هاوپەیمانی فەتح: حەشدی شەعبی هەڵناوەشێتەوە

هاوپەیمانی فەتح ڕایدەگەیەنێت، هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی خەونە و بەدی نایەت.

عەلی فەتلاوی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی خەونی دوژمنانی عێراقە و هەرگیز بەدی نایەت.”

ئەو سەرکردەیەی فەتح باسی لەوەش کردووە؛ هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی سەرەنجام شکست دەهێنێت، چونکە عێراق ناتوانێت واز لە حەشدی شەعبی بهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوەداوە “سەرباری گوشارە نێودەوڵەتییەکان، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان ڕەتی کردووتەوە فەتوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بدات.”

پێشتر، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، جەختی لەسەر پابەندبوون بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق کردووەتەوە و گوتوویەتی: “دەستەی حەشدی شەعبی، دەستەیەكی فەرمیی دەوڵەتە و لەژێر ڕێنمایی و فەرمانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراقدایە.”

لە سەرەتای ساڵی 2012 لە عێراق چەندان گرووپی چەکداری هەن و چالاكن.