لەسەر داهاتی وەزارەتی ناوخۆ 50 ئۆتۆمبیل بەسەر بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان دابەش کرا

لە مەراسیمێکدا 50 ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوەی بچووک بەسەر هەموو بەرێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان، دابەش کرا.

دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لە چوارچێوەی بایەخپێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە  پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لەسەر داهاتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، 50 ئۆتۆمبیلی ئاگر کوژێنەوەی بچووکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێم، دابین کرد.”

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: “تێچووی کڕینی ئەو ئۆتۆمبیلانە نزیکەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دیناری عێراقییە، لەسەر داهاتی وەزارەتی ناوخۆ ئۆتۆمبیلەکان کڕدراون، دواتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیداتەوە بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ پەرەپێدانی ئەو پرۆژانەی کە بۆ وەزارەت دابین کراون.”

هێمن میرانی دەشڵێت: “ڕێگریی لە ئاگر گرنگترە لە بەرەنگار بوونەوەی، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین خۆیان لە ئاگر بپارێزن.”