گۆڕێکی بە کۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە سەماوە دۆزرایەوە

لە ناوچەی “تل شەیخە” لە بیابانەکانی سەماوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە ڕووفاتەکانی ناوی کوردن و یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و 23 گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی له‌ بیابانه‌كانی سەماوە دۆزراونه‌ته‌وه‌.

موهه‌نه‌د ئه‌لعیتابی، پارێزگاری موسه‌ننا له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ‌ وه‌سفی ئه‌و دڕندایه‌تییه‌ و دیمه‌نه‌ تراژیدیاكانی ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌دا کرد و گوتی: “دیمه‌نه‌كان زۆر تراژیدین. كه‌لـلـه‌سه‌ری منداڵێك به‌ پێوانه‌ی ده‌ستی من ددانێكی وه‌ك مرواری بچووكتر بە پووکەوە. كچێكی منداڵ ئاوێنه‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ سه‌یری جوانییه‌ئاوێته‌ بە جوانییەکەی كوردستانی کردووە. به‌ساڵاچوویه‌ك بە هەندێک دەرمانەوە كه‌ پێ ده‌چێت نه‌خۆشی درێژخایه‌نی هەبوو بێت، منداڵێكی بچووك قه‌ڵمتراشێكی به‌ده‌ستییه‌وه‌یه‌، ئافره‌تێك به‌ جزدانێك و بڕێک ده‌رهه‌مه‌وه‌، نیشانده‌ری ئه‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تی به‌عسییه‌كانه‌ له ‌قووڵایی بیابانه‌كاندا.”

گۆڕە بەکۆمەڵەکە، ئێسکوپروسکی 150 ئافره‌ت و منداڵی کوردی تێدایە و به‌ر له‌ شاردنەوەیان گوللـەباران کراون. تیمێكی هاوبه‌شی ته‌كنیكی، كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌یان ده‌كات، داواش له‌ حكوومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ن، له‌ڕووی ماددی و لۆجستییه‌وه‌ هاوكارییان بكات.

د. عەلا جه‌میل شه‌ممه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌هیدانی موسه‌ننا  ڕاگەیاند: “ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ڕووفاتی تێدایه‌، له‌ ناویاندا ئافره‌ت و منداڵ و پیر و گه‌نج هه‌ن، ئه‌مه‌ش گه‌واهیده‌رێكی دیكه‌ی دڕندایه‌تیی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوه‌. تیمه‌كانمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رده‌وام کار دەکەن، به‌ڵام پێویسته‌ حكوومه‌ت له‌ڕووی ماددی و لۆجستییه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان هاوكاریمان بكات.”

زرغام كامل عه‌بدولمه‌جید، سه‌رۆكی تیمی ته‌كنیكیی كنه‌ و پشكنینی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ گوت: “تیمه‌ تایبه‌ته‌كانمان له‌ دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان و فه‌رمانگه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و پزیشكی دادی به‌غدا ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ هەڵدانەوەی یه‌كێك له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان كردووه‌، كه‌ له‌ پارێزگای سه‌ماوه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌. ئێستاش ڕوفاته‌كان ده‌ركه‌وتوون و دواتر هه‌ڵده‌گیرێنه‌وه‌ و له‌ به‌غدا سامپڵه‌كانیان بۆ ناسینه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان وه‌رده‌گیرێن، ئه‌وه‌ی تا ئێستە لێی دڵنیا بووینه‌ته‌وه‌، له‌و گۆڕه‌دا ئافره‌ت و منداڵی تێدایه‌ و به‌ نه‌ته‌وه‌ كوردن و له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال، له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه‌ كۆمه‌ڵكوژ كراون.”

تا ئێستا، 23 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی تایبه‌ت به‌ كوردان له‌ بیابانه‌كانی پارێزگای سه‌ماوه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و 16ـیان هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌، وێڕای گه‌وره‌یی و دڕندەیی ئه‌و تاوانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كورد و داواكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانیان، به‌ڵام هێشتا حكوومه‌تی به‌غدا كه‌ به‌ میراتگری ڕژێمی پێشوو داده‌نرێت، هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ ساڕێژكردنی به‌شێكی كه‌م له‌و برینه‌ گه‌وره‌یه‌.