساڵی 1364ی هه‌تاوی (1985ی زایینی) لەسەر دەستی شاعیر و ڕووناکبیری ناسراو “هێمن موکریانی”(1988-1920) دەردەچێت، پێ دەنێتە نێو بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی و دواتر لەم گۆڤارە بەپێزەدا دەوری کارا دەبینێت و گۆشەی “سروەی ئازیز” دەنووسێت. ئەم نووسەرە هەر نۆبەرەکەیشی (هاوارەبەرە) لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەیوبی لە ورمێ چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
قۆناخێکی تری ژیانی ئەم کەسایەتییە کوردە ڕووی لە ئەنجوومەنی ئەدەبیی بۆکانە کە دواتر دەبێتە دەنگ و سیمایەکی ناودیاری نێو ئەنجوومەنەکە و لەو سەنگەرەوە درێژە بە ڕاژە و خزمەتەکەی بە سامانی فەرهەنگیی کورد دەدات.
ڕەهەندێکی دیکەی پەرۆشەکەی ئەم نووسەرە ڕووی لە پاراستن و خزمەتکردنی زمانی پاکژی کوردییە. ڕاستە لەبەر غەدرێکی دیرۆکی بەرانبەر زمانی کوردی کە سەرچاوە و هۆکارەکەیشی بۆ زاڵبوونی زمانی سەردەست دەگەڕێتەوە، هەرگیز وەک پێویست ئەو مۆڵەت و دەرەتان و دەرفەتە بەم زمانە نەدراوە بە فەرمی پێ بنێتە نێو کایەکانی ژیانەوە بەڵام لە بن سێبەری سەدان خەباتکار و ڕۆڵەی ئەمەکناسی کورددا ئەم زمانە هەر درێژەی بە سەلماندنی بوونی خۆی داوە و بەم هەموو غەدرە دیرۆکییەیشەوە تا دێت زێتر بوونی خۆی لە نێو زمانە زیندووەکانی دنیادا دەسەلمێنێت و هەنووکەیش بەرەو قۆناخی بەزانستیبوون مل دەنێت کە لێرەوە ئەرکەکە پڕ گرانتر دەبێت و پێویستە زانستوەری کورد بەدەستوبرد بێتە نێو مەیدانەکەوە کە بەختەوەرانە گەلێک هەنگاوی بڵندیش لەم پێوەندییەدا هەڵگیردراوە. لە ڕۆژ ڕوونترە کە بڕینی ئەم ڕێگە پڕ هەوراز و نشێو و دوور و درێژەیش لە سای سەدان ڕێبواری خەمخۆری وەک “فەتاح ئەمیری” یەوە مەیسەر بووە. هەر بۆیە ئەم ڕۆماننووسە پێی وایە یەک لە کۆسپەکانی بەردەم نووسینی پاراوی کوردی ئەوەیە کە “زۆر کەس وەک فارس و عەرەب بیر دەکاتەوە و بە کوردی دەنووسێت کە ئەوە نابێ”. لە ڕاستیدا هەر ئەم پەتایە ئێستاکە بەرۆکی زمانی کوردی گرتووە و پێویستە بە هەموومانەوە کار بۆ دەربازبوون لەم قۆناخە ئاڵۆسکاوە بکەین. دیارە یەک لە هۆ و هەگەرە سەرەکییەکانی ئەم پەتا کوشندەیەیش ڕووی لە خەمساردیی خوێندەواری کورد خاسما توێژی زانستوەرە کە ئەوەندە لە نێو زمانەکانی دیکەدا (بەتایبەت زمانی سەردەست) نغرۆ بووە، زمانە دەوڵەمەندەکەی خۆی لە لا نزم و نەوی دێتە بەرچاو. هەر هەمان ئارێشە کە ڕۆماننووس و ڕووناکبیری کورد، فەتاح ئەمیری ئاماژەی پێ دەدات.
وەک خودی خۆم (نووسەری ئەم دێڕانە) ڕاستیت گەرەکە زۆر پێش ئەوەی لە نزیکەوە فەتاح ئەمیری ببینم، لەڕێی نووسینەکانییەوە دەمناسی و ئاشنا بە قەڵەم و خامە پاراوە کوردییەکەی بووم. لە ناوەڕاستی شەستەکانی هەتاوی (ناوەڕاستی هەشتاکانی زایینی) خوێندکاری زانستگەی تاران بووم. سروە و ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی (پەخشکاری سەلاحەدین ئەیوبی) هاتبوونە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە. هۆگرێکی هەرەقەتی سروە و بەرهەمەکانی ئەم ناوەندە بووم. هەر لەو ڕۆچنەیەوە بە پێنووسی فەتاح ئەمیری ئاشنا بووم کە گۆشەیەکی لە سروەدا (سروەی ئازیز) بۆ خۆ کردبووەوە و بەری خامەکەی بۆ خوێنەر و بەردەنگ دەگوێزتەوە. بەڵام دواتر و بۆ جاری یەکەم لە کۆڕه‌یاده‌که‌ی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1374ی هه‌تاوی (1995) کە بۆ ڕێزنان له‌ که‌سایه‌تی مامۆستا “عەبباس حه‌قیقی” (1997-1902) شاعیر لە شاری بۆکان، بەڕێوە چوو، چاوم بە فەتاح ئەمیری کەوت کە ئەندامێکی کارای دەستەی بەڕێوەبەر بوو. من دەگەڵ دوو هاوڕێی هێژام بە ناوەکانی برایم بەریاجی (شاعیر و میدیاکار) و هاوژینەکەی سوورەییا مەولانی (میدیاکار) بانگهێشتی ئەو کۆڕەیادە کرابووین و لە تارانەوە ڕوومان لە بۆکان نا کە سەفەر و گەشتەکەمان چەند یادەوەری سەیر و جیاوازی لێ دروست بوو کە نووسین و گێڕانەوەی با بمێنێت بۆ کات و وەختی خۆی. من لەسەر شیعرێکی مامۆستا حەقیقی بابەتێکم ناردبوو کە دیارە وەرگیرابوو و بابەتەکە بە قسەی خودی بەڕێوەبەران بە یەکەم ناودێر کرابوو. یەک لەو سیما نازەنینانە بەوپەڕی میهرەبانییەوە ئامێزی لە ڕوو کردینەوە، فەتاح ئەمیری بوو. یادەوەری ئەو ڕووداوە فەرهەنگییە هەر هەمیشە لە خەیاڵدانمدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەرچی کۆچی دواییی فەتاح ئەمیری بە خەسارێکی گەورە بۆ ئەدەبی کوردی دادەنرێت بەڵام ئەوەندە وشەی ڕەنگاڵەیی بۆ زمانەکەی بەجێ هێشتووە کە هەر ساتە و ڕوو لە بەرهەمێکی بکەیت، سەدان پەیڤی نازەنینی کوردییت بەدەستەوە دێت و گەلێک کەلێنت بۆ پڕ دەکاتەوە کە هەر ئەوەندەیش بەسە بۆ گەورەیی ئەم نووسەرە کوردە.
جێی ئاماژەپێدانە فەتاح ئەمیری، ساڵی 1325ی هەتاوی (1946) لە گوندی “مەنیچەر”ی محاڵی “ئاختاچی” سەر بە شاری بۆکان چاوی لە ڕووی ژیان هەڵدێنێت و ڕۆژی 21ی دێسەمبەری 2024 (1ی بەفرانباری 2724)یش لە تەمەنی 78 ساڵیدا بۆکان بۆ هەمیشە دەبێتە دواهەواری و خاکی ئەوێندەرێ بۆ لەمەوبەدوا دەبێتە نزرگەی ئاشقانی ئەدەبی کوردی و لە تەنیشت گۆڕە پیرۆزەکەی مامۆستا “عەبباس حەقیقی” دا بە خاکی نیشتمان دەسپێردرێت.
ئەم ڕۆماننووسە بەدرێژایی ساڵانی تەمەن ئەم بەرهەمانەی بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە: ڕۆمانی “هاوارەبەرە”، ساڵی 1990، ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەیوبی لە ورمێ، ڕۆمانی میرزا 1993، چاپەمەنیی خانی، ڕۆمانی زیندەخەو، دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس، 2003، هەولێر، گێژەڵووکە (بەرگی یەکەم) و خەم و خەیاڵ (بەرگی دووەم)، پەخشکاری ئامیار، چاپی یەکەم،1400ی هەتاوی.
ژێدەر:
• وتووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ ڕۆماننووسی کورد فەتاح ئەمیری، ڕەزبەری 1394ی هەتاوی
• فەتاح ئەمیری لە گێڕانەوەی ڕیاڵەوە تا خوڵقاندنی کەشی جادوویی، ماڵپەڕی کوردشۆپ
• “شه‌ونم”*ی نێو وێژه‌ی کوردی، نووسین و توێژینه‌وه‌، هۆمه‌ر نۆریاوی، ژماره‌ 4ی گۆڤاری “ڕێزان”، ڕه‌شه‌ممه‌ی 1393ی هه‌تاوی، ڕووپه‌ڕه‌کانی 14 تا 18
* شەونم، ناوی به‌رهه‌مێکی مامۆستا “عه‌بباس حه‌قیقی”یه‌‌.
• گۆڤاری فەرهەنگی‌ئەدەبیی سروە، ساڵی هەشتەم، خەرمانانی 1371ی هەتاوی و چەندان سەرچاوەی دی.