توركیا چاوەڕێی ترامپە تا یەپەگە لە سووریا نەهێڵن

توركیا لە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هیچ ئەنجامێكی نەبوو تا ئەمریكا هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە و لەرێگەی هێزی میللی سووریا یەپەگە لەناو ببەن، بۆیە چاوەڕێیە لە ٢٠ی١ی٢٠٢٥دا، دۆناڵد ترامپ ببێتە سەرۆك و ئەوكات بڕوای پێبهێنێت كە هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا بكشێنێتەوە.

لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ترامپدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، توانی بڕوا بە ترامپ بهێنێت، كە هێزەكانی لە عەفرین و دەورووبەری بكشێنێتەوە، بۆ ئەوەی بەتەواوی یەپەگە لە سووریا لەناو ببات، بەڵام دوای فشارێكی زۆری كۆنگرێس و هەروەها دەستلەكاركێشانەوەی (‪جێمس‬ بیتس) وەزیری بەرگری ئەمریكا، ترامپ لە بڕیارەكەی پەشیمان بووەوە، بۆیە ئەردۆغان، دەیەوێت لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی ترامپدا، هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە.
عەومەر تاشپنار، شارەزا لە سیاسەتی نێودەڵەتیی، پێیوایە ئەردۆغان چاوەڕێیە، ترامپ ببێتە سەرۆكی ئەمریكا و ئیدی لەگەڵی دابنیشێت و باس لە ئاییندەی یەپەگە بكەن لە سووریا.
تاشپنار، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی (T24)ی توركی دەڵێت: ”ئەمریكا بەهانەی ئەوەی هەیە، ئەگەر پشت لە یەپەگە بكەن، مەترسی هەیە گروپی تیرۆرستی داعش سەرهەڵبداتەوە، بۆیە ئەردۆغان پێی دەڵێت، لەبری یەپەگە، ئێمە وەكوو توركیا ئامادەین شەڕی داعش بكەین، واتە هێزەكانی ئەمریكا با بكشێنەوە و ئەوانیش یەپەگە لەناو ببەن، ئەوكات ئەگەر مەترسی دروستبوونی داعش هەبوو، دەتوانن لەرێگەی سوپای میللی سووریا و تەحریر شام، داعش لەناو ببەن.“
لەئێستاوە، چەند كۆنگرێسمانێكی ئەمریكی، پرۆژەیاسایەكیان ئامادە كردووە دژی توركیا، بەوەی ئەگەر پەلاماری كورد بدات لە سووریا، پێویستە ئەمریكا سزای ئابووری توركیا بدات، ئەوان دەڵێن ئەخلاقییەن بۆ ئەمریكا جوان نییە، پشت لە هێزێك بكات، كە شەڕی داعشی كردووە، بۆیە ترامپ، لەژێر فشارێكی زۆری كۆنگرێسدایە و ئەستەمە بتوانێت بەتەنیا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بدات.
تاشپنار پێیوایە، ترامپ ئابوورییانە بیر دەكاتەوە، دەیەوێت هیچ پارەیەكی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چەند گروپ و دەوڵەتێك خەرج نەكات، چەندین جاریش گوتوویەتی، ئەمریكا پۆلیسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بۆیە رەنگە پێیوابێت ئەگەر توركیا مەترسی داعش نەهێڵێت، بۆچی ئەمریكا پارە لە سووریا خەرج بكات، بەڵام بۆ ئەمەشیان دەبێت بزانرێت ئەو كەسانەی پۆستی باڵایان دەبێت لە ئیدارەكەی، چۆن دەڕواننە پرسی كورد لە سووریا؟
وەكوو ئەوەی شرۆڤەكارانی سیاسی باسی دەكەن، ئاسان نییە پشت لە كورد بكرێت لە سووریا، چونكە شەڕێكی گەورەی ناوەخۆیی دروست دەبێت، رەنگە ئەو شەڕە زۆر گاریگەریی خراپی لەسەر حكوومەتی كاتی سووریا ببێت و لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، چونكە رەنگە چەندین هێزی تر خۆیان لە سووریا شاردبێتەوە و بەهۆی ئەو شەڕەوە سەرهەڵبدەن، بۆیە پێویستە كورد لە داهاتووی سووریادا مافی بدرێتێ.
ئەحمەد داودئۆغڵو، لە تازەترین دیمانەیدا ئاماژەی دا، دەبێت توركیا زیرەكانە كارتی فشاری كورد لە سووریا لە دەستی ئیسرائیل دەربهێنێت، واتە ئاساییە فیدراڵی بدرێتە كورد و ئەمە نابێتە مەترسی بۆ سەر توركیا.
بەڵام داودئۆغڵو پێی وایە، نابێت پەكەكە و یەپەگە بوونیان هەبێت، بەڵكوو هێزێكی كوردی گوزارشت لە كوردی سووریا بكات.